ئایا کۆبانێ شەڕێکی­تر بە خۆوە دەبینێت؟

بەشی سووریا- تورکیا سوپایێکی تەواوی لە سنووری کۆبانێ و گرێ سپی جێگیر کردووە و لەم دیوی سنووریشەوە هیچ هێزێک نیە کە لەباری سەربازییەوە لە ئاستی ئەو هێزە تورکییەدا بێت جگە لە هێزی ئاسمانیی ئەمریکا. ئەگەری ئەوەش هەیە کە دوو هاوپەیمانەکەی ناتۆ بەبۆنەی کوردی سووریاوە تووشی ڕووبەڕووبوونەوەی سەربازی ببن.

کوردپرێس:

هەڵمەتی سەربازیی تورکیا بۆ سەر خۆرهەڵاتی ڕووباری فورات بەردەوام یەک لە بەرنامە سەربازییەکانی تورکیا بووە بەڵام لە ماوەی ڕابردوودا بەبۆنەی کۆمەڵێک داڵغەی نێوخۆیی و دەرەکیی تورکیاوە ئەو بابەتە کەوتبووە پەراوێزەوە. ئێستا کە گفتوگۆکان لە سەر ناوچەی ئارام ئەنجامی باشی نەبووە تورکیا دیسان باسی هەڵمەتی سەربازیی کردووە و ئەو هەڵوێستەش کە ئەمریکا تا ئەم کاتە وەریگرتووە بە دڵی تورکیا نیە.

تورکیا ژمارەیێکی زۆر هێزی ڕەوانەی سنوورەکانی خۆی کردووە بەتایبەتی لە مەودای نێوان شاری سورۆچ (بەرانبەر بە کۆبانێ) و ئاکچاکالە (بەرانبەر بە گرێ سپی). ئەوەش وەک وەڵامێک بۆ وەڵامنەدانەوەی ئەمریکا و کات بە فیڕۆدانی واشەنتن لەبارەی دامەزراندنی ناوچەی ئارام لە باکووری سووریا. مەودای نێوان سورۆچ و ئاکچاکالە 70 کیلۆمەترە. ئەگەر تورکیا بێتوو ئوپەراسیۆنە سەربازییەکەی دەست پێبکات لەو ناوچەیەدا ئوپەراسیۆن دەکات. وا دەردەکەوێت ئامانجی ئوپەراسیۆنەکەش ئەوە بێت خۆرهەڵات و خۆرئاوای کۆبانێ لێک ببڕێت و پێشتێنی ناوچەی ژێردەسەڵاتی کوردی سووریا بپچڕێنێت.

کۆکردنەوەی هێزی سوپای تورکیا لە سەر سنوورەکانی سووریا لە ئاستی سوپایێکی تەواودا خۆ دەبینێتەوە و دوو لیوای زرێپۆش و دوو لیوای میکانیزە و دوو لیوا کۆماندۆ لە خۆ دەگرێت. لەو دیوی سنووریشەوە لەباری سەربازییەوە هیچ شتێک نیە کە لە ئاستی ئەو هێزە تورکییەدا بێت جگە لە هێزی ئاسمانیی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا. ئایا تورکیا و ئەمریکا کە دوو هاوپەیمانی ناتۆن لە سەر کوردی سووریا تووشی پێکدادان دەبن؟ تا ئێستاش وەڵامی ئەم پرسیارە دیار نیە. بەڵام چ ئەمریکاش و چ تورکیاش باش دەزانن ئەگەر شتی وا ڕوو بدات زۆر شت کۆتاییی پێدێت.

کاتێک مانگی ئووتی ساڵی ڕابردوو جەیمز جێفری دیپڵۆماتکاری کۆنەکاری ئەمریکی وەک نوێنەری تایبەتی ئەمریکا بۆ کاروباری سووریا دەستنیشان کرا هیواکان بووژانەوە. جێفری وەک باڵوێزی ئەمریکا لە تورکیا و پاشان لە عێراق کاری کردبوو و بەباشی ناوچەکەی دەناسی.

بەرژەوەندییەکانی تورکیا و ئەمریکا لە سووریا و بەتایبەتی لە باکووری ئەو وڵاتە زۆر لە یەکتر دوورن و لە مەسەلەی دامەزراندنی ناوچەی ئارامیشدا تەنانەت بەرژەوەندیی دژەیەکیان هەیە. ئەمریکا دەیەوێت ناوچەی ئەمن بۆ پاراستنی یەکینەکانی پاراستنی گەل (YPG) لە بەرانبەر هێرشەکانی تورکیا دابمەزرێت. زۆرینەی بەرپرسانی باڵای ئەمریکا نیگەرانیی خۆیانیان بەرانبەر بە ئاسایشی کوردەکان بە گشتی و YPG بەتایبەتی دەربڕیوە. تورکیا چەندین جار وتوویەتی دومنایەتیی کورد ناکات و ئامانجی ئەنقەرە تەنیا یەپەگەیە. چوونکە بە بڕوای تورکیا YPG پێوەندیی قووڵی لەگەڵ پەکەکە هەیە و پەکەکەش ئەو گرووپەیە کە تورکیا زیاتر لە سێ دەیە شەڕی لەگەڵ دەکات.

مایک پۆمپیۆ وەزیری دەرەوەی ئەمریکا لە مانگی کانوونی دووهەمی 2019دا ڕایگەیاند سەرۆککۆماری ئەمریکا مکووڕە لە سەر ئەوەی ڕێگە نەدرێت تورکیا پێستی کورد داماڵێت.

ترەمپ لە تویتەردا نووسیی ئەگەر تورکیا هێرش بکاتە سەر کوردی سووریا ئەوا واشەنتن ئابووریی تورکیا دەڕووخێنێت. سەرۆکی ئەمریکا سەلماندیشی کە لەو بڕیارەی زۆر جیدییە. سیاسەت و قسەی ئەمریکاش لەو کاتەوە هەمان سیاسەت بووە و ئەگەرچی چەندین دیداری سیاسی لە نێوان ئەمریکا وتورکیا ئەنجام درا بەڵام هیچ پێشکەوتنێک دەستەبەر نەبووە.

ئەمریکا بەردەوامە لە پشتگیری کردنی یەپەگە و بەو پێیەش کەرەستەی سەربازی و چەک و تەقەمەنی ڕادەستی ئەو هێزانە دەکات و سەرقاڵە بە مەشقی سەربازی بە YPG. یەک لە ئامانجە سەرەکییەکانی ئەمریکاش لەو پشتگیری کردنە ئەوەیە کورد وەک کارتی گوشار بەکار بهێنێت بۆ سەر دەوڵەتی ناوەندیی دیمەشق و لە پڕۆسەی نووسینەوە و چەسپاندنی دەستووری سووریا کەڵکیان لێ وەربگرێت. ئامانجێکی دیکەی ئەمریکاش ڕەنگە ئەوە بێت پێگەی کورد لە ناوچەکە بەرز ببێتەوە. تورکیاش حەز بە کزبوونی دەوڵەتی ناوەندیی سووریا دەکات و لەو بوارەدا لەگەڵ ئەمریکا خاوەنی بەرژەوەندیی هاوبەشن بەڵام هەرگیز حەز بە سەقامگرتن و بەرزبوونەوەی پێگەی کورد ناکات.

حکوومەتی سووریاش بە توندی دژی ئەو بڕیارەیە کە ناوچەی ئارامی ژێردەسەڵاتی تورکیا لە باکووری سووریا پێکبهێنرێت و هەروەهاش دژی سەقامگرتن و دەسەڵاتگرتنی کوردیشە. بۆیە بە جۆرێک لە جۆرەکان لەو مەسەلەیەدا کۆدەنگی لە نێوان سووریا و تورکیا هەیە.

ئێران و ڕووسیاش لە سووریا بوونیان هەیە و مەسەلەی سووریا پشتگیری دەکەن و تورکیا لە دانیشتنەکانی ئەستانە و سۆچی هاوکاریی ئەو دوو وڵاتەی کردووە. ڕووسیا نیازیەتی لە دانیشتنەکانی ئەستانەدا بەشداری بە ئەڵمانیا و فەڕەنسا بکات و ئەگەر ئەو نیازەی ڕووسیا جێبەجێ بکرێت ئەوا تورکیا زیاتر لە ڕابردووش دەکەوێتە پەراوێزەوە. هەر بۆیەش ئەنقەرە ناچارە دەرەچەیێک بدۆزێتەوە بۆ ئەوەی هاوکاری و پێوەندیی خۆی لەگەڵ دیمەشق دەست پێبکات. ئەگینا خەسار و زەبری قورس لە بەرژەوەندییە دوورماوەکانی خۆی لە سووریا دەدات.

News Code 75549

Your Comment

You are replying to: .
captcha