به‌پێی هه‌واڵی کوردپرێس، ئاڵدار خه‌لیل ئه‌ندامی ده‌سته‌ی جێبه‌جێکاریی ته‌ڤگه‌ری جڤاکی دیموکراتی کوردی سووریا (TEV-DEM) جارێکی‌تر ئاماژه‌ی به کاره‌کانی تورکیا له ڕۆژهه‌ڵاتی فورات کرد و ڕایگه‌یاند: عه‌فرین ئارامترین و سه‌قامگیرترین شاری سووریا بوو. شوێنێک که ده‌یان هه‌زار سووری په‌نایان بۆ ئه‌و شاره هێنابوو به‌ڵام ئه‌و شاره کرایه ئامانج و داگیر کرا. ئه‌مه‌ش بۆیان به‌س نییه و له ئێستادا هه‌وڵ ده‌ده‌ن ڕۆژهه‌ڵاتی فورات داگیر بکه‌ن. ئه‌مانه هه‌رێمی کوردستانی عێراقیش داگیر ده‌که‌ن. ئامانج ته‌نها یه‌ک ناوچه، یه‌ک ڕێکخراو یان پێکهاته‌یێکی دیار نییه. ئامانجیان بووژانه‌وه‌ی ڕۆئیای عوسمانییه. بێگومان ڕه‌جه‌ب ته‌ییب ئه‌ردۆغان سه‌رۆک کۆماری تورکیا له ڕێگای ئیسلامی سیاسییه‌وه که پشتی پێبه‌ستووه هه‌وڵه‌کانی بۆ دامه‌زراندنی ده‌سه‌ڵاتی گشتگیر له ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست چڕ ده‌کاته‌وه به‌ڵام به‌م ئاسانییه‌ش نییه. ئه‌ردۆغان بۆ ئه‌وه‌ی که خۆی به "سوڵتان" ده‌بینێت ده‌یهه‌وێت ده‌سه‌ڵاتێکی گشتگیر و ڕه‌های له ناوچه‌که‌دا بێت. به شێوه‌یێکی جیدی پێی وایه که ده‌توانێت میساقی نیشتیمانی جێبه‌جێ بکات.
ناوبراو له درێژه‌ی لێدوانه‌کانیدا ته‌ئکیدی له‌سه‌ر هه‌ڕه‌شه جیدییه‌کانی ئه‌مدواییه‌ی ئه‌ردۆغان کرده‌وه و گوتی: ئه‌م مه‌سه‌له له چه‌ندین بابه‌ته‌وه سه‌رچاوه ده‌گرێت. یه‌که‌م ئه‌وه‌ی که ئه‌ردۆغان له هه‌ڵبژاردنی ئه‌مدواییه‌ی تورکیا شکستی هێنا و پرستیژی ناوبراو له‌ناو چوو و وه‌ک ڕابردوو ناتوانێت به‌ره‌وپێشه‌وه بڕوات. دووهه‌م ئه‌وه‌ی که له ناو حیزبه‌که‌ی ململانییێکی قووڵ دروست بووه و زۆربه‌ی ئه‌ندامان و ته‌نانه‌ت دامه‌زرێنه‌رانی پارتی داد و گه‌شه (AKP) هه‌وڵ بۆ دامه‌زراندنی حیزبێکی نوێ له تورکیا ده‌ده‌ن. سێهه‌م ئه‌و هاوپه‌یمانێتییه که له‌گه‌ڵ پارتی بزاڤی نه‌ته‌وه‌په‌ره‌ست (MHP) ئه‌نجامی دا که‌مێک به‌ره‌وپێشه‌وه چوو به‌ڵام له ئێستادا وه‌ستاوه و ڕۆژ له دوای ڕۆژ ساحه بۆ به‌رده‌وامیی ئه‌م هاوپه‌یمانییه ته‌نگتر ده‌بێته‌وه. له ڕووی ئابووریشه‌وه قه‌یرانێکی گه‌وره دروست بووه و به‌و شێوه‌یه که ده‌یانهه‌وێت کاره‌کان به‌ره‌وپێشه‌وه ناچێت.
خه‌لیل له‌باره‌ی ناوچه ئارامه ئاماژه‌پێکراوه‌که‌ی باکووری سووریا ڕاشیگه‌یاند: تورکیا ده‌یه‌وێت له سه‌رانسه‌ری سنوور به قووڵاییی 30 تا 40 کیلۆمه‌تر پشتێنه‌یێکی ئارام دروست بکات و ئیداره‌ی خۆسه‌ری باکووری سووریا له‌ناو ببات. ناوی ئه‌م پڕۆژه‌یه ناوچه‌ی ئارام نییه. ناوچه‌ی نائارام و داگیرکارییه. له هه‌مان کاتدا ده‌ڵێت ده‌چمه ناو ڕۆژهه‌ڵاتی فورات، ده‌یه‌وێت وه‌کوو عه‌فرینی لێبکات و هێزه‌کانی سه‌ر به خۆی له‌و شوێنه جێگیر بکات. له هه‌موو هه‌لێکدا ئێمه ڕایده‌گه‌ینین شه‌ڕمان ناوێت، له وڵاتی خۆمانین و زیانمان به که‌س نه‌گه‌یاندووه.
سه‌رچاوه: ڕۆژنامه‌ی دیوار
کۆدی هه‌واڵنێر: 60103
Your Comment