بەپێی هەواڵی کوردپرێس، مەحما خەلیل، ئەندامی فراکسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی عێراق بە خەندان-ی راگەیاندووە: هەردوو شاندی حکوومەتی هەرێم و حکوومەتی فیدڕاڵ رێککەوتن لەسەر پشکی هەرێمی کوردستان لە پڕۆژەیاسای بوودجەی ساڵی 2023، هەروەها لەسەر پڕۆژەیاسای نەوت و گاز، پڕۆژەیاسای هەڵبژاردنەکان و ئەنجامدانی سەرژمێریش لە کۆتایی ئەمساڵدا لێکتێگەیشتن لەنێوان هەردوولادا دروست بووە.
ناوبراو ئاماژەی بەوەش کرد، چوارچێوەی هەماهەنگی پێداگرە لەسەر جێبەجێ کردنی ئەو لێکتێگەیشتنەی لەنێوان هەولێر و بەغدا کراوە، کە بەگوێرەی رێککەوتنەکەش پشکی هەرێمی کوردستان بە 14% دیاریکراوە.
ئەو پەرلەمانتارە روونیشیکردەوە، دوای لێدەرکردنی خەرجییە سیادییەکان، پێدەچێت پشکی هەرێمی کوردستان بۆ 12.67% کەمببێتەوە، پڕۆژەی بودجەی ئەمساڵیش بە نزیکەی 180 ترلیۆن دینار مەزەندە کراوە.
باسی لەوەش کرد، لایەنە کوردستانییەکان گەشبینن بە جێبەجێکردنی رێککەوتنەکە و هەردولاش خواستی ئەوەیان هەیە کێشەکان لەرێگەی جێبەجێ کردنی دەستوور و پاراستنی مافی هاوڵاتیانی کوردستان و عێراقەوە چارەسەر بکرێن.
بەگوێرەی زانیارییەکان هەولێر و بەغدا لەسەر دۆسیەی نەوتیش گەیشتون بە لێکتێگەیشتن، بەجۆرێک حکوومەتی فیدڕاڵی ئامادەیە خەرجی کۆمپانیاکانی نەوت لە هەرێمی کوردستان بدات و دانیش بە فرۆشتنی نەوت لەلایەن هەرێمی کوردستان دەنێت، هەروەها بڕیارەکەکانی دادگای فیدڕاڵیش تایبەت بە نادەستووری بوونی یاسای نەوت و غازی کوردستان رادەگیرێن، تاوەکوو پڕۆژەیاسای نەوت و گازی فیدڕاڵی پەسەند دەکرێت.
بەشێکی دیکە لە رێککەوتنی نێوان هەولێر و بەغدا پەیوەستە بە بوودجەی مانگانەی هەرێم، بەجۆرێک بەغدا لەرێگەی هەژمارێکی بانکیەوە بوودجەی کوردستان دەنێرێت و تەنها حکوومەتی هەرێم دەتوانێت مافی مامەڵەکردنی بەو هەژمارە بانکییەوە هەبێت، لە بەرامبەریشدا حکوومەتی هەرێم پابەند دەکرێت بە رادەست کردنی داهاتی رۆژانە 250 هەزار بەرمیل نەوت بە بەغدا.
Your Comment