تەوەرە سەرەکییەکانی گفتوگۆ نێوان جێگری سەرۆک‌وەزیرانی هەرێمی کوردستان و وەزیری دەرەوەی ئەڵمانیا ئاشکرا کران

بەشی عێراق و هەرێمی کوردستان- قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆکوەزیران لە هەولێر پێشوازی لە ئەنالینا بێربۆک وەزیری دەرەوەی ئەڵمانیا کرد و لە کۆبوونەوەی نێوانیاندا لەسەر کێشە ناوخۆییەکان و پەیوەندییەکانی نێوان هەولێر و بەغدا و پەیوەندییەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و ئەڵمانیا گفتوگۆ کرا.

بەپێی هەواڵی کوردپرێس، لە کۆبوونەوەکەدا کە رۆژی 8 مارسی 2023 بەڕێوەچوو و تیایدا دەرباز کۆسرەت رەسوڵ کارگێڕی مەکتەبی سیاسی یەکێتی و دابان شەدەڵە جێگری سەرۆکی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی هەرێم ئامادەی بوون، جێگری سەرۆک وەزیران پشتگیری خۆی بۆ حکوومەتەکەی سوودانی دووپات کردەوە و هیوای خواست حکوومەتی نوێی عراق بتوانێت پڕۆژە یاسای بوودجە و پڕۆژە یاسای نەوت و گاز بەجۆرێک ئامادە بکات کە لە بەرژەوەندی هەموو عێراقدا بێت.

لە تەوەرێکی دیکەی کۆبوونەوەکەدا تاوتوێی دۆخی سیاسی ناوخۆی هەرێمی کوردستان کرا و هەردوولا هاوڕابوون دەبێت ناکۆکییە سیاسییەکان لەڕێگەی گفتوگۆوە چارەسەر بکرێن. لەمبارەیەوە وەزیری دەرەوەی ئەڵمانیا رایگەیاند: "حکوومەتی ئەڵمانیا پشتیوانی لە هەرێمی کوردستانی یەکدەنگ و یەکگرتوو دەکات، هەربۆیە پێویستە ناکۆکییە ناوخۆییەکان چارەسەر بکرێن".

سەبارەت بە پەیوەندییەکانی نیوان هەولێر و بەغداش، ئەنالینا بێربۆک جەختی کردەوە حکوومەتی ئەڵمانیا پشتگیری لە چارەسەرکردنی ناکۆکییەکانی نیوان هەولێر و بەغدا دەکات و پێویستە پەیوەندییەکی بەهێز و تۆکمە لەسەر بنەمای دەستوور لەنێوان هەردوو حکوومەتدا هەبێت بۆ ئەوەی ببێتە مایەی سەقامگیری ئەمنی و سیاسی و بووژانەوەی ئابووری لە هەموو عێراقدا.

لە بەشێکی دیکەی کۆبوونەوەکەدا باسی پەیوەندییەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و وڵاتی ئەڵمانیا کرا و لەم چوارچێوەیەدا قوباد تاڵەبانی سوپاسی ئەڵمانیای کرد کە لە ماوەی رابردوودا بە ناردنی پسپۆڕ و راوێژکار لە بوارە جیاوازەکاندا یارمەتی هەرێمیان داوە و هیواشی خواست ئەم هاوکارییانە بەردەوام بێت. جێگری سەرۆک وەزیران داواشی کرد حکوومەتی ئەڵمانیا هاوکاربێت لە بووژانەوەی ئابووری و رەخساندنی هەلی کار لە شار و شارۆچکەکانی هەرێمی کوردستان بۆ ئەوەی هەموو ناوچەکانی کوردستان بە شێوەی هاوسەنگ گەشە بکەن و بووژانەوەی ئابووری بەخۆوە ببینن.

لە کۆبوونەوەکەدا تاوتوێی دۆخی شەنگال کرا و لەمبارەیەشەوە قوباد تاڵەبانی ئاماژەی بەوەدا بۆ ئاسایی کردنەوەی دۆخی شەنگال و گەڕاندنەوەی ئاوارەکان بۆ زێدی خۆیان پێویستە بەر لە هەر شتێک گوێ لە خەڵکی شەنگال و داوکارییەکانیان بگیرێت. وتیشی شەنگال دۆخێکی هەستیاری هەیە و پێویستە لە جێبەجێ کردنی هەر پلان و بەرنامەیەکدا هەستیاری دۆخی ناوچەکە لەبەرچاو بگیرێت.

News Code 7823

Your Comment

You are replying to: .
captcha