ئەگەر ئاشتیتان نەوێت خۆتان زەرەرمەند دەبن

بەشی عێراق و هەرێمی کوردستان- سه‌رۆکى یه‌کێتى نیشتمانى کوردستان په‌یامێکى ئاراسته‌ى پارتى دیموکراتى کوردستان کرد و ڕایگه‌یاند، "پارتى دیموکراتى کوردستان ئه‌گه‌ر ده‌تانه‌وێت ئاشتى به‌رقه‌رار بێت وه‌رن با پێکه‌وه‌ خزمه‌تى خه‌ڵک بکه‌ین ‌و چاره‌سه‌رى کێشه‌کان بکه‌ین".

بەپێی هەواڵی کوردپرێس، بافڵ تاڵه‌بانى سه‌رۆکى یه‌کێتى له ‌ساڵیادى ڕاپه‌ڕیندا له ‌ڕانیه‌وه‌ وتارێکى خوێنده‌وه‌ و له ‌ده‌ستپێکى وتاره‌که‌شیدا تاڵه‌بانى له ‌خه‌ڵکى ئاماده‌بووى مه‌راسیمه‌که‌ى پرسى: "ڕازین به‌م وه‌زعه‌؟ وه‌کوو پێویست پێشکه‌وتوین؟ ڕازین له ‌وه‌زعى کوردستان‌؟"، هه‌موو به‌ده‌نگێکى به‌رز وتیان نه‌خێر، تاڵه‌بانیش وتى: "یه‌کێتیش ڕازى نییه‌‌ و هاتووم ئه‌مڕۆ داواى لێبووردنتان لێ بکه‌م که‌ نه‌مانتوانیوه‌ خزمه‌تتان بکه‌ین".

ناوبراو وتیشى: ئێمه‌ له‌ یه‌کێتى کێشه‌ى ناوخۆییمان هه‌بووه‌، به‌ڵام ئه‌و قۆناغه‌مان تێپه‌ڕاند و ئێستا یه‌کێتى حزبێکى به‌هێزه‌ و له ‌ئاستى عێراق‌ و نێوده‌وڵه‌تیشدا په‌یوه‌ندییه‌کانى گه‌شه‌ى کردووه‌، سه‌ربارى نیگه‌رانیه‌کانیشم داوایه‌کم هه‌یه‌ له ‌هه‌مووان واز له ‌ده‌سته‌واژه‌ى زۆنى سه‌وز و زه‌رد بێنن، چوونکه‌ یه‌کێتى خاوه‌نى هه‌موو کوردستانه.

تاڵەبانی هۆشداری دا و ڕایگه‌یاند: "ئه‌توانین نه‌یاره‌کانمان پان بکه‌ینه‌وه‌ ئه‌وه‌نده‌ به‌هێزین، به‌ڵام ئێمه‌ نامانه‌وێت هه‌رێم دوو که‌رت بکه‌ین، بۆیه‌ به‌ پارتى ده‌ڵێم، وه‌رن با ئاشتى بپارێزین‌ و کێشه‌کانمان چاره‌سه‌ر بکه‌ین، ئه‌گه‌ر ئه‌وه‌تان ده‌تانه‌وێت ده‌ستمان درێژده‌که‌ین بۆتان‌ و دڵمان پاکه‌، ئه‌گه‌ر ئه‌مه‌شتان ناوێت، خۆتان زه‌ره‌ر ده‌که‌ن".

News Code 7796

Your Comment

You are replying to: .
captcha