گرنگترین ئاستەنگی بەردەم تەواو کردنی بودجەی ساڵی 2023ی عێراق دۆسیەی نەوتی هەرێمی کوردستانە

بەشی عێراق و هەرێمی کوردستان- پەڕلەمانتارێکی سەربە هاوپەیمانی فەتح ئاشکرای کرد دۆسیە هەڵپەسێردراوەکانی نێوان هەرێم‌ و بەغدا گرنگترین ئاستەنگەکانی بەردەم تەواو کردنی بودجەن لەلایەن حکوومەتەوە.

بەپێی هەواڵی کوردپرێس، سوهەیلە سوڵتانی پەڕلەمانتاری هاوپەیمانی فەتح لە لێدوانێکی ڕۆژنامەوانیدا دەڵێت: "کۆمەڵێک فایلی هەڵپەسێردراو هەیە پێویستە پێش‌ئەوەی بودجە ڕەوانەی په‌رله‌مان بکرێت ده‌بێت یەکلایی بکرێتەوە، لەوانە ئەوەی پەیوەندیی بەڕێژە و داهاتەکانی هەرێمی کوردستانەوە هەیە، بەوپێیەی پێویستی بە لێکتێگەیشتن ‌و یەکلاکردنه‌وه‌یە".

ناوبراو باسى له‌وه‌ش كرد، "دۆسییەکانی پەیوەست‌بە نەوت‌ و غاز پێیوستیان بەوە هەیە لەلایەن سەرجەم لایەنە سیاسییەکانەوە لەیەکتێگەیشتنی لەسەر بکرێت بۆئەوەی یەکلایی بکرێتەوە پێش‌ئەوەی بۆ دەنگدان لەسەری ڕەوانەی په‌رله‌مانى عێراق بکرێت".

ئەو پەڕلەمانتارە ئاماژەی بەوەکرد: "دۆسیەی داهاتەکان کە دەبێت لەلایەن حکوومەتی هەرێمی کوردستانەوە ڕادەستی حکوومەتی فیدراڵی بکرێت ئاستەنگی هەرە گەورەی بەردەم پەسەندکردنی بوودجەیە، بەتایبەت کە هەرێم ڕەتی‌دەکاتەوە ئەو داهاتانە ڕادەستی بەغدا بکات ‌و دەیەوێت ناکۆکییە سیاسییەکان بۆ بەدەستهێنانی زۆرترین داهات لەناو بودجەدا بقۆزێتەوە، لەکاتێکدا ئەو بەشە بەرکەوتەی ڕاستەقینەی هەرێم نییە".

ئەوەش لەکاتێکدایە چیای تەیمور پەڕلەمانتاری پارتی لە به‌غدا لە لێدوانێکی تەلەفزیۆنیدا راگەیاند، هەرێم ‌و بەغدا ڕێککەوتنێکی نیمچە کۆتاییان کردووە بۆ ئەوەی پشکی هەرێم لەناو بوودجەی فیدراڵی لەسەدا 14 جێگیر بکرێت.

هەروەک وتوویەتی: "دانوستانەکانی نێوان حکوومەتی فیدراڵی‌ و حکوومەتی هەرێم سەبارەت‌بە بودجەی ساڵی 2023 هەنگاوی گرنگی بڕیوە و لەدوا قۆناغیدایە و بەرەو ڕێککەوتنی کۆتایی دەڕوات".

News Code 7803

Your Comment

You are replying to: .
captcha