کەمال کڵچدارئۆغڵو وەکوو پاڵێوراوی ئۆپۆزیسیۆن و ڕکابەری ئەردۆغان هەڵبژێردرا

کەمال کڵچدارئۆغڵو، سەرۆکی گشتیی جەهەپە دوای کۆبوونەوەی شەش پارتەکەی ئۆپۆزیسیۆن لە ئەنقەرە بۆ کاندیدی سەرۆکایەتی تورکیا و ڕکابەری رەجەب تەیب ئەردۆغان کاندیدی پارتی داد و گەشەپێدان (ئاکپارتی) دیاری کرا.

بەپێی هەواڵی کوردپرێس، دوای کۆبوونەوەیەک کە نزیکەی 5 کاژێری خایاند و لە بارەگای پارتی سەعادەت بەڕێوەچوو، هەریەک لە کەمال کڵچدارئۆغڵو، سەرۆکی جەهەپە؛ مەرال ئاکشەنەر، سەرۆکی ئیی پارتی؛ تەمەل کارامۆڵڵائۆغڵو، سەرۆکی پارتی سەعادەت؛ گولتەکین ئویساڵ، سەرۆکی پارتی دیموکرات؛ عەلی باباجان، سەرۆکی پارتی پێشکەوتن و دیموکراسی و ئەحمەد داودئۆغڵو، سەرۆکی پارتی ئایندە چوونە بەردەم جەماوەر و قسەیان کرد.

سەرەتا کارامۆڵڵائۆغڵو رایگەیاند، کەمال کڵچدارئۆغڵو بەربژێرە بۆ پۆستی سەرۆککۆماری تورکیا. دواتر کڵچدارئۆغڵو بە گوتەیەکی یونس ئەمرە، شاعیری نێوداری تورک دەستی بە گوتارەکەی کرد کە دەڵێت: ئەگەر خۆمان پەرتەوازە بکەین برسی دەمێنینەوە، بەڵام ئەگەر پەرتەوازەمان بکەن لەنێودەچین.

کڵچدارئۆغڵو جەختی لەسەر "ئاشتی و برایەتی" کردەوە و گوتی: "گەورەترین ئامانجان ئەوەیە تورکیا بەرەو بەرەکەت و خۆشی ئارامی ببەین."

سەرۆکی گشتیی جەهەپە گوتیشی: "ئێمە وەکوو هاوپەیمانیی میللەت، تورکیا بە راوێژ بەڕێوەدەبەین. وەکوو سەرۆکی گشتیی ئەو پارتانەی هاوپەیمانیی میللەت پێکدەهێنن، رێککەوتووین لەسەر قۆناخی گەڕانەوە بۆ سیستمی پەرلەمانیی بەهێزکراو".

کەمال کڵچدارئۆغڵو ڕاشیگەیاند: "یازدە بڕگە کە لە ژوورەوە رێککەوتنی لەسەر کرا، دواتر بە میدیاکان دەدرێت. بەڕێزان سەرۆکی گشتیی پارتەکانی هاوپەیمانیی میللەت دەبنە یاریدەدەری سەرۆککۆمار".

ناوبراو لە کۆتاییدا جەختی کردەوە: "دەرگای هاوپەیمانیی میللەت بۆ هەمیشە کراوەیە بۆ ئەوانەی بەشداری لە خەونی تورکیای هاوبەشمان دەکەن. باوەڕ، بیرکردنەوە، ئایدۆلۆژیا، بە بێ جیاکاری لە ناسنامە لە ناخی دڵەوە سڵاو لە 85 ملیۆن کەس دەکەین".

News Code 7808

Your Comment

You are replying to: .
captcha