به‌پێی هه‌واڵی کوردپرێس، موقته‌دا سه‌در په‌یامێکی له توویته‌ره‌وه ئاراسته‌ی عادل عه‌بدولمه‌هدی سه‌رۆک وه‌زیرانی عێراق كردووه و ڕایگه‌یاندووه: "وه‌ک ئامۆژگارییێكی برایانه چه‌ندین كاروباری گرنگ بیر عادل عه‌بدولمه‌هدی دێنمه‌وه بۆ ئه‌وه‌ی كاریان له‌سه‌ر بكات، ئه‌وانیش داخوازیی جه‌ماوه‌ری و مه‌رجه‌عییه‌تن پێكه‌وه. ئه‌و دۆخه به‌و جۆره به‌رده‌وام بێت له ڕووی شه‌رعی و عه‌قڵییه‌وه قبووڵ ناكریت و له ئاستی جه‌ماوه‌ریش مایه‌ی قه‌بووڵكردن نییه."
سه‌در له په‌یامه‌که‌یدا زیاتر وتوویه‌تی: "پابه‌ندبوونی ته‌واو به سه‌ربه‌خۆیی و نه‌بوونی سۆز بۆ لایه‌نی ده‌ره‌كی پێویسته چوونكه به‌زاندنی سه‌ربه‌خۆیی وه‌ک بونیادنانی ده‌وڵه‌تێكی قووڵ و نوێیه."
ڕێبه‌ری ڕه‌وتی سه‌در زیادی کردووه: "دۆسیه‌ی خزمه‌تگوزاری خراپه و وه‌ک خۆیه‌تی، داوا له سه‌رۆک وه‌زیران ده‌كه‌م هه‌وڵی چڕ‌وپڕ و به‌رجه‌سته بۆ كاراكردنی خزمه‌تگوزارییه‌كان بدات چوونكه گه‌ل زیانی زۆری به‌ركه‌وتووه و پێناچێت زیاتر له‌سه‌ر ئه‌و دۆخه خراپه ئارام بگرن."
موقته‌دا سه‌در ڕاشیگه‌یاندووه: "هیچ پێشڤهچوونێكمان له دۆسیه‌ی گه‌نده‌ڵیش نه‌بینووه. ئه‌و بێده‌نگییه خۆی له خۆیدا مۆڵه‌تدانه به گه‌نده‌ڵی و ئه‌گه‌ر ئه‌وه‌ش ڕاست بێت ئه‌وا بهڵایێكی دیكه‌شمان به‌سه‌ردا دێت."
ڕێبه‌ری ڕه‌وتی سه‌در ئاماژه‌ی به‌وه‌ش كردووه كه "پێویسته كار بۆ پاراستنی شكۆی ده‌وڵه‌ت و دامه‌زراوه ئه‌منییه‌كان و سه‌ربه‌خۆییی بڕیاری عێراقی بكرێت و بێسڵه‌مینه‌وه ئه‌وانه‌ی كار بۆ لاوازكردنی دامه‌زراوه ئه‌منییه‌كان ده‌كه‌ن سزا بدرێن. هه‌روه‌ها سزای ئه‌و كه‌سانه بدریت سۆزیان بۆ لایه‌نی ده‌ره‌كی هه‌یه و نایانه‌وێت عێراق خاوه‌نی سه‌روه‌ریی ته‌واوی خۆی بێت."
سه‌رچاوه: هه‌واڵده‌ریی به‌غداد ئه‌لیه‌وم
کۆدی هه‌واڵنێر: 60103
Your Comment