نەتەوەیەکگرتووەکان: عێراق لەماوەى شەش ساڵدا 36 ملیار دۆلار زیانى بەرکەوتووە

بەشی عێراق و هەرێمی کوردستان- بەگوێرەى ڕاپۆرتى ڕێکخراوێکى نێودەوڵەتى، عێراق لەماوەى شەش ساڵدا، 36 ملیار دۆلار زیانى بەرکەوتووە، هۆکارەکەشى بۆ ناجێگیرى بارى سیاسی و ئاسایش و شەڕ لەگەڵ داعشدا گەڕاندووەتەوە.

بەپێی هەواڵی کوردپرێس، ڕێکخراوى UNCTAD کە سەر بە نەتەوەیەکگرتووەکانە، لە ڕاپۆرتێکدا ئاشکراى کردووە لەساڵى 2013وە تا کۆتایی ساڵى 2018، عێراق 36 ملیار دۆلار زیانى بەرکەوتووە، ئەوەش بەهۆى ناجێگیرىی بارى سیاسی و ئاسایش و جەنگى ئەو وڵاتە لەگەڵ داعشدا.

ڕاپۆرتەکە ئاماژەى بەوەش کردووە، تەنها لەساڵى 2018دا عێراق چوار ملیار و 885 ملیۆن دۆلار زیانى کردووە، بەڵام لەساڵى 2017دا بڕى زیانەکانى وڵاتەکە بریتى بووە لە پێنج ملیار و 32 ملیۆن دۆلار.

لەبارەى وردەکاریی ئەو زیانانە، ڕاپۆرتەکە ئەوەى خستووەتەڕوو، ساڵى 2016 بڕى زیانەکانى عێراق شەش ملیار و 256 ملیۆن دۆلار بووە، لەکاتێکدا لەساڵى 2015دا حەوت ملیار و 574 ملیۆن دۆلار بووە، بۆ ساڵى 2014یش عێراق زۆرترین زیانى بەکەوتووە کە بڕەکەى بریتی بووە لە 10 ملیار و 176 ملیۆن دۆلار، لەساڵى 2013 بڕى زیانەکان کەمتر بووە کە بریتی بووە لە دوو ملیار و 335 ملیۆن دۆلار.

ڕێکخراوەکە لە ڕاپۆرتەکەیدا جەخت دەکاتەوە کە ئابووری عێراق لەماوەی چەند ساڵی ڕابردوودا بەهۆی نائارامی و ناسەقامگیریی سیاسی و جەنگەوە لە ناوچەکە زۆر دابەزینی بەخۆوە بینیوە.

سەرچاوە: سۆمریە نیووز

کۆدی هەواڵنێر: 60113

News Code 75736

Your Comment

You are replying to: .
captcha