بەپێی هەواڵی کوردپرێس، عەبدولکەریم عومەر هاوسەرۆکی دەستەی کاروباری دەروەی خۆبەڕێوەبەریی دیموکراتیکی باکور و ڕۆژەهەلاتی سووریا لە گفتوگۆ لەگەڵ گۆڤارێکیی ئیسپانیایدا ڕەخنەی لە هەڵسوکەوتی زلهێزەکان گرت، بەتایبەت وڵاتانی ڕۆژاوایی لەگەڵ کوردەکانی سووریا.
ناوبراو لە گفتوگۆ لەگەڵ ناسیۆ دیجیتاڵ، وتی: زلهێزەکان لەسەر بنەمای بەرژەوەندییەکانیان لەگەڵ کوردەکانی سووریا مامەڵە دەکەن. دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی پێشووی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا بە تویتێک دوو شاری ژێر دەسەڵاتی کوردەکانی سووریای دا بە تورکیا. لە ئێستادا دەبینین کە سوید و فینلاند بۆ چوونە ناو ناتۆ، لەگەڵ تورکیا ڕێککەوتنێک دەکەن سەبارەت بە کورد. ئێمە لە شەڕی داعشدا 12 هەزار هێزمان لەدەست دا، بەڵام هەموو جیهان لەسەر بنەمای بەرژەوەندییەکانیان لەگەڵ ئێمەدا مامەڵە دەکەن.
هاوسەرۆکی دەستەی کاروباری دەروەی خۆبەڕێوەبەریی دیموکراتیکی باکور و ڕۆژەهەلاتی سووریا، تورکیای بە گەورەترین دوژمنی کوردەکانی سووریا ناوبرد و زیادی کرد: تورکیا دەیەوێت لەم سەدەیەدا کۆتایی بە بوونی کورد بهێنێت.
ناوبراو سەبارەت بە پەیوەندیی ئیدارەی خۆسەری کوردی سووریا لەگەڵ وڵاتانی جیهان وتی: ئەم هەرێمە پەیوەندی لەگەڵ وڵاتانی جۆراوجۆری وەک ئەمریکا، کەنەدا و ڕووسیا هەیە، هەروەها لەگەڵ وەزارەتی دەرەوەی هەموو وڵاتانی ئەندامی یەکێتی ئەوروپا پێوەندییمان دەکەین، بەڵام تەنها پەرلەمانی کەتەلۆنیای ئیسپانیا ئیدارەی خۆسەری کورد لە سووریا بە فەرمی ناساندووە.
ئەم بەرپرسە کوردەی سوریا وتی ئێستاش داعش هەڕەشەیەکی جیددیە بۆ سەر کورد و جیهان.
ناوبراو دانی بەوەدانا کە ئیدارەی خۆسەری باکووری ڕۆژهەڵاتی سووریا لەسەر بنەمای بیر و باوەڕی عەبدوڵڵا ئۆجالان، سەرکردەی زیندانیکراوی PKK دامەزراوە.
عەبدولکەریم عومەر جەختی کردەوە لەسەر دەستپێکردنەوەی پرۆسەی ئاشتی تورکیا لەگەڵ کورد و وتی ئەم بابەتەی دەتوانێت پرسی کوردەکان چارەسە بکات.
Your Comment