پێویستە ئەورووپا بۆ چارەسەر کردنی گەورەترین کێشەی کوردەکانی عێراق نێوەندگیری بکات

بەشی جیهان- گرووپی قەیرانی نێونەتەوەیی ئاماژە بەوە دەکات کە لەئێستادا گەورەترین کێشەی کوردەکانی عێراق ناکۆکیی نێوان پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتیی نیشتمانیی کوردستانە و داوا لە یەکێتیی ئەورووپا دەکات هەوڵ بۆ چارەسەر کردنی بدات.

بەپێی هەواڵی کوردپرێس، گرووپی قەیرانی نێودەوڵەتی لە نوێترین ڕاپۆرتی خۆیدا سەبارەت بە عێراق هۆشداری داوە لە ناکۆکی ناوخۆیی نێوان کوردکانی ئەو وڵاتە.

ئەم پەیمانگایە ئاماژەی داوە بە چڕبوونەوەی ناکۆکییەکانی نێوان هەردوو حزبی دەسەڵاتداری پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتی نیشتمانیی کوردستان و هۆشداریی دا لەوەی کە ئەم ناکۆکییانە لە دوای شەڕی ناوخۆیی نێوان ئەم دوو حزبە لە ساڵانی نەوەدەکانەوە تا ئێستا بێوێنە بووە. سەرەڕای ئەوەی کە گەڕانەوە بۆ سەردەمی شەڕی ناوخۆ لە هەرێمی کوردستان بەدوور دەزانێت، بەڵام هۆشداری داوە لەوەی کە ئاستی ناکۆکی ئێستای نێوان ئەم دوو لایەنە سەقامگیریی هەرێمی کوردستانی بە تەواوێتی خستووەتە مەترسییەەوە.

گرووپی قەیرانی نێودەوڵەتی هەروەها ناکۆکییەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و حکوومەتی ناوەندیی عێراق بە کێشەیەکی گرنگی دیکە لە بەردەم هەرێمی کوردستان ناودەبات.

ئەم پەیمانگایە ئاماژەی داوە بە کردنەوەی نووسینگەی هەمیشەیی نوێنەرایەتیی یەکێتیی ئەورووپا لە هەولێری پێتەختی هەرێمی کوردستان و دەڵێت باشترین چارەسەر نێوەندگیریی یەکێتیی ئەورووپایە بۆ چارەسەرکردنی ناکۆکی نێوان پارتی دیموکرات و یەکێتیی نیشتمانی لەلایەک و هەرێمی کوردستان و بەغدا لەلایەکی ترەوە.

گرووپی قەیرانی نێودەوڵەتی، دەسەڵاتی پاوانخوازانەی پارتی دیموکراتی کوردستانی عێراق لە ماوەی سێ دەیەی ڕابردوودا و ناکۆکیی شەخسی لەسەر سەرکردایەتی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان وەک هۆکارەکانی قەیرانە ناوخۆییەکانی هەرێمی کوردستان لەقەڵەم دەدات.

ئەم پەیمانگایە پارتی دیموکراتی بەوە تۆمەتبار کردووە کە دابەشبوونی ناوخۆی ناو یەکێتیی نیشتمانی قۆستووەتەوە بۆ لاوازکردن و گۆڕینی ئەو حزبە بۆ پارتێکی بچووکتر.

News Code 7641

Your Comment

You are replying to: .
captcha