بەپێی هەواڵی کوردپرێس، رەحمان غەریب، ڕێکخەری سەنتەری میترۆ لە لێداونێکدا بۆ ئاوێنە رایگهیاندووە: "لەساڵی ۲٠۲۲دا بەپێی ئەو ئامارانەی سەنتەری میترۆ کۆیکردۆتەوە، 431 پێشێلکاری بەرامبەر بە 301 رۆژنامەنووس و دامەزراوەی میدیایی تۆمار کراون، بەجۆرێک، رێگریکردن 195 حاڵەت بووه، زەوتکردن و شکاندنی کەلوپەلی رۆژنامەوانی 68 حاڵەت بووه، ، هەڕەشە و سووکایەتی 46 حاڵەت، دەستبەسەرکردن بەبێ بڕیاری دادگا 64 حاڵەت، دەستگیرکردن بەبڕیاری دادگا 4 حاڵەت، لێدان و برینداربوون 26 حاڵەت، داخستنی نووسینگەی کەناڵ 1 حاڵەت، هێرشی مووشەکی 2 حاڵەت، هەڵکوتانە سەرماڵی رۆژنامەنووس 3 حاڵەت، هێرشی ئەلیکترۆنی 6 حاڵەت و پڕکردنەوەی بەڵێننامە 16 حاڵەت.
ناوبراو دەربارەی پێشێل کردنی یاسای رۆژنامەگەری وتی: "لەکاتێکدا 15 ساڵە یاسای کاری رۆژنامەنووسی لەلایەن پەرلەمانی کوردستانەوە دەرکراوە، بەڵام هێشتا یاساکە لەزۆربەی ناوچە جیاوازەکانی هەرێمی کوردستان پێشێلکاری بەرامبەر دەکرێت و لەلایەن دەسەڵاتی جێبەجێکردنەوە وەک خۆی جێبەجێ ناکرێت".
رێکخەری سەنتەری میترۆ ئاماژەی بۆ ئەوەش کرد کە ساڵی 2022، وەک ساڵانی پێشووتر لە زۆرینەی کێشەکانی نێوان حکومەت و دەزگاکانی راگەیاندن، هاوڵاتیان و دەزگاکانی راگەیاندن، یاسای ڕۆژنامەگەری پێشێلکراوە و نەکراوە بە سەنگى مەحەک.
رەحمان غەریب دەشڵێت: "ئەڵبەتە لە بری یاسای رۆژنامەگەری پەنا بۆ بڕیار و رێنمایی وەزارەتی ڕۆشنبیریی و بەندەکانی یاسای سزادانی عێراقی براوە."
Your Comment