پێشمەرگە لە دەوروبەری جەلەولا جێگیر دەکرێت

هێزی پێشمەرگە و ئاسایشی گەرمیان لە ئۆپەراسیۆنێکدا کێوماڵی شارۆچکەی کوڵەجۆ و گوندەکانی دەوروبەریان کرد بۆ پاککردنەوەی ناوچەکە لە پاشماوەی داعش و، لەنێو باخەکانی شارۆچکەکەش، سەنگەر دادەنێن.

کوردپرێس:

رائید سمكۆ عه‌لی، به‌رپرسی ئاسایشی كوڵه‌جۆ لە ناوچەی جلەولا دەڵێت "دوو لیوای هێزه‌كانی پێشمه‌رگه‌ هێنراونه‌ته‌ سنووره‌كه‌. به‌شێك له‌و هێزانه‌ له‌نێو باخه‌كانی کوڵەجۆ جێگیرده‌كرێن".

هێزه‌كان ده‌یانه‌وێ سنوورێك بۆ چه‌كدارانی داعش دابنێن، بۆیه‌ سه‌رجه‌م ئه‌و رێگەیانەیان ده‌ستنیشان­ كردن، كه‌ چەکدارانی داعش لێیانه‌وه‌ لە سنوورەکە هاتووچۆ ده‌كه‌ن.

به‌هۆی هێرشەکەی چەند رۆژی رابردووی داعش بۆ سەر بنکەی ئاسایش لە کوڵەجۆ، کە چوار پێشمەرگە و کارمەندی ئاسایش شەهید بوون، دانیشتووانی كوڵه‌جۆ تووشی ترس و دڵه‌ڕاوكێ بوون و داوای هێزی زیاتری پێشمەرگە دەکەن لە ناوچەکەیان.

له‌ چه‌ند رۆژی رابردوودا عادل عەبدولمەهدی، سەرۆکوەزیرانی عێراق داوای له‌ وه‌زیری به‌رگری و ناوخۆی عێراق کرد خۆیان بۆ ئۆپەراسیۆنێكی فراوان له‌ سنووری دیاله‌ و نه‌ینه‌وا ئاماده‌بكه‌ن، دوێنێش عادل عه‌بدولمه‌هدی، فه‌رمانده‌ی گشتیی هێزه‌ چه‌كداره‌كانی عێراق له‌ سه‌ربازگه‌ی كوبراوه‌ له‌نێوان گوڵاڵه‌ و سه‌عدیه‌ سه‌رپه‌رشتی ئۆپەراسیۆنێکی سوپای عێراق و حەشدی شەعبی کرد بۆ لەنێوبردنی چەکدارانی داعش لە سنوورەکە.

به‌پێی زانیارییه‌ هه‌واڵگرییه‌كانی عێراق؛ داعش جارێكی دیكه‌ ویلایه‌تی حه‌مرینی دروست كردووەته‌وه‌، کە سه‌رجه‌م چه‌كدارانی داعش له‌ سنووری پارێزگەكانی: نەینەوا، سه‌ڵاحه‌دین، دیاله و‌ كه‌ركووك په‌یوه‌ست بوون به‌و ولایه‌ته‌وه‌ و ته‌نیا له‌ سنووری پارێزگەی دیاله‌، ژماره‌ی چه‌كدارانی داعش لە سه‌رووی 200 چه‌كداره‌.

News Code 75558

Your Comment

You are replying to: .
captcha