بەپێی هەواڵی کوڕدپرێس، پەروین بوڵدان، هاوسەرۆکی پارتی دیموکراتی گەلان (هەدەپە) لە وتارێکدا بۆ لایەنگرنی پارتەکەی لە شاری مانیسا ئاماژەی بەوە کرد، هەدەپە لە هەڵبژاردنەکەی حوزەیرانی ساڵی داهاتوودا رۆڵی یەکلاییکەرەوەی دەبێت بۆ گۆڕینی سیستمی حکوومەتی سەرۆکایەتی و دەڵێت "ئێمە ئەو دەسەڵاتە گەورەیەین کە ئەردۆغان لە دەسەڵات لادەبات".
ناوبراو ئەوەشی خستەڕوو، نابێت گەل هیچ گومانێکی هەبێت لەوەی کە هەدەپە شەو و رۆژ بەشێوەیەکی بەرپرسیارانە کار دەکات و "ڕێگایەکی دوور و درێژمان لە پێشە کە پڕە لە بەربەست. بەڵام ئێمە پشتیوانی ئەو هێزانەمان هەیە کە ئاشتی و دیموکراسییان دەوێت لەم وڵاتەدا. بۆیەش بەڵێنتان پێدەدەین سەرکەوتوو دەبین و پێکەوەش سەردەکەوین".
هاوسەرۆکی هەدەپە پەیوەست بە پرسی کوردیش وتی، ئەوانەی نکوڵی لە کور دەکەن لەئێستادا هیچ رۆڵێکیان نییە و له مێژوی سیاسەتدا نین، بۆیەش هەدەپە کە پارتی چارەسەری تورکیایە و سەرەڕای چەندین ئۆپراسیۆن بۆ بە ئامانجگرتنی و ئەنجامدانی کودەتای دادوەری لە دژی، "بڕیاری دەستپێکی سەردەمێکی نوێی داوە کە ئاکپارتی لە زبڵدانی مێژودا دەبێت."
Your Comment