بەپێی هەواڵی کوردپرێس، لەتیف رەشید، سەرۆک کۆماری عێراق لە کۆڕبەندی ئاشتی و ئاسایشی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە زانکۆی ئەمریکی-کوردستان لە دهۆک وتارێکی پێشکەش کرد و وتی: "پاراستنی ئارامی و ئاسایشی عێراق کاری لەپێشینەمان دەبێت و لەو چوارچێوەیەشدا هیوادارم بتوانین کێشەکان بە گفتوگۆ چارەسەر بکەین".
ناوبراو ئاماژەی بەوەش کرد، "دەبێت کێشەکانی نێوان هەولێر و بەغدا بەگوێرەی دەستور چارەسەر بکرێن، لەو چوارچێوەیەشدا پشتیوانی دەرچواندنی یاسای نەوت و غاز دەکەین کە هەردوو حکوومەتی هەرێم و فیدڕاڵ داوای پەسەندکردنی دەکەن".
سەرۆک کۆماری عێراق داواشی کرد پرسی ئاو جێگەی بایەخی حکوومەت و هاوڵاتیان بێت و بەباشی بەڕێوەببرێت، لەم بارەیەوە وتی، سەرەرای ئەوەی جەخت دەکەنەوە لەسەر ئەوەی کە دەبێت خزمەتگوزارییە سەرەتاییەکان بۆ هاوڵاتیان دەستەبەر بکرێن، لە هەمانکاتیشدا پرسی پاراستنی ئاو، ژینگە و گەرەنتی کردنی ئاسایشی ئاویش پێویستە کاریان بۆ بکرێت و جێگەی بایەخی دەوڵەت بن.
Your Comment