بەپێی هەواڵی کوردپرێس، عەبدوڵای حاجی مەحموود لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ دەنگی ئەمریکا ڕایگەیاندووە: "ئەم بۆردە تەنها لایەنی سەرەکییە لە حکوومەتی هەرێمی کوردستان کە بەرپرسیارێتی ونبووانی لە خۆگرتووە و له دەرەوەی ئەم بۆردە هیچ لایەنێکی فەرمی نییە بۆ گەڕان و بەدواداچوون لەسەر مەسەلەی منداڵە ونبووەکان."
بۆردەکە کە بە فەرمانێکی وەزاری لە 16ی مانگی 11ی ساڵی 2022 بڕیاری لەسەر دراوە لە پێنج ئەندام پێکدێت، بە سەرۆکایەتی وەزیری کاروباری شەهیدان و ئەندامێتی نوێنەرانی چوار وەزارەتی تر کە بریتین لە بەڕێوەبەری گشتی پۆلیسی هەرێم وەک نوێنەری وەزارەتی ناوخۆ، نوێنەرێکی وەزارەتی داد، ڕاوێژکارێک لە فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی هەرێم و ڕاوێژکارێک لە وەزارەتی تەندروستی. ئەمە سەرەڕای ئەندامێتی بەڕێوەبەری گشتی کاروباری شەهیدانی هەڵەبجە بە وەکالەت.
بەوتەی وەزیری کاروباری شەهیدانی هەرێم، وەزارەتی ناوخۆ لایەنی پەیوەندیدارە بە پشکنینی پزیشکی و وەزارەتەکانی تر بەپێی تایبەتمەندی خۆیان لەناو ئەم بۆردەدا بەرپرسیارێتیان بۆ دیاریکراوە لە پرۆسەی گەڕان و بەدواداچون و گرتنەبەری ڕێکاری یاسایی.
عەبدوڵای حاجی مەحموود وتی: "وەزارەتی ناوخۆ دەتوانێت پشکنینی (دی ئێن ئەی) ئەنجام بدات و ئامێری پێشکەوتویان هەیە. ئێمە لە دوای دامەزراندنی ئەم بۆردە هەنگاومان ناوە و ڕێکاریشمان داناوە. لەگەڵ کونسوڵی کۆماری ئیسلامی ئێران گفتوگۆمان کردوە لەسەر ئەوەی زۆربەی منداڵە ونبوەکان خەڵکی پارێزگای هەڵەبجەن. پلانیش هەیە شاندێک دەنێرینە کۆماری ئیسلامی ئێران بۆ ئەوەی بە زوترین کات بەدوای چارەنوسی مناڵە ونبوەکانی هەڵەبجەدا بڕۆین."
بەپێی ئامارێک کە دەست دەنگی ئەمریکا کەوتووە، بەهۆی کیمیابارانکردنەکەی ساڵی 1988ەوە لە لایەن حکوومەتی عێراق 211 کەس کە منداڵ بوون لەو کاتەدا چارەنووسیان نادیاربوو و پێشبینی دەکرێت ئەوانەی تا ئێستا بێسەروشوێنن لە وڵاتی ئێران بن. لە شاری هەڵەبجە 74 خێزان منداڵەکانیان ونن و لەو ژمارەیەش 36 خێزانییان بە فەرمی لە دادگا سکاڵایان بۆ گەڕانەوەی منداڵەکانیان تۆمارکردوە.
ئامارە فەرمییەکە نیشانی دەدات کە تا ئێستا 18 لە ونبوەکان گەڕاونەتەوە، لە نێوانیان پێنج کەس بە بێ پشکنین ناسنامەیان ئاشکراکراوە و 13ی تریان دوای پشکنین بە کەسوکاریان شادبونەتەوە.
ئەمە لە کاتێکدایە کە هەفتەی ڕابردو دادگای هەڵەبجە بڕیارێکی دەرکرد لەسەر کەیسی هاوڵاتییەک بە ناوی هاوڕێ ئەنوەر کە دەڵێت هاوڵاتی هەڵەبجەیە و دوای کارەساتەکەی ساڵی 1988 لە خێزانەکەی دابڕاوەو لەلایەن خێزانێکی کەرکوکییەوە بەخێوکراوە.
بەڵام ئەوەی بوە جێگەی سەرنج ئەوە بو کە مەحمود فەتاح، کە بە پێی بڕیارەکەی دادگای هەڵەبجە بێت باوکی بایەلۆجی هاوڕێ یە، بڕیارەکەی ڕەتکردەوە. ئەو بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند کە بە پشتبەستن بە پشکنینێکی تری دی ئێن ئەی کە لە سلێمانی ئەنجامدراوە بۆی دەرکەوتوە هاوڕێ کوڕی ئەو نییە.
رۆژی 16ی ئەم مانگە، فەرهاد بەرزنجی کە سەرۆکی سەنتەرەکە بە کەناڵی KNNی ڕایگەیاند کە ئەنجامی پشکنینەکانیان دەریدەخەن ئەم دو کەسە باوک و کوڕ نین.
وەزیری کاروباری شەهیدانی هەرێم ئامادە نەبو وەڵامی دەنگی ئەمەریکا بداتەوە لەسەر کەیسی هاوڕێ ئەنوەر.
دوای چەندین پرساری دەنگی ئەمەریکا لەسەر ئەم کەیسە، وەزیر ڕایگەیاند، "ئێمە لێرەوە ڕایدەگەیەنین هەر کەسێک دەیەوێت ئەم پرۆسەیە ئەنجام بدات ئەگەر لە ڕێگەی ئێمەوە نەبێت حکوومەتی هەرێم و وەزارەتی کاروباری شەهیدان و ئەنفالکراوان و ئەو بۆردەش بەرپرسیار نییە لێی."
دادگای هەڵەبجە دەڵێت، بڕیارەکەی 15ی ئەم مانگەی لەسەر بنەمای ئەنجامی پشکنینی دی ئێن ئەی شاری بەغدا بوە کە بۆ هاوڕێ ئەنوەر کراوە.
لە وەڵامی ئەو پرسیارەی کە وەزارەتی شەهیدانی هەرێم هەڵوێستی لەسەر ئەنجامە پێچەوانەکانی پشکنین لە بەغدا و سلێمانی چییەو بۆچی پشکنینەکە لە لایەن بۆردەکەی هەرێمەوە نەکراوە، عەبدوڵای حاجی مەحمود ڕایگەیاند، "هەر ونبویەک لە ڕێگەی بۆردی ونبووانی هەڵەبجەوە نەبێت ئێمە هیچ قسەیەکمان لەسەری نییە. لەبەر ئەوەی بۆردەکەمان تازەیە گشتاندنمان کردوە بۆ هەمو لایەنە پەیوەندیدارەکان ڕەنگە وەکو پێویست نەگەیشتبێتە شوێنی مەبەست."
کەیسی هاوڕێ ئەنوەر تاکە نمونە نییە کە تێیدا قوربانیانی هەڵەبجە، دوای چەندین ساڵ ونبون و دابڕانیان لە خێزان و ئازیزەکانیان، دواتر دەوترێت ناسنامەکانیان بە هەڵە دەستنیشان کراوە. ڕوداوی لەم شێوەیە ئازاری ونبووانی هەڵەبجەی قوڵتر کردۆتەوە.
چیرۆکی مريەم بالوچيان یەکێکە لەو نمونە دڵتەزێنانەی کە دوای چەندین مانگ ڕاگەیەندرا کە ئەنجامەکانی پشکنینی دی ئێن ئەی بە هەڵە بۆ کراوە.
مريەم لە کاتی کيميابارانى هەڵەبجەدا تەمەنى تەنها 8 مانگ بوەو دوای دابڕانی لە بنەماڵەکەی خێزانێکى فارس لە مەشهەد بەخێوى دەکەن. ئەو ئافرەتە کوردە کە گەورە دەبێت دەزانێت منداڵى ئەو ماڵە نيیە و بۆ زانینی ناسمانەی خێزانەکەی دەگەڕێتەوە بۆ هەڵەبجە.
لە مەراسیمێکی تایبەتدا مانگی 8ب ساڵی 2015 و دوای زیاتر لە سێ مانگ گەڕانەوەی مریەم بۆ هەڵەبجە، کۆمەڵەى قوربانيانى کيميابارانى هەڵەبجه ڕایگەیاند کە لە ڕێگەی پشکنینی دی ئێن ئەیەوە لە نێو 37 خێزانی هەڵەبجە کە بە دوای منداڵە ونبوەکانیان دەگەڕێن، ناسنامەی مریەمیان ئاشکرا کردوە. ئەو کات ڕایانگەیاند کە ناوی ڕاستەقینەی مریەم بریتییە لە هاوناز ئەحمەد قادر و لە مەراسیمێکی گەورەدا خرایە باوەشی ئەو خێزانە هەڵەبجەییەی کە دەگوترا کەسوکاری ئەون.
کەچی دوای نزیکی ساڵێک ئەوە ڕاگەیەندرا کە تۆمارە پزیشکیەکان دەریدەخەن هاوناز ئەحمەد قادر دوای کیمابارانی هەڵەبجە گیانی لەدەستداوە و لە شاری تاران نێژراوە.
دواتر مریەم ناسنامەکەی لێسەندرایەوە و ئەو کات بە فەرمانی نێچیرڤان بارزانی جارێکی تر ناسنامەیەکی نوێی پێبەخشرا بە ناوی ژیان.
عەبدوڵای حاجی مەحموود ئەم دۆسێیانە بە ئەزمونی نەخوازراو دادەنێت و دەڵێت، "بەداخەوە ئەزمونی پێشو ئەزمونێکی ناخۆشە. ئەزمونەکانی ڕابردو سەرکەوتو نەبون بۆیە ئەم بۆردە دامەزراوە بۆ ئەوەی ئەو هەڵانەی ڕابردو دوبارە نەبنەوە و بەسەرکەوتوی بتوانین پرۆسەکە بەڕێوەببەین."
وەزیری شەهیدان جەختی کردەوە کە بۆردەکە ئامێری پێشکەوتوی لە ڕێگەی وەزارەتی ناوخۆ بۆ دابینکراوە بە شێوەیەک کە ڕێگربێت لە دوبارەبونەوەی ڕوداوی هاوشێوە کە ئازارەکانی قوربانیانی هەڵەبجە نوێ دەکاتەوە.
ناوبراو ڕایگەیاند، "هەموو خەرجی و بەرپرسیارێتی دارایی و ناسینەوە و بەدواداچوون لەسەر بۆردەکەیه".
Your Comment