کوردپرێس:
لوقمان عه‌بدولقادر سه‌رۆکی کۆمه‌ڵه‌ی قوربانییانی هه‌ڵه‌بجه به تۆڕی میدیاییی ڕووداوی ڕاگه‌یاند: تاوه‌کوو ئێستا حه‌وت منداڵی هه‌ڵه‌بجه که له ئێران ون ببوون گه‌ڕێنراوه‌ته‌وه نێو خێزانه‌کانیان. له‌و ژماره‌یه، که‌یسی مریه‌م ڕه‌ت کراوه‌ته‌وه و خانه‌واده‌ی منداڵێکی دیکه داوایان کردووه پشکنینه‌که دووباره بکرێته‌وه. که‌یسێکی دیکه که به‌پێی پشکنینه‌کان له وڵاتی ئێران یه‌کلا بووه‌ته‌وه به‌هۆی کاروباری یاساییه‌وه نێردراوه‌ته هه‌ولێر و 15 ڕۆژی دیکه ئه‌ویش ده‌گه‌ڕێته‌وه.
له‌باره‌ی ئه‌و خێزانانه‌ی ناویان تۆمار کراوه و گوته‌یان لێ وه‌رگیراوه، سه‌رۆکی کۆمه‌ڵه‌ی قوربانییانی هه‌ڵه‌بجه گوتی: 74 خێزان ناویان تۆمار کردووه که 119 منداڵیان ونبووه.
به‌پێی به‌دوداچوونه‌کانی کۆمه‌ڵه‌ی قوربانییانی کیمیابارانی هه‌ڵه‌بجه 419 منداڵی هه‌ڵه‌بجه‌یی له ئێرانن و له‌لایه‌ن فه‌رمانگه‌ی منداڵانی بێسه‌رپه‌رشته‌وه دراون به خێزانی جێگره‌وه.
سه‌رۆکی کۆمه‌ڵه‌که دڵنیایی دا فارووق زه‌واره به‌رپرسی مانگی سووری ئێران پێیگوتوون له کاتی کیمیابارانی هه‌ڵه‌بجه‌دا 372 منداڵی ڕه‌وانه‌ی فه‌رمانگه‌ی منداڵانی بێسه‌رپه‌رشت کردووه. یه‌کێکی دیکه له شاهێدحاڵه‌کان به ناوی ئاغای جه‌عفه‌ری که خۆی منداڵێکی هه‌ڵه‌بجه‌ی له یه‌کێک له فه‌رمانگه‌کانی منداڵانی بێسه‌رپه‌رشت هه‌ڵگرتووه‌ته‌وه گوتوویه‌تی که 47 منداڵ له‌و فه‌رمانگه‌یه بوون که هه‌ڵه‌بجه‌یی بوون.
لوقمان عه‌بدولقادر له‌باره‌ی ڕێگرییه‌کانه‌وه له دۆزینه‌وه‌ی ئه‌و منداڵانه گوتی: به‌پێی یاساکانی ئێران ڕێگه نادرێت دۆسیه‌ی فه‌رمانگه‌ی منداڵانی بێسه‌رپه‌رشت هه‌ڵبدرێته‌وه و ده‌بێت په‌رله‌مانی ئێران ئه‌و یاسایه هه‌موار بکاته‌وه ئه‌وکات دۆزینه‌وه‌یان ئاسان ده‌بێت.
هه‌ر له‌وباره‌یه‌وه فوئاد عوسمان گوته‌بێژی وه‌زاره‌تی شه‌هیدان و ئه‌نفالکراوان له‌باره‌ی هه‌وڵه‌کانیان بۆ دۆزینه‌وه و گه‌ڕانه‌وه‌ی ئه‌و منداڵه ونبووانه به تۆڕی میدیاییی ڕووداوی ڕاگه‌یاند: له کابینه‌ی هه‌شته‌مدا بۆ ئه‌و مه‌به‌سته لیژنه‌یێکی باڵا پێکهێنرا و بڕیاری دروست کردنی ڕێکخراوی ونبووانی هه‌ڵه‌بجه درا. ڕێکخراوه‌که پرۆژه‌یێکیان ئاماده کرد که به‌هۆی ئاڵوگۆڕی کابینه‌که‌وه تا ئێستا کاری له‌سه‌ر نه‌کراوه.
ناوبراو زیادی کرد که ڕێکخراوی مانگی سووری ئێران پێمانی ڕاگه‌یاندووه هه‌ماهه‌نگی ته‌واو ده‌کات بۆ دۆزینه‌وه‌ی ئه‌و منداڵانه به‌ڵام ئێمه ته‌نها ده‌توانین به هاوکاریی مانگی سوور له ڕاگه‌یاندنه‌کانی ئێرانه‌وه داوا له‌و خێزانانه بکه‌ین که منداڵیان هه‌ڵگرتووه‌ته‌وه زانیاری‌یان بده‌نێ.
شایانی باسه؛ ڕۆژی 16-3-1988 فڕۆکه‌کانی حکوومه‌تی عێراق کیمیابارانی هه‌ڵه‌بجه‌یان کرد و به‌هۆیه‌وه هه‌موو دانیشتووانه‌که‌ی شاره‌که‌یان جێهێشت و نزیکه‌ی پێنج هه‌زار که‌س شه‌هید بوون و هه‌زارانی دیکه‌ش بریندار بوون، هه‌روه‌ها به‌هۆی هاوسنووری هه‌ڵه‌بجه له ئێران، ژماره‌یێکی زۆریان ئاواره‌ی ئه‌و وڵاته بوون و به‌شێکی منداڵانیشیان له‌وێ ونبوون.
کۆدی هه‌واڵنێر: 60103
Your Comment