کوردپرێس:
بەشیر حەداد جێگری سەرۆکی پەرلەمانی عێراق بە ئێن ئاڕ تی راگەیاند، پێویستە لە دەرەوەی پەرلەمان پاڵپشتی و رێککەوتنی سیاسی لەسەر پڕۆژەیاساکان هەبێت بە پڕۆژە یاسای بودجەشەوە، دەشڵێت، دەمانەوێت کورد لەسەر پرۆژە یاسای بودجە یەکدەنگ بێت و پلانێکی هاوبەش دابنێین بۆ تێپەڕاندنی بودجە.
بەشیر حەداد دەشڵێت، کازمی بەڵێنیداوە کێشەی جوتیارانی هەرێم چارەسەربکات.
ئەوەشی خستەڕوو، فراکسیۆنە کوردییەکان هەماهەنگییان هەیە و ئێستاش شاندێکی هەرێم لە بەغدایە بۆ ئەوەی هەموو هەماهەنگییەکی پێویست بکات لەبارەی پڕۆژەیاسای بودجەوە.
جێگری سەرۆکی پەرلەمانی عێراق راشیگەیاند، چاوەڕواندەکرێت لەماوەی ۲۰ رۆژدا پڕۆژەیاسای بودجە پەسەندبکرێت.
ئەوەش لەکاتێکدایە، رۆکی شەممە، دانیشتنی پەرلەمانی عێراق تایبەت بە خوێندنەوەی یەکەم بۆ پرۆژەیاسای بودجەی ساڵی ٢٠٢١ بەڕێوەچوو، هاوکات، بودجەی عێراق زیاتر لە ١٦٤ ترلیۆن دینارە، داهاتەكەی زیاتر لە ٩٣ ترلیۆن دینارە، ٧٣ ترلیۆن دیناری داهاتی نەوتە، ٢٠ ترلیۆن دیناری داهاتی نانەوتییە.
بودجەکە زیاتر لە ٧١ تریلیۆن دینار كورتهێنانی هەیە، ئەوەش كێشمەكێشی لەنێوان لایەنە سیاسییەكانی عێراق هێناوەتە كایەوە، جگە لەوەی بووەتە سەرچاوەی ناكۆكییەكانی نێوان هەرێم و بەغدا، لە بودجەكەشدا لە 12.67% وەک پشكی هەرێم دانراوە، بەمەرجی پێدانی ٢٥٠ هەزار بەرمیل نەوتی رۆژانە و نیوەی داهاتی خاڵە سنورییەكان.
Your Comment