پارتی ھەوڵ ئەدات حیزبەکان ڕازی بکات مەرجەعی بڕیاردان پێکبھێنن

بەشی عێراق و هەرێمی کوردستان- په‌رله‌مانتاری پێشووی گۆڕان رایده‌گه‌یه‌نێت پارتی ھەوڵ ئەدات حیزبەکانی بەشدار لە حکوومەت ڕازی بکات ئەنجومەنی پارتە سیاسیەکان پێکبھێنێ و یاسای بۆ دەرکات و بیکاتە ئەنجومەنێکی فەرمی لەپاڵ سێ دەسەڵاتەکەی تر.

بەپێی هەواڵی کوردپرێس، لەتیف مستەفا، په‌رله‌مانتاری پێشووی گۆڕان له ‌نووسینێكدا رایگه‌یاند: ''ئەم ئەنجومەنە ئەگەر ئەنجومەنێکی دەسەڵاتدار بێت و دەسەڵاتی بڕیاردانی ھەبێ ئەنجومەنێکی نادەستووریە و لە سیستەمی دیموکراتی پەرلەمانیدا جێگای نابێتەوە، بەڵکوو جۆرێکە لەو ئەنجومەنە ناھەڵبژێردراوە نادیموکراتیانەی لەسەدەی ڕابردوو لە وڵاتانی ناوچەکە و لە عێراقیش ھەبوون وەک مەجلیسی قیادەی سەورە، بۆیە نابێ حیزبەکانی تر و باڵی نێچیرڤان بارزانیش لەناو پارتیدا بە ھیچ شێوەیێک ئەوە قبوڵ بکەن''.

لەتیف مستەفا ئاماژه‌ی به‌وه‌ش داوه:‌ "پێش دروست بوونی حکوومەت لەبەرامبەر گۆڕینی سیستەمی سیاسی بۆ پەرلەمانی و داماڵینی دەسەڵات لە سەرۆکی ھەرێم و کردنی بەدەسەڵاتێکی پڕۆتۆکۆڵی دەشیا ئەنجومەنێکی وا دابمەزرایە و مەسعوود بارزانیش سەرۆکی بووایە ئەویش بە دوو مەرج یەکەمیان ئەنجومەنەکە سیاسی بووایە نەک یاسایی؛ دوەم ئەنجومەنێکی ڕاوێژکاری بێ دەسەڵات بووایە ئەویش لە بەرامبەری ئەوەی سیستەم بکرێتە پەرلەمانی و سەرۆکی ھەرێم پڕۆتۆکۆلی بوایە و بدرایە بە یەکێتی یان گۆڕان، بەڵام کە ئەوە نەکراوە سیستەمەکە لە ھەرێم نەبۆتە پەرلەمانی و پارتی ھەردوو دەسەڵاتی سەرۆکی ھەرێمی بەدەسەڵاتەوە و سەرۆکی حکوومەت و تەنانەت سەرۆکی پەرلەمانیشی لایە ،چوونکە ئەوەندەی تێبینیم کردووە میدیای پارتیش و پەرلەمانیش زاراوەی سەرۆکایەتی پەرلەمان بەکار دێنێ بەمەبەست بۆ ئەوەی بڵێ سەرۆکایەتی پەرلەمان دەستەیە نەک تاک لەم حاڵەشدا سەرۆکایەتی پەرلەمان واتە ھی پارتیە چوونکە لە سێ دەنگ دوانی ھەیە.

ناوبراو جه‌خت له‌وه‌ش ده‌كاته‌وه‌ "لەحاڵەتێکی وادا ڕازی بوون بە ئەنجومەنێکی سیاسی دەسەڵاتدار و کردنی بەمەرجەع واتە جاڕدانی ئاشکرای دیکتاتۆریەتی تاکەکەسی و تەنانەت تەرکیز کردنی دەسەڵاتەکان کە ھەمووشیان بەدەست پارتیەوەن لەدەستی یەک کەسدا".

له‌ كۆتایی نووسینه‌كەشیدا لەتیف مستەفا ده‌ڵێت: ''لە جیاتی ئەوە با لایەنەکانی غەیرە پارتی پێشنیازی ئەوە بکەن سیستەم ببێ بە پەرلەمانی کۆماری و ئەنجومەنەکەش ڕاوێژکاری بێت،یان تەنانەت ڕازیش بن ھەرچەندە ئەمە دژی دەستوری عێراقیشە سیستەم ببێ بە پەرلەمانی پاشایەتی دەستووری و مەسعوود بارزانی ببێتە پاشای دەستووری کوردستان بە مەرجێک سیستەمی پەرلەمانی مەلەکی بێت و دەسەڵات لە باوکەوە بۆ کوڕ بگوازرێتەوە و پاشا دەسەڵاتی ڕاستەقینەی نەبێت و و پڕۆتۆکۆلی بێت و خزم و کوڕ و نەوەی پاشا تا پلەی چوارەم بۆیان نەبێت ھیچ پۆستێکی ڕەسمی وەربگرن وەک ئەوەی لە ھەموو سیستەمە پەرلەمانیەکاندا ھەیە''.

کۆدی هەواڵنێر: 60113

News Code 75734

Your Comment

You are replying to: .
captcha