بەپێی هەواڵی کوردپرێس، عەلی رەئوف، نوێنەری مامۆستایانی وانەبێژ لە دهۆک رایگەیاند: "حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە ساڵی 2014ەوە دامەزراندنی تەنیا لە کەرتی پەروەردە راگرتووە، لەکاتێکدا ساڵانە مامۆستایانی دامەزراو خانەنشین دەبن یان داوای مۆڵەت دەکەن و بۆ دەرەوەی وڵات دەڕۆن یان گیان لەدەست دەدەن، لەگەڵ ئەوەشدا ساڵ لەدوای ساڵ ژمارەی مامۆستایانی وانەبێژ لە هەرێمی کوردستان روو لە زیادبوون دەکات".
بە وتەی نوێنەری مامۆستایانی وانەبێژی دهۆک، مامۆستا هەیە 14 ساڵە وانەبێژە و دەپرسێت: "بۆچی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بە شایستەی ئەوەی نازانێت بیکات بە هەمیشەیی؟" دەشڵێت: "تائێستا شایستە داراییەکانی مامۆستایانی وانەبێژ لە خەزێنە و بانکەکان وەکو خەرجی هەژمار دەکرێت، تەنانەت مووچەکەشمان لەگەڵ وەزارەتی پەروەردە پێنادەن".
نوێنەری مامۆستایانی وانەبێژ لە دهۆک جەخت لەوەش دەکاتەوە، "لەگەڵ سەرجەم نوێنەرانی مامۆستایانی وانەبێژ لە زاخۆوە تاوەکو خانەقین لە راوێژداین بایکۆتی سەرتاسەری و خۆپیشاندانی سەرتاسەری دەستپێبکەین".
Your Comment