بەپێی هەواڵی کوردپرێس، سەردار پاکپوور، فەرماندەی هێزی زەمینیی سوپای پاسداران سەبارەت بە دووهەمین ئۆپەراسیۆنی مووشەکی و درۆنەکانی هێزی زەمینی سوپای پاسداران لە گرووپەکانی دژ بە ئێران لە باکووری عێراق وتی: پێش ئۆپەراسیۆنی ڕەبیع کە لە ٦ی ڕەزبەری ئەمساڵدا ئەنجامدرا، ئێمە بەردەوام هەرێمی کوردستان و حکوومەتی ناوەندیی عێراقمان ئاگادار کردبووەوە، کە ئەو گرووپە جیایخوازانەی کە لە ناوچەی باکووری عێراقن و چەندین بنکە و بارەگایان لە باکووری عێراق هەیە، دەربکرێن و چەکیان لێ دابماڵن و ڕەوانەی کەمپەکانیان بکەن؛ بەڵام ئەمە ڕووی نەدا.
ناوبراو زیادی کرد: گرووپە جیایخوازەکان کردەوە تیرۆریستییەکانیان لە ناوخۆی ئێران و لە ڕێگای عێراقەوە ئەنجام داوە و لە بەشێک لەو ئاژاوەگێڕیانە کە لە ناوچەکانی باکووری ڕۆژئاوای وڵات ڕوویاندا شوێنە پێیان دیار بوو.
سەردار پاکپوور، ئاماژەی دا بە ئۆپەراسیۆنی ڕەبیع کە هێزی زەمینیی سوپای پاسداران، کە لە ٦ی ڕەزبەری ئەمساڵدا ئەنجامدرا و جەختی کردەوە: ئێمە ئۆپەراسیۆنی ڕەبیعمان بە قەبارەیەکی بەرفراوان ئەنجامدا، بارەگاکانیان بە تەواوی زیانیان بەرکەوت و هەندێکیشیان کوژران. دوای ئۆپراسیۆنی ڕەبیع، بە بەردەوامی پەیوەندیمان لەگەڵ حکوومەتی ناوەندیی عێراق و بەرپرسانی ناوچەی باکووری عێراق هەبووە. بەرپرسانی وەزارەتی دەرەوەمان و ئەو کەسانەی کە بڕیار بوو دانوستان بکەن لەگەڵ بەرپرسانی هەردوولا لە پەیوەندیدا بوون بە مەبەستی چەک کردن و دەرکردنی گرووپە تیرۆریستییەکان لە باکووری عێراق.
پاکپوور لە درێژەی قسەکانیدا وتی: ئەوان بەڵێنیان دا کە بەم ئاڕاستەیە هەنگاوی جیددی هەڵبگرن و هەوڵی کردەیی لە شوێنی جێگیربوونی تیرۆریستان ئەنجام دەدەن. بڕیار بوو بارەگاکانی تیرۆریستان هەم لە سەر سنوورەکانمان و هەم ئەو بارەگایانە کە لە قووڵایی تا ١٢٠ کیلۆمەتری باکووری عێراق هەڵکەوتوون، بڕیار وا بوو کۆ بکرێنەوە.
ناوبراو درێژەی دا: ئێستا نزیکەی 50 ڕۆژ بەسەر ئەو بابەتەدا تێپەڕیوە و بەداخەوە تا ئێستا هیچ کارێک بەو ئاراستەیە نەکراوە.
سەردار پاکپوور ڕاشیگەیاند کە هەردوو حکوومەتی ناوەندی عێراق و هەرێمی باکووری عێراق بەرپرسیارن لە ئاسایشی گەلی خۆیان و زیاتر وتی لە لایەکی ترەوە ئێمەیش بەرپرسیارین لە ئاسایشی گەلی خۆمان.
سەردار پاکپوور زیاتر ڕایگەیاند جارێکی تر جەخت لەوە دەکەمەوە کە ئێمە سەبارەت بە ئاسایشی خۆمان سازش لەگەڵ هیچ کەسێکدا ناکەین و چەندین جار ئەم بابەتەمان ڕاگەیاندووە. چەند شوێنێک هەیە کە بە وردی ناویان دەبەم بۆ ئەوەی بزانن کە شەرەزاییمان لەسەر هەموویاندا هەیە و پێشتریش ناوەکانیانمان بە بەرپرسانی هەرێمی کوردستان و حکوومەتی ناوەندی عێراق ڕاگەیاندووە.
ناوبراو لەبارەی ناوی ئەو ناوچانە وتی: ناوچەیەک بەناوی بەکرەجۆ لە دەڤەری سلێمانی یەکێکە لەو ناوچانەی کە پاش بۆردوومان کردنی بنکە و بارەگاکانیان لەوێ جێگیر بوون. ئەمە ناوچەیەکە کە دانیشتوانی سڤیلیشی تێدایە. پێویستە خەڵکی بەکرەجۆ لەپێناو ئاسایشی خۆیان ئەو تیرۆریستانە دەر بکەن.
فەرماندەی هێزی زەمینی سوپای پاسداران ئاماژەی دا بە چەند ناوچەی دیکە کە ئەو گرووپانەی تێدا جێگیرن و وتی: تۆبزاوا ناوچەیەکی دیکەیە کە ناوی گوندێکە، ئەوان هاتوونەتە تەنیشت ئەم گوندە، کەمپێکیان دروست کردووە و لەوێ جێگیر کراون، کە ئێمە لە ئۆپەراسیۆنی داهاتوودا ئەم شوێنەیش دەکەینە ئامانج. چەند ناوچەی دیکەش کە بریتین لە زڕگوێز، گردەچاڵ، جێژنیکان و کەمپەکانی ئازادی و ئەمیرییە کە لە هەندێک شوێنیدا جێگیر کراون بەردەوام دەبین لە هێرش کردن بۆسەریان و بە دڵنیاییەوە لە ئۆپەراسیۆنەکانی داهاتوودا دەیانکەینە ئامانج.
سەردار پاکپوور، زیادی کرد داوا لە خەڵکی ئەو گوند و شارانە دەکەین یان تیرۆریستان دەر بکەن یان لە بارەگاکانیان دوور بکەونەوە بۆ ئەوەی زیانیان پێ نەگات. ئەمە خاڵێکە کە پێویستە هەم خەڵکی ناوچەکە و هەم حکوومەتی هەرێمی کوردستان و هەم حکوومەتی ناوەندیی عێراق بە گرینگییەوە بۆی بنواڕن.
Your Comment