کوردپرێس:
بهپێی راگهیهندراوێکی نووسینگهی جێگری سهرۆک وهزیرانی ههرێمی کوردستان، قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆک وەزیرانی هەرێم پێشوازیی کرد لە ڕۆزماری دیکارلۆ، جێگری سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ کاروباری سیاسی و بنیاتنانی ئاشتی و جێنین پلاسخارت، نێردەی تایبەتی نەتەوە یەکگرتوەکان لە عێراق و لەبارەی پرسەکانی هەڵبژاردن و وزە و کێشە ناوخۆییەکانی هەرێم و پەیوەندییەکان لەگەڵ بەغدا گفتوگۆیان کرد.
لە کۆبوونەوەیەکەدا جەخت لە ئەنجامدانی هەڵبژاردنێکی پاک و بێگەرد بۆ پەرلەمانی کوردستان کرایەوە، قوباد تاڵەبانی لەمپەڕەکانی بەردەم پرۆسەکەی بۆ شاندی میوان ڕونکردەوە و وتی، بریتین لە "سیستم و بازنەکانی هەڵبژاردن، تۆماری دەنگدەران، کورسی کۆتا و پێکهاتەکان لەگەڵ یەکلاکردنەوەی چارەنوسی کۆمیسیۆنی هەڵبژاردن"، داواشیکرد، نەتەوە یەکگرتوەکان ڕۆڵیان هەبێت لە چارەسەرکردنی گرفتەکان و مسۆگەرکردنی بەڕێوەچونی دروستی پڕۆسەی هەڵبژاردن تا ببێتە بنەمای نوێنەرایەتییەکی ڕاستەقینە بۆ خەڵکی کوردستان.
قوباد تاڵەبانی راشیگەیاند: "پێکهاتە و کەمینەکان ڕێز لێگیراون لە هەرێمی کوردستان، زۆریش مەبەستیانە ئەم پێکهاتانە، ببنە خاوەنی بڕیاری سیاسی سەربەخۆ و نوێنەرایەتی تایبەتی دڵخوازی خۆیان کە دور بێت لە دەستوەردانی حزب و هێزە سیاسییەکان:.
سەبارەت بە پەیوەندییەکانی نێوان هەرێم و بەغدا، جێگری سەرۆک وەزیران جەختی لە دۆزینەوەی چارەسەری گشتگیر و درێژخایەن کردەوە بۆ کێشەکانی هەولێر و بەغدا بە جۆرێک کە سەقامگیری سیاسی و ئابوری لێبکەوێتەوە، لەم پێناوەشدا ئامادەیی بۆ هەمو هەنگاوێک دەربڕی لەسەر بنەمای دەستور و لێکگەیشتنی هاوبەش.
لەبارەی دۆسیەی وزە، قوباد تاڵەبانی بۆ شاندی نەتەوە یەکگرتوەکانی ڕونکردەوە، "ئەوان مەبەستیانە خەڵکی کوردستان سودمەندی یەکەم بن لە سەرچاوەکانی وزە بەتایبەت غازی سروشتی بۆ پڕکردنەوەی پێداویستییەکانی ناوخۆ و باشترکردنی خزمەتگوزاییەکان بەکاربهێنرێت".
لەبەشێکی تری دیدارەکەدا باسی دۆخی کۆمەڵگای مەدەنی لە هەرێمی کوردستان کرا و تیایدا قوباد تاڵەبانی بە گرنگییەوە باسی لە رۆڵی ڕێکخراوە ناحکومییەکان کرد کە پایەی سەرەکی کۆمەڵگای مەدەنین و وتی، "رێکخراوەکان رەخنە و گلەییان لە دەسەڵاتی سیاسی و هێزە سیاسییەکان هەیە و دەبێت رەخنە و گلەییەکانیان بە هەند وەربگیردرێت".
هەر لە کۆبوونەوەکەدا جێگری سەرۆک وەزیران ستایشی هەوڵەکانی جێنین پلاسخارتی کرد لە عێراق و کوردستان کە هەمیشە بنیاتنەرانە بووە و بە ئاڕاستەی چارەسەرکردنی کێشەکان هەنگاوی گرنگی ناوە.
Your Comment