تیمێکی زانکۆی کامبرێجی به‌ریتانیا له‌ شوێنه‌وارێکی مێژووییی هه‌رێمی کوردستان ده‌کۆڵنه‌وه‌

به‌شی عێراق و هه‌رێمی کوردستان- به‌ڕێوه‌به‌ری فه‌رمانگه‌ی شوێنه‌واری مێرگه‌سۆری سه‌ر به‌ هه‌ولێر ڕای‌ده‌گه‌یێنێت که‌ دوو هه‌فته‌ی دیکه‌ تیمی زانکۆی کامبرێجی به‌ریتانیا لێکۆڵینه‌وه‌کان له‌باره‌ی ئه‌شکه‌وتی مێژووییی شانه‌ده‌ر ده‌ست پێده‌که‌ن.

کوردپرێس:

ئه‌میر شێروانی به‌ڕێوه‌به‌ری فه‌رمانگه‌ی شوێنه‌واری مێرگه‌سۆر سۆران بۆ ئاژانسی ئه‌نادۆڵو گوتی: "له‌ پێنج ساڵی ڕابردوودا تیمێکی زانکۆی کامبرێجی به‌ریتانی خه‌ریکی لێکۆڵینه‌وه‌ له‌ ئه‌شکه‌وتی شانه‌ده‌ری هه‌رێمی کوردستان بوون و چوارده‌ مه‌تریان له ‌ناوه‌ڕاستی ئه‌شکه‌وته‌که‌ هه‌ڵکۆڵیوه‌ بۆ ئه‌وه‌ بتوانن لێکۆڵینه‌وه‌کانیان بکه‌ن به‌ڵام پارساڵ گرێبه‌سته‌که‌یان ته‌واو بوو و بڕیاریشه‌ له‌ 28ی ئه‌م مانگه‌ جارێکی دیکه‌ تیمه‌که‌ی زانکۆی کامبرێج به‌ کۆمه‌ڵێک پسپۆڕ و شاره‌زای بواری شوێنه‌وارناسی بگه‌ڕێنه‌وه‌ بۆ ئه‌شکه‌وتی شانه‌ده‌ر به‌ مه‌به‌ستی لێکۆڵینه‌وه‌ له‌م شوێنه‌ و بۆ ماوه‌ی سێ ساڵی دیکه‌ش به‌رده‌وام ده‌بن له‌ کارکردن."

به‌ڕێوه‌به‌ری فه‌رمانگه‌ی شوێنه‌واری مێرگه‌سۆری سۆران زیادی کرد: "تا ئێستا لێکۆڵینه‌وه‌کان به‌ سێ قۆناغدا تێپه‌ڕیوه‌، یه‌که‌میان له‌ ساڵی 1950 کاتێک شوێنه‌وارناسی ئه‌مریکایی ڕاڵف سولێکی سه‌ردانی عێراقی کرد و به ‌هاوکاریی به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تیی شوێنه‌وار سه‌ردانی ئه‌شکه‌وته‌که‌ ده‌کات و ده‌یکاته‌ بیرۆکه‌یێک که‌ کاری له‌سه‌ر بکات هه‌ر بۆیه‌ش دوای مۆڵه‌ت وه‌رگرتن له‌ 7-10-1951 ده‌ستی به ‌کار کرد و له‌ قۆناغه‌کانی سه‌ره‌تایی چه‌ند مه‌ترێک چووه‌ خواره‌وه‌ و ئێسکه‌په‌یکه‌رێکی دۆزییه‌وه‌ که‌ منداڵێکی نۆ مانگانه ‌بوو، ئه‌م کاره‌ی به‌رده‌وام بوو تا ساڵی 1960 و له‌گه‌ڵ منداڵه‌که‌ش هاوکات چه‌ندین یاری به‌ردینی کۆنی دۆزییه‌وه‌ که‌ ژماره‌یان 2 هه‌زار و 792 پارچه‌ بوو، ئه‌و کاته‌ کاربۆن 14 هه‌بوو که‌ جۆرێکه‌ له‌ پشکنین که‌ پشکنینێکی ساده‌ بوو، ئه‌وکات ناوبراو رایگه‌یاند که‌ پێش 60 تا 70 هه‌زار ساڵ مرۆڤایه‌تی لێره‌ ژیاون".

سۆران ئه‌میر شێروانی گوتیشی: "قۆناغی دووه‌م له‌ 1953 ده‌ستی پێکرد و ئه‌وکات هه‌ندێک ئێسک و په‌یکه‌ری مرۆڤی دۆزییه‌وه‌ و ئێسکه‌په‌یکه‌ری مرۆڤی نیانده‌رتاڵیشی دۆزییه‌وه‌ و ژماره‌یان نزیکه‌ی 21 پارچه‌ بوو، دواتر له‌ کتێبێکدا ئاماژه‌ به‌وه‌ ده‌کات که‌ گۆڕستانێک هه‌بووه‌ که‌ دوای مرۆڤی نیانده‌رتاڵ بووه‌، وای بۆ ده‌چێت که‌ مرۆڤ به‌ مه‌به‌ستی ئاژه‌ڵداری له‌و ناوچه‌یه‌ ماوه‌ته‌وه‌ و ژیانییان له‌م ئه‌شکه‌وته‌ کردووه‌، هه‌ر له‌ قۆناغی دووه‌م ڕاڵف سولێکی تۆزێک ده‌چێته‌ خواره‌وه‌ ده‌بینێت چه‌ند جۆرێک گوڵ له‌گه‌ڵ مردووه‌کان نێژراون و ئاماژه‌ به‌ هه‌شت جۆری گوڵ ده‌کات که‌ گوڵه‌کان زیاتر وه‌رزین و بریتین له‌ گوڵه‌ به‌یبوون، هێرۆ و چه‌ند جۆرێکی دیکه".

به‌ڕێوه‌به‌ری فه‌رمانگه‌ی شوێنه‌واری مێرگه‌سۆر له‌باره‌ی قۆناغه‌کانی دواتره‌وه‌ ئاماژه‌ به‌وه‌ ده‌کات که‌ ئێستاش تیمێکی کامبرێجی به‌ریتانی هه‌مان بۆچوونییان هه‌یه‌ که‌ ئه‌م شوێنه‌ به‌ وڵاتی گوڵ ناو ده‌به‌ن و له‌مباره‌یه‌وه‌ ده‌ڵێت: "ڕاڵف سولێکی له‌ نووسینێکدا ئاماژه‌ به‌وه‌ ده‌کات که‌ ئێسکه‌سه‌رێکی مرۆڤی نیانده‌رتاڵی له‌گه‌ڵ به‌شێک له‌ جه‌سته‌ی له‌ شوێنێک به‌جێهێشتوون و ئه‌مه‌ش بۆ ئه‌وه‌یه‌ که‌ تیمه‌کانی دوای خۆم بتوانن ئاسانتر کاره‌کانییان جێبه‌جێ بکه‌ن."

ناوبراو سه‌باره‌ت به‌ قۆناغی کاره‌کانی تیمی کامبرێجی به‌ریتانیا جه‌ختی کرده‌وه‌: "تیمه‌که‌ کاره‌که‌یان به‌ کۆتا نه‌هاتووه‌ به‌ڵام گرێبه‌سته‌که‌یان کۆتایی هاتووه‌ و داوایان کردووه‌ بۆیان نوێ بکرێته‌وه‌ و له‌ 28ی مانگ ئه‌و تیمه‌ دێنه‌وه‌ هه‌رێمی کوردستان و چه‌ند ڕۆژێک دواتر ده‌ستبه‌کار ده‌بن و ماوه‌ی سێ ساڵ به‌رده‌وام ده‌بن له‌ کارکردن له‌م ئه‌شکه‌وته‌".

ئه‌و به‌ڕێوه‌به‌ره‌ی فه‌رمانگه‌ی شوێنه‌واری مێرگه‌سۆر ده‌شڵێت: "خۆشبه‌ختانه‌ له‌م چه‌ند ساڵه‌ی ڕابردوودا ئێسکه‌په‌یکه‌ری نیانده‌رتاڵ لێره‌ دۆزرایه‌وه‌ و زانایان گه‌یشتوونه‌ته‌ ئه‌و ئه‌نجامه‌ی که‌ مرۆڤی نیانده‌رتاڵ 75 هه‌زار ساڵ پێش ئێستا لێره‌ ژیاون."

سۆران ئه‌میر شێروانی ڕاشی‌گه‌یاند: به‌شێک له‌ که‌لوپه‌له‌ دۆزراوه‌کان له‌ به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تیی شوێنه‌واری سۆران پارێزراون و به‌شێکی دیکه‌ش له‌ مۆزه‌خانه‌کانی ئه‌مریکایه‌ و تا ئه‌و کاته‌ی مۆزه‌خانه‌یێکی شیاو له‌ هه‌رێمی کوردستان دروست ده‌کرێت ئه‌و کات که‌لوپه‌له‌کانی ئه‌مریکا و عێراقیش ده‌گه‌ڕێندرێنه‌وه‌ بۆ هه‌رێمی کوردستان.

ناوبراو زیادیشی کرد: ئه‌گه‌رچی ئه‌شکه‌وته‌که‌ یه‌کێکه‌ له‌ شوێنه‌واره‌ جیهانییه‌کان به‌ڵام به‌هۆی ته‌واونه‌بوونی لێکۆڵینه‌وه‌ له‌لایه‌ن پسپۆڕ و شاره‌زایان هێشتا یونسکۆ نه‌یتوانیوه‌ هیچ قسه‌یێک له‌مباره‌یه‌وه‌ بکات به‌ پاساوی ته‌واونه‌بوونی لێکۆڵینه‌وه‌کان و نووسراویان ئاراسته‌ی لایه‌نی په‌یوه‌ندیدار کردووه‌ بۆ ئه‌وه‌ی ئه‌شکه‌وتی شانه‌ده‌ر بچێته‌ لیستی یونسکۆ به‌ڵام ئه‌مه‌ کاتی ده‌وێت.

شایانی باسه‌؛ ئه‌شکه‌وتی شانه‌ده‌ر ده‌که‌وێته‌ سه‌ر به‌رزاییی لووتکه‌ی چیای برادۆست له‌ قه‌زای مێرگه‌سۆری سه‌ر به‌ پارێزگای هه‌ولێر و دوو هه‌زار و 200 پێ له‌ ئاستی ڕووی ده‌ریاوه‌ به‌رزه‌. بۆ گه‌یشتن به‌م ئه‌شکه‌وته‌ پێویسته‌ 390 پلیکانه‌ سه‌رکه‌ویت، مێژووی ئه‌م ئه‌شکه‌وته‌ بۆ 80 هه‌زار ساڵ به‌ر له ‌زایین ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ و به‌ کۆنترین و گه‌وره‌ترین ئه‌شکه‌وت داده‌ندرێت له‌ عێراقدا و به‌رزاییه‌که‌ی ئه‌شکه‌وته‌که‌ 18 مه‌تر و درێژییه‌که‌ی 40 مه‌تره‌ و پانیی 27 مه‌تر تا 60 مه‌تره‌ له‌ ناوه‌وه.

کۆدی هه‌واڵنێر: 60103

News Code 75708

Your Comment

You are replying to: .
captcha