بەپێی هەواڵی کوردپرێس، ستران عەبدوڵا، ئەندامی مەکتەبی سیاسی و لێپرسراوی مەکتەبی راگەیاندنی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بە میدیای فەرمیی حزبەکەی ڕایگەیاند: "ناکۆکییەکانمان لەگەڵ پارتی ناکۆکی حزبی نین و ناکۆکی دوو بیرکردنەوەی جیاوازە".
ناوبراو گوتیشی، "ئەوکاتە تێپەڕیوە کە یەکێتی و پارتی ناکۆکییەکانیان بە ناکۆکی ناخۆشی تێپەڕێنن، رابردوو شاهیدە کە یەکێتی لە زۆر لە قۆناغەکاندا قوربانی داوە و لەپێناو بەرژەوەندی گشتی گەلەکەماندا لە مافەکانی خۆی خۆشبووە".
ئەو ئەندامەی مەکتەبی سیاسیی یەکێتی باسی لەوەش کردووە کە "پێدەچێت ئەم هەڵوێستە جوامێرانەیەی رابردووی یەکێتی بەشێوازێکی دیکە خوێندنەوەی بۆ کرابێت و وا هەست کرابێت کە یەکێتی لاوازە بۆیە ئێستا کاتی خۆیەتی ئەو پەیامە بە هەموو لایەک بگەیەنێت کە چیتر یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بڕیاردانی تاکڕەوی لە حکومڕانیدا قبووڵ ناکات".
ستران عەبدوڵا دەشڵێت: "دەرکەوت سیاسەتی یەکێتی لە بەغداش سیاسەتێکی دروست بوو، چوونکە یەکێتی لە بەغداش ستۆپی بە هەندێک بیرکردنەوە کرد کە دەیانویست بێگوێدانە لایەنەکانی دیکە دەستوور لە بەرژەوەنی خۆیان هەموار بکەنەوە، بەهەمان شێوە لە کوردستانیش ستۆپ بە بڕیاری تاکڕەوی دەکەین".
Your Comment