بەپێی هەواڵی کوردپرێس، وەزارەتی دەرەوەی سووریا بە توندی رێککەوتنی ئەمریکا و تورکیای لەوبارەیەوە رەت کردووەتەوە و رایگەیاندووە: رێککەوتنی ئەو دوو دەوڵەتە لەسەر خاکی باکووری سووریا پێشێل کردنی یاسا و بنەما نێودەوڵەتییەکانە.
ئێوارەی رۆژی چوارشەممە 7-8-2019، وەزارەتی دەرەوەی تورکیا رایگەیاند: لەگەڵ ئەمریکا لەسەر دروست کردنی ناوچەیێکی ئارام لە رۆژهەڵاتی رووباری فورات لە کوردستانی سووریا، رێککەوتوون.
سەرلەبەیانیی ئەمڕۆ پێنجشەممە گوتەبێژی پنتاگۆن رایگەیاند رێککەوتنی نێوان ئەمریکا و تورکیا لەبارەی کوردستانی سووریا، بە چەند قۆناغێک جێبەجێ دەکرێ و ئەمریکا ئامادەیە هەندێک کاری تایبەت بە دروست کردنی ناوچە ئارامەکە "بەزوویی" جێبەجێ بکات.
بەپێی رێککەوتنەکە، ئەمریکا و تورکیا سەنتەرێکی هاوبەش بۆ ئیدارەدانی ناکۆکییەکانی نێوان هێزەکانی سووریای دیموکراتی (هەسەدە) و تورکیا، دەکەنەوە.
هەسەدە هێزێکی سەربازییە و بە پشتیوانیی ئەمریکا بۆ رزگارکردنەوەی ناوچە داگیرکراوەکانی کوردستانی سووریا لە رێکخراوی تیرۆریستی داعش، پێکهاتووە.
کۆدی هەواڵنێر: 60113
Your Comment