کوردپرێس:
دامەزراوەی میدیایی درەو لە ڕاپۆرتێکی تێروتەسەلدا لەسەر ئاڵۆزی و قەیرانی پێوەندیەکانی نێوان یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان و پارتی دیموکراتی کوردستان بڵاوی کردەوە: ژمارەکان نیشانی دەدەن تەنانەت ئەگەر بزووتنەوەی گۆڕانیش لەگەڵ یەکێتیدا لە حکوومەت بکشێتەوە هێشتا لەڕووی یاساییەوە حکوومەت ناکەوێت. یەکێتی کارتی حکوومەتی تاقی کردەوە، ئەگەر رێککەوتن نەکرێت دوای حکوومەت هەوڵی پەکخستنی پەرلەمان دەدات، دۆخەکە گەیشتوەتە دواین ترۆپی خۆی، بەڵام هێشتا مەسروور بارزانی دەڵێ هێشتا تێنەگەیشتووم یەکێتی چی دەوێت؟!
وردەکاریی زیاتر لەبارەی دواین پەرەسەندنی پەیوەندییەکانی نێوان پارتی و یەکێتییەوە.
هەوڵی گفتوگۆیەکی نوێ
رۆژی چوارشەممەی ئەم هەفتەیە ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان کۆبوونەوەی ئاسایی خۆی دەکات، بڕیارە لەم کۆبوونەوەیەدا تیمی یەکێتی بەشداری نەکات، بەڵام (درەو) زانیویەتی هەوڵێکی نوێ لە ئارادایە بۆ رێککەوتن لەنێوان هەردوولادا و ئەگەر سەرکەوێت ئەگەری گەڕانەوەی یەکێتی هەیە بۆ ناو کۆبوونەوەکانی حکوومەت.
دوای نزیکەی دوو مانگ بایکۆت کردنی کۆبوونەوەکانی حکوومەت، قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆک وەزیرانی هەرێم و سەرۆکی تیمی یەکێتی هیچ دەستپێشخەرییەکی لەلایەن پارتییەوە پێنەگەیشتووە بۆ چارەسەرکردنی ناکۆکییەکان، بۆیە ئاستی بایکۆتی تیمی یەکێتی لە هەڵوێستێکی تایبەتی خۆیەوە بەرزکردەوە بۆ هەموو وەزیرەکانو لە یەکەم هەنگاویشدا وایکرد وەزیرەکانی یەکێتی لەگەڵ وەفدی حکوومەت نەچن بۆ بەغدا.
سەرچاوەیەک لە تیمی پارتی لەناو حکومەت بە درەو-ی راگەیاندووە: "تائێستا تیمی یەکێتی هیچ نووسراوێکیان ئاڕاستەی سەرۆکی حکوومەت نەکردووە و بە فەرمی کێشەکانیان نەخستووەتە بەردەم ئەنجومەنی وەزیران".
سەرچاوەکە وتیشی: "ئەگەر یەکێتی بیەوێت حکوومەت پەکبخات، هەرگیز ناتوانێت، چوونکە تەنانەت هەموو وەزیرەکانیشی دەستلەکار بکێشنەوە حکوومەت هەڵناوەشێتەوە و بریکارەکانیان شوێنیان دەگرنەوە".
بەپێی قسەی سەرچاوەکەی پارتی: "یەکێتی لەڕێگەی باڵیۆزی وڵاتانەوە پەیام بۆ پارتی دەنێرێتو چاوەڕێی ئەوە دەکەن مەسرور بارزانی پەیوەندی بە قوباد تاڵەبانییەوە بکاتو بانگهێشتی بکاتەوە بۆ ناو کۆبونەوەکانی حکوومەت"، بەڵام وەکوو ئەو دەڵێ "مەسروور بارزانی ئامادە نییە تەلەفۆن بکات، چوونکە پێیوایە کێشەکە لە ئەوەوە سەرچاوەی نەگرتووەو لەدوای روداوی تیرۆرکردنی هاوکار جافەوە یەکێتی هەڵوێستی وەرگرتووە".
لەبەرامبەردا، سەرچاوەیەک لە تیمی یەکێتی بە درەو-ی راگەیاند: "ئەم شێوازە ئیدارەدانەی حکومەتمان قبوڵ نییەو تا نیگەرانییەکانمان نەڕەوێتەوە ناگەڕێنەوە بۆ کۆبونەوەکانی حکوومەت".
ئەو بەرپرسەی یەکێتی باسی لەوەکرد، دۆخەکە گەیشتوەتە ئاستێک پێشبینی ناکەن جارێکی تر قوباد تاڵەبانی بگەڕێتەوەو لەگەڵ مەسرور بارزانیدا کار بکات.
قوباد تاڵەبانی سەرۆکی تیمی یەکێتی فەرمانی بە وەزیرو بەرپرسانی یەکێتی کردووە، نەک نابێت بەشداری لە کۆبونەوەکانی حکومەتدا بکەن، بەڵکو نابێت لەمەودوا بەشداری هیچ مەراسیمێکی حکوومیش بکەن، ئەمە کاردانەوەیە بەرامبەر بە دوو بڕیار چەند رۆژی رابردوو ئەنجومەنی وەزیران دەریکردوو ئەمانەن:
- بڕیاری یەکەم: خانەنشین کردنی (سەرکەوت حەسەن) ناسراو بە "سەرکەوتی کوبە" کە یەکێتی کاندیدی کردبوو بۆ پۆستی بریکاری وەزیری ناوخۆ لە شوێنەکەی (چەتۆ ساڵح)، سەرکەوت حەسەن پێشتر لەسەر پشکی گۆڕان بریکاری وەزیری ناوخۆ بوو، کاتێک یەکێتی کاندیدی کردەوە بۆ ئەو پۆستە، رێبەر ئەحمەد وەزیری ناوخۆ یەکسەر فەرمانی خانەنشیکردنی بۆ دەرکرد، یەکێتی دەیەوێت بریکاری وەزیری ناوخۆ بگۆڕێت، دەرکردنی ئەم بڕیارە لەم کاتەدا وا لێکدەداتەوە پارتی رێگری بۆ دروست دەکات، یەکێتی بڕیارەکە بە "سیاسی"و پارتیش بڕیارەکە بە "یاسایی" ناودەبات.
- بڕیاری دووەم: پێدانی دەسەڵاتەکانی (شۆڕش ئیسماعیل) وەزیری پێشمەرگە لە پشکی یەکێتی بە (سەربەست لەزگین) بریکاری وەزیری پێشمەرگە لە پشکی پارتی، یەکێتی دەیەوێت وەزیری پێشمەرگە بگۆڕێت، دەرکردنی ئەم بڕیارە لەم کاتەدا وا لێکدەداتەوە پارتی رێگری بۆ گۆڕینی وەزیرێکی یەکێتی دروست دەکات.
بەپێی زانیارییەکانی (درەو)، بەرلەوەی پەیوەندییەکانی پارتیو یەکێتی بەتەواوەتی تێکبچێتو یەکێتی بەتەواوەتی کۆبونەوەکانی حکومەت بایکۆت بکات، هەوڵێک لە ئارادا بووە بۆ گەیشتن بە رێککەوتن لەنێوان هەردوولاو تەنانەت لەسەر شێوازی گۆڕینی وەزیرەکانیش لە رێککەوتنی کۆتایی نزیکبونەتەوە (هاوشێوەی یەکێتی، پارتیش دەیەوێت وەزیرێکی خۆی بگۆڕێت کە پشتیوان سادقی وەزیری ئەوقافە، پشتیوان لەدوای کۆنگرەی 14وە بە ئەندامی مەکتەبی سیاسی پارتی هەڵبژێردرا، بەپێی بڕیاری ناوخۆیی پارتی ئەوانەی دەبن بە ئەندامی مەکتەبی سیاسی دەبێت دەستبەرداری پۆستە حکومییەکانیان بن لەناو هەرێمی کوردستان.
ئەگەر ئەمجارە نەگەنە رێککەوتنو دەستپێشخەرییە نوێیەکان شکست بهێنن، بەپێی بەدواداچوونەکانی (درەو) رەنگە یەکێتی دوای بایکۆتکردنی کۆبونەوەکانی حکومەت، هەوڵی پەکخستنی کۆبونەوەکانی پەرلەمانیش بدات لەڕێگەی سەرۆکی پەرلەمانەوە.
یەکێتی لە چی نیگەرانە؟
ئەوەی تائێستا یەکێتی لە میدیاکانییەوە بە فەرمی لەبارەی سەرچاوەی کێشەکانییەوە لەگەڵ پارتی باسیکردووە، ئەمانەن:
- تاکڕەوی لە دەرکردنی بڕیارە ئەمنییەکاندا (لەمەشدا بەدیاریکراوی مەبەست لە کەیسی کوژرانی هاوکار جافو هەندێک بڕیاری وەزارەتی پێشمەرگەو راگرتنی موچەی هێزی دژەتیرۆری یەکێتیو چەند کەیسێکی تری ئەمنییە.
- دروست کردنی کێشە بۆ ئاڵوگۆڕی پۆستەکانی یەکێتی لەناو حکومەت (یەکێتی دەیەوێت وەزیری پێشمەرگەو بریکاری وەزیری ناوخۆو بەڕێوەبەرێکی گشتی لە وەزارەتی ناوخۆ کە پشکی خۆیەتی بگۆڕێت بە کاندیدی نوێ، لەپاڵ ئەمەدا بەمدواییە پۆستێکی تری یەکێتی لە حکومەت چۆڵ بووە کە پۆستەکەی خالید شوانی وەزیری هەرێمە بۆ پەیوەندی لەگەڵ بەغداد، خالید شوانی لەسەر پشکی یەکێتی پۆستی وەزیری دادی عێراقی وەرگرت.
- جیاوازیکردن لە نێوان ناوچەکانی لەلایەن حکومەتی مەسرور بارزانییەوە (یەکێتی دەڵێ سلێمانی پەراوێز خراوە، پارتی دەڵێ یەکێتی داوای لامەرکەزیەتی دارایی کردووەو ئەو دەسەڵاتەی پێدراوە، خۆی بەرپرسە لە دواکەوتنی دۆخی خزمەتگوزاریو ئاوەدانی لە سلێمانی.
بەپێی بەدواداچوونەکانی (درەو)، مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەت کە هاوکات جێگری سەرۆکی پارتییە، تائێستا لەلای کەسە نزیکەکانیو نێوەندگیرەکان باسی لەوە کردووە داواکارییەکانی یەکێتی روون نین و هەرجارەی بیانوویەک دەهێننەوە.
هەندێک لە پارتییەکان دورتر دەڕۆن، پێیانوایە جموجوڵەکانی ئەمدواییەی یەکێتی لەچوارچێوەی پرۆژەیەکی هەرێمایەتیدایە بۆ دابەشکردنی هەرێمی کوردستان.
حکوومەت بەبێ یەکێتی !
کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێم لە (23) ئەندام پێکهاتووە، بەم شێوەیە دابەشبووە:
. پارتی کە براوەی یەکەمی هەڵبژاردنە، (11) وەزیری هەیە بە پۆستی سەرۆک وەزیرانەوە، واتا (48%)ی تێکڕای حکومەتی بەدەستەوەیە
. یەکێتی کە براوەی دووەمی هەڵبژاردنە، (6) وەزیری هەیە بە جێگری سەرۆک وەزیرانەوە، واتا (26%)ی تێکڕای حکومەتی بەدەستەوەیە
. بزوتنەوەی گۆڕان کە براوەی سێیەمی هەڵبژاردنە، (4) وەزیری هەیە، واتا (17%)ی تێکڕای حکومەتی بەدەستەوەیە
. پارتی سۆسیال دیموکرات، (1) وەزیری هەیەو دەعوەتی پارتییە لە حکومەتدا، واتا (4.5%)ی حکومەتی بەدەستەوەیە
. پێکهاتەکان، (1) وەزیری هەیە کە لای تورکمانە، ئەمانیش لەلایەن پارتییەوە دەعوەتی ناو حکومەتەکە کراون، (4.5%) حکومەتیان بەدەستەوەیە
ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان بە دەستلەکارکێشانەوەی (50+1)ی وەزیرەکانی بە "هەڵوەشاوە" ئەژمار دەکرێت، ئەگەر سەرجەم وەزیرەکانی یەکێتی کە (6) وەزیرن دەستلەکار بکێشنەوە حکومەت بە هەڵوەشاوە ئەژمار ناکرێت، تەنانەت ئەگەر وەزیرەکانی بزوتنەوەی گۆڕانیش لەگەڵ وەزیرەکانی یەکێتیدا بکشێنەوە هێشتا حکومەت بە هەڵوەشاوە ئەژمار ناکرێت، چونکە بەهەردووکیان (10) وەزیریان هەیەو ئەمە تەنیا رێژەی (44%)ی کۆی گشتی ئەنجومەنی وەزیران پێکدەهێنێت.
یەکێتی بەمدواییە لە ماڵەکەی مام جەلال لە دوکان کەسی یەکەمی حزبە سیاسییەکانی کۆکردەوە جگە لە (پارتیو نەوەی نوێ) کە بەشدار نەبوون، ئامانجی ئەم کۆبونەوەیە دروستکردنی بەرەیەکی سیاسی نوێ بوو دژ بە پارتی، بەڵام هیچ رێککەوتنێکی تێدا ئیمزا نەکرا.
هاوشێوەی پەرلەمانی کوردستان، پارتیو هاوپەیمانەکانی لە ئەنجومەنی وەزیراندا زۆرینەن، پارتی (11) وەزیری هەیە بە پۆستی سەرۆک وەزیرانەوە، وەزیرێکی سۆسیال دیموکراتو وەزیرێکی پێکهاتەکانیشی لەگەڵدایە، بەمەش بەرەکەی پارتی بە تێکڕا بەرەکەی پارتی (13) وەزارەتی بەدەستەوەیەو کە رێژەی (56%)ی ئەنجومەنی وەزیران پێکدەهێنێت، واتە زیاتر لە رێژەی 50+1ی حکومەت بەدەست پارتییەوەیەو لەڕووی یاساییەوە یەکێتی ناتوانێت کابینەی مەسرور بارزانی هەڵوەشێنێتەوە.
بەڵام هاوشێوەی هەموو پرسەکانی تر، لەم بابەتەشدا ئەوەی لە کۆتایدا حوکم دەدات ژمارەی وەزارەت و کورسییەکان نییە، چونکە لەڕووی کردارییەوە هەرێمی کوردستان دابەش بووە بەسەر دوو زۆنی دەسەڵاتداری پارتیو یەکێتیداو هیچ کامیان بەبێ ئەوەی تریان ناتوانن حوکمڕانییەکی سەرتاسەری ئیدارە بدەن.
کابینەی نۆیەم.. سەرەتا و کۆتاییەکی خراپ
بەهۆی ئەوەی لایەنەکان لەسەر چۆنیەتی ئەنجامدانی خولی شەشەمی هەڵبژاردنی پەرلەمان نەگەیشتنە رێککەوتن، رۆژی 9ی ئۆکتۆبەری رابردوو پەرلەمانی کوردستان تەمەنی خۆی بۆ ماوەی ساڵێک درێژکردوەوە، رەنگە ئەم ساڵە جارێکی تریش درێژبکرێتەوە ئەگەر پەیوەندییەکانی پارتیو یەکێتی بەمشێوەیە بە گرژی بمێنێتەوە.
بە درێژکردنەوەی تەمەنی پەرلەمان، حکومەتو سەرۆکایەتی هەرێمیش بوون بە دوو دامەزراوەی ماوە بۆ درێژکراوە، چونکە هەردووکیان لە پەرلەمانەوە متمانەیان پێدراوە، بەمشێوەیە سێ سەرۆکایەتییەکەی هەرێمی کوردستان ماوەی یاساییان کۆتایی هاتووەو تەنیا هەڵبژاردن دەتوانێت شەرعیەتی تەواوەتییان بۆ بگەڕێنێتەوە.
هەڵبژاردنی خولی پێنجەمی پەرلەمانی کوردستان رۆژی 30ی ئەیلولی 2018 بەڕێوەچوو، دوای نزیکەی مانگێک لە بەڕێوەچوونی هەڵبژاردن، خولی نوێی پەرلەمان رۆژی 6ی تشرینی دووەم 2018 سوێندی یاسایی خواردو دەستبەکاربوو، بەڵام کابینەی نۆیەم کە هەڵبژێردراوی پەرلەمانە، رۆژی 10ی تەموزی 2019 دەستبەکاربوو.
کابینەی نۆیەم کە مەسرور بارزانی سەرۆکایەتی دەکاتو کابینەی سێقۆڵی (پارتی+ یەکێتی+ گۆڕان)ە، دەستبەکاربوونی (8) مانگ لەوادەی دیاریکراوی خۆی دواکەوت، ئەمە بەهۆی سەختی دانوستانەکانی نێوان یەکێتیو پارتی بوو، چونکە هەردوو لایەنەکە لەسەر چۆنیەتی دابەشکردنی پۆستەکان رێکنەدەکەوتن، پارتی کە براوەی یەکەمی هەڵبژاردن بوو، بەر لە یەکێتی رێککەوتنی سیاسی خۆی لەگەڵ بزوتنەوەی گۆڕان ئیمزا کرد، ئەمە یەکێتی وەکو براوەی دووەمی هەڵبژاردن نیگەران کرد، لە لایەکی ترەوە یەکێتی لە پرسی پێکهێنانی کابینەی نۆیەمی حکومەتدا بابەتی یەکلاکردنەوەی پۆستی پارێزگاری کەرکوکی هێنایە پێشو ئەمەش زیاتر پێکهێنانی کابینەکەی دواخست.
کابینەی نۆیەم بە (8) مانگ پێکهێنرا، ئێستاش کە لە کۆتایی تەمەنی یاسایی خۆیدایەو ماوەی درێژکردنەوەی تەمەن بەڕێدەکات بارودۆخی لە رۆژانی سەرەتا باشتر نییە، ئەمە لەکاتێکدایە سەرۆکی ئەم کابینەیە مەسرور بارزانییە کە ماجستێری لەبواری (ئاشتیو چارەسەری ناکۆکییەکاندا) هەیە.
سەرەتا و کۆتایی ناکۆکییەکان
رۆژی 7ی ئۆکتۆبەر واتە دوو رۆژ بەر لەوەی پەرلەمانی کوردستان لەچوارچێوەی رێککەوتنی (پارتی+ یەکێتی+ گۆڕان)دا تەمەنی خۆی درێژبکاتەوە، بۆمبێکی لێکێندراو بە ئۆتۆمبیلی ئەفسەرێکی دەزگای زانیاری یەکێتی بەناوی عەقید (هاوکار جاف) تەقییەوەو بەهۆیەوە گیانی لەدەستدا.
کەیسی کوژرانی ئەم ئەفسەرە هەر لەسەرەتاوە بوو بە کارتێکی بەهێز بەدەست پارتییەوە دژ بە یەکێتی، پارتی ئەنجامی لێکۆڵینەوەکان لەم روداوەو دانپێدانانی دەستگیرکراوەکانی رۆژی 12ی ئۆکتۆبەر بڵاوکردەوە، واتە رۆژێک بەر لە هەڵبژاردنی سەرۆک کۆماری نوێی عێراق، ئەمە لەکاتێکدا بوو کە ناکۆکییەکانی پارتیو یەکێتی لەسەر کاندیدی پۆستی سەرۆک کۆمار گەیشتبووە لوتکەی خۆی.
یەکێتی لە بڵاوکردنەوەی دانپێدانانەکان ناڕازی بوو، چونکە سەرۆکی دەزگای دژە تیرۆرەکەیو چەند بەرپرسێکی تری دەزگاکە تۆمەتبارکران لە تێوەگلان لە پلانی کوشتنی عەقید (هاوکار جاف)دا، بەرپرسانی یەکێتی پێیانوایە پارتی لە یەکلاکردنەوەی ئەم کەیسەدا (تاکڕەوی) کردووەو گوێ لە یەکێتی نەگرتووە، بەڵام لەبەرامبەردا بەرپرسانی پارتی کە (درەو) قسەی لەگەڵدا کردوون باسلەوە دەکەن لە رۆژی رووداوی کوژرانی ئەفسەرەکەدا، پەیوەندییەکی تەلەفۆنی لەنێوان مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتو بافڵ تاڵەبانی سەرۆکی یەکێتی رووداوە، لەم پەیوەندییە بافڵ تاڵەبانی ئامادەیی دەربڕیوە هەر کەسێک لەو کەیسە تێوەگلابێت رادەستی دادگای بکات.
هەر لەسەروبەندی ئەو رووداوەدا، یەکێتی داوای لیژنەی لێکۆڵینەوەی بێلایەنی کرد، ئەنجومەنی ئاسایشی هەرێم کە لەژێر کۆنترۆڵی پارتیدایە وەڵامی دایەوەو ئامادەیی نیشاندا لایەنی سێیەم یاخود لایەنی نێودەوڵەتی بێتە ناو کەیسەکە.
بەمدواییە بافڵ تاڵەبانی لە چاوپێکەوتنێکی تەلەفزیۆنیدا باسی لەوە کرد، دانپێدانانەکانی روداوی کوژرانی عەقید هاوکار جاف رێکخراون بەمەبەستی تۆمەتبارکردنی یەکێتی، ئەو بە ئاشکرا رەتیکردەوە سەرۆکی دەزگای دژە تیرۆرەکەی رادەستی دادگا بکات، چونکە پێیوایە دادگای هەولێر بێلایەن نییە.
رۆژی 12ی ئۆکتۆبەر دواینجار بوو کە قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆک وەزیران سەرۆکی تیمی یەکێتیی بەشداری کۆبونەوەی ئەنجومەنی وەزیرانی کرد، چونکە لە شەوی 12ی ئۆکتۆبەردا ئەنجومەنی ئاسایش دانپێدانانی دەستگیرکراوانی کەیسی (هاوکار جاف)ی بڵاوکردەوە.
رۆژی 25ی ئۆکتۆبەر، رووداوێکی تر لە هەولێر روویدا کە قوباد تاڵەبانی زیاتر توڕە کرد، هێزێکی سەربە (ئەژی ئەمین) بەرپرسی پێشووی دەزگای زانیاریی گەمارۆی ماڵەکەی دا لە گوندی (ئینگلیزی) شاری هەولێر، ئەمە کاردانەوەی ئەژی ئەمین بوو بەرامبەر بە رۆشتنی هێزەکانی یەکێتی بۆ سەر ماڵەکانی خۆیو دایکی لە شاری سلێمانی.
دوای نیگەرانییەکانی لە بڵاوکردنەوەی دانپێدانانی گیراوانی کەیسی عەقید هاوکار جاف، رووداوی گەمارۆدانی ماڵەکەی لە هەولێر، قوباد تاڵەبانی زیاتر لە پارتی نیگەرانو توڕە کرد، بەتایبەتی لەکاتێکدا وەکو ئەوەی خۆی لە کۆبونەوەی سەرکردایەتی یەکێتیدا باسی کردووە، نەک سەرۆکی حکومەتو نە هیچ بەرپرسێکی تری حزبیو حکومی پارتی لەو رووداوەدا پەیوەندییان پێوە نەکردووە لەکاتێکدا ئەو جێگری سەرۆکی حکومەتەو هەولێریش لەژێر کۆنترۆڵی پارتیدایە، بەرپرسانی پارتی دەڵێن کێشەی ئەژی ئەمینو قوباد تاڵەبانی کێشەیەکی ناوخۆیی یەکێتییە بۆیە ئەوان دەستوەردانی تێدا ناکەن.
لەدوای بڵاوکردنەوەی دانپێدانانەکانی کەیسی هاوکار جافەوە، قوباد تاڵەبانی نەگەڕاوەتەوە بۆ ناو کۆبونەوەکانی ئەنجومەنی وەزیران، واتە ماوەی نزیکەی (دوو مانگ)ە حکومەتی بایکۆتکردووە، بەڵام هێشتا نەگەیشتوەتە دابڕانی تەواوەتیو زۆربەی کاتەکانی لە هەولێر دەمێنێتەوە.
ئەمە جاری یەکەم نییە قوباد تاڵەبانی لەگەڵ مەسرور بارزانی دەکەوێتە ناکۆکییەوە، سەرەتای پێکهێنانی کابینەی نۆیەم، قوباد تاڵەبانی بەنیگەرانی دەستی بە کارکردن کرد لەگەڵ مەسرور بارزانیدا، ئەو نیگەران بوو لەوەی هاوشێوەی سەردەمی نێچیرڤان بارزانی، دەسەڵاتەکانی لە کابینەی مەسرور بارزانی وەکو جێگری سەرۆک وەزیران دیاری نەکراوە، ئەم ناڕەزایەتییەی گەیاندە سەرکردایەتی حزبەکەیو دواجار خۆی لە کۆبونەوەیەکدا کێشەکەی لەگەڵ مەسرور بارزانی چارەسەر کردو پێکهاتن، بەڵام ئەمە کۆتایی ناکۆکی نێوان سەرۆک وەزیرانو جێگرەکەی نەبوو.
لە کەمپەینی هەڵبژاردنی پێشوەختەی پەرلەمانی عێراقدا کە ئۆکتۆبەری 2021 بەڕێوەچوو، جارێکی تر گرژی کەوتەوە نێوان سەرۆک وەزیرانو جێگرەکەی.
قوباد تاڵەبانی کە حزبەکەی بەهۆی رووداوەکانی 8ی تەموزەوی دوچاری پەرتبوون هات، خۆی سەرکردایەتی کەمپەینی بانگەشەی هەڵبژاردنی ئۆکتۆبەری 2021ی عێراقی کرد، لەم کەمپەینەدا بۆ مەبەستی گەڕاندنەوەی یەکێتییەکان بۆسەر سندوقەکانی دەنگدان هێرشی توندی دەکردە سەر پارتیو بە "تاکڕەو" ناوی تیمی پارتی لە حکومەت هێنا، ئەمە مەسروور بارزانی توڕە کرد، داوای لێکرد لەناو کۆبونەوەی ئەنجومەنی وەزیراندا روونکردنەوە بدات لەبارەی قسەکانییەوە، بەڵام قوباد تاڵەبانی ئەوکاتیش هاوشێوەی ئێستا چەند کۆبونەوەیەکی ئەنجومەنی وەزیران نەچووە ژورەوەو بەمە خۆی دزییەوە لە هەر جۆرە قسەکردنێک لەسەر بابەتەکە لەناو حکوومەتدا.
قوباد تاڵەبانی دوای گەڕانەوەی لە ئەمریکاوە بۆ کوردستان، لەگەڵ نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی ئەوکاتی حکوومەت دەستی بەکارکردن کرد (ئەوکاتیش هەر جێگری سەرۆک وەزیران بوو)، پەیوەندییەکانی لەگەڵ نێچیرڤان بارزانی بەهێزبوو، چونکە دەسەڵاتی پێدابوو وەکو سەرۆک وەزیرانی ناوچەی سەوز مامەڵە بکات.
قوباد تاڵەبانی و نێچیرڤان بارزانی سەرباری ناکۆکییەکانی نێوان پارتیو یەکێتی، هێشتا پارێزگارییان کردووە لە پەیوەندییە باشەکەی نێوانیان، قوباد تاڵەبانی هەرجارێک لەگەڵ مەسرور بارزانی دەگاتە بنبەست، بۆ دەستپێکردنەوەی گفتوگۆ لەگەڵ پارتی لە دەرگای نێچیرڤان بارزانی دەدات، بەڵام ئێستا ئیتر بارودۆخەکە لەناو پارتیش گۆڕانکاری بەسەردا هاتووە و نێچیرڤان بارزانی ناتوانێت رۆڵەکەی جاران بۆ قوباد تاڵەبانی بگێڕێت، چوونکە کۆنگرەی 14ی پارتی مەسروور بارزانی لەگەڵ نێچیرڤان بارزانی هاوتا کردووە و هەردووکیان لە قۆناغێکی هەستیاردا جێگری سەرۆکی پارتین و نێچیرڤان بارزانی نایەوێت بە پاڵپشتی کردن لە قوباد تاڵەبانی هەر لە ئێستاوە پەیامی ئەوە بە مەسعوود بارزانی مامی بدات کە دژایەتی مەسروور بارزانی دەکات.
Your Comment