سه‌در به‌ چوار خاڵ ئامۆژگاریی عادل عه‌بدولمه‌هدی ده‌كات

به‌شی عێراق و هه‌رێمی کوردستان- ڕێبه‌ری ڕه‌وتی سه‌در له‌ په‌یامێكدا داوا له‌ سه‌رۆک وه‌زیرانی عێراق ده‌كات که‌ پارێزگاریی له‌ شكۆی ده‌وڵه‌ت بكات و سزای ئه‌و كه‌سانه‌ بدات په‌یوه‌ندیی ده‌ره‌كییان هه‌یه‌ و ڕه‌خنه‌شی له‌ حكوومه‌ت گرتووه‌ و پێیوایه‌ هیچ پێشڤه‌چوونێک له‌ دۆسیه‌ی گه‌نده‌ڵی ڕووی نه‌داوه‌.

به‌پێی هه‌واڵی کوردپرێس، موقته‌دا سه‌در په‌یامێکی له‌ توویته‌ره‌وه‌ ئاراسته‌ی عادل عه‌بدولمه‌هدی سه‌رۆک وه‌زیرانی عێراق كردووه‌ و ڕای‌گه‌یاندووه‌: "وه‌ک ئامۆژگارییێكی برایانه‌ چه‌ندین كاروباری گرنگ بیر عادل عه‌بدولمه‌هدی دێنمه‌وه‌ بۆ ئه‌وه‌ی كاریان له‌سه‌ر بكات، ئه‌وانیش داخوازیی جه‌ماوه‌ری و مه‌رجه‌عییه‌تن پێكه‌وه‌. ئه‌و دۆخه‌ به‌و جۆره‌ به‌رده‌وام بێت له‌ ڕووی شه‌رعی و عه‌قڵییه‌وه‌ قبووڵ ناكریت و له‌ ئاستی جه‌ماوه‌ریش مایه‌ی قه‌بووڵكردن نییه‌."

سه‌در له‌ په‌یامه‌که‌یدا زیاتر وتوویه‌تی: "پابه‌ندبوونی ته‌واو به‌ سه‌ربه‌خۆیی و نه‌بوونی سۆز بۆ لایه‌نی ده‌ره‌كی پێویسته چوونكه‌ به‌زاندنی سه‌ربه‌خۆیی وه‌ک بونیادنانی ده‌وڵه‌تێكی قووڵ و نوێیه‌."

ڕێبه‌ری ڕه‌وتی سه‌در زیادی کردووه‌: "دۆسیه‌ی خزمه‌تگوزاری خراپه‌ و وه‌ک خۆیه‌تی، داوا له‌ سه‌رۆک وه‌زیران ده‌كه‌م هه‌وڵی چڕوپڕ و به‌رجه‌سته‌ بۆ كاراكردنی خزمه‌تگوزارییه‌كان بدات چوونكه‌ گه‌ل زیانی زۆری به‌ركه‌وتووه‌ و پێناچێت زیاتر له‌سه‌ر ئه‌و دۆخه‌ خراپه‌ ئارام بگرن."

موقته‌دا سه‌در ڕاشی‌گه‌یاندووه‌: "هیچ پێشڤه‌چوونێكمان له‌ دۆسیه‌ی گه‌نده‌ڵیش نه‌بینووه‌. ئه‌و بێده‌نگییه‌ خۆی له‌ خۆیدا مۆڵه‌تدانه‌ به‌ گه‌نده‌ڵی و ئه‌گه‌ر ئه‌وه‌ش ڕاست بێت ئه‌وا به‌ڵایێكی دیكه‌شمان به‌سه‌ردا دێت."

ڕێبه‌ری ڕه‌وتی سه‌در ئاماژه‌ی به‌وه‌ش كردووه‌ كه‌ "پێویسته‌ كار بۆ پاراستنی شكۆی ده‌وڵه‌ت و دامه‌زراوه‌ ئه‌منییه‌كان و سه‌ربه‌خۆییی بڕیاری عێراقی بكرێت و بێ‌سڵه‌مینه‌وه‌ ئه‌وانه‌ی كار بۆ لاوازكردنی دامه‌زراوه‌ ئه‌منییه‌كان ده‌كه‌ن سزا بدرێن. هه‌روه‌ها سزای ئه‌و كه‌سانه‌ بدریت سۆزیان بۆ لایه‌نی ده‌ره‌كی هه‌یه‌ و نایانه‌وێت عێراق خاوه‌نی سه‌روه‌ریی ته‌واوی خۆی بێت."

سه‌رچاوه‌: هه‌واڵده‌ریی به‌غداد ئه‌لیه‌وم

کۆدی هه‌واڵنێر: 60103

News Code 75761

Your Comment

You are replying to: .
captcha