هەماهەنگیى هەولێر و بەغدا جووڵەى داعشى لە ناوچە جێناکۆکەکان لەناوبرد

بەشی عێراق و هەرێمی کوردستان- دژە تیرۆرى عێراق ڕایگەیاند، ئێستا 90٪ی ئەندامانى داعش لەناو عێراقدا ناوخۆیین و هەماهەنگى سەربازى هەرێم و بەغدا جووڵەى چەکدارانى ئەو ڕێکخراوەى لە ناوچە جێناکۆکەکان لەناوبرد.

بەپێی هەواڵی کوردپرێس، سەباح نوعمان، وتەبێژی دژە تیرۆرى عێراق بە کەناڵى فەرمى عێراقى راگەیاندووه: "دەزگای دژە تیرۆر بەردەوامە لە فشارخستنە سەر پاشماوەکانی داعش و رێگرییان لێدەکات لە ئەنجامدانی کردەوەى تیرۆریستی".

ناوبراو ئاماژەی بەوەش کردووە، "لەماوەی مانگی ئەیلولدا ١١٧ ئۆپەراسیۆنمان ئەنجامدا و چەندین تیرۆریستمان دەستگیرکرد، هەروەها کەسانی دیکەمان کوشت، لەنێویاندا سەرکردەکان".

سەباح نوعمان دەڵێت: "داعش هەوڵ دەدات دووبارە بوونی خۆی جێگیر بکاتەوە و ئۆپەراسیۆنەکان ئەنجام بدات، کە زۆربەیان بۆ قازانجی میدیایە".

وتەبێژی دژەتیرۆری عێراق ڕاشیگەیاند، "ئاژانسەکە بنکەیەکی گەورەی زانیارى لەبارەى تیرۆریستان لە ناوخۆ و دەرەوەدا هەیە، 90%ی چەکدارەکانی داعش ئێستا ناوخۆیین".

سەباح نوعمان دەشڵێت: "لە میانی ئۆپەراسیۆنەکانی چیای حەمرین، ئامێر و بەڵگەنامە دۆزراونەتەوە و ئێستا لە پرۆسەی شیکردنەوەدان".

ناوبراو ڕوونیشی کردەوە "ناوچەکانی دیالە و باشووری کەرکووک ناوچەیەکى سەختن و گونجاون بۆ جووڵەی تیرۆریستان؛ چاودێرى ئاسمانی و دابەزینى ئاسمانی تاکە ڕێگایە بۆ نەهێشتنیان لەو ناوچانەدا".

وتەبێژى دژە تیرۆر جەختی کردەوە "ئەو ناوچانەی کە هەرێم و ناوەند جیا دەکەنەوە پێشتر تیرۆریستان هاتوچۆیان تێدا دەکرد، بەڵام هەماهەنگی هاوبەش ئەو جووڵەیەی لەناوبرد. بەپێی شیکاری و هەڵسەنگاندنی ئێمە، پاشماوەی داعش لە ئێستادا هیچ مەترسییەک دروست ناکات، جا چ لەسەر زەوی بێت یان لە میدیادا".

News Code 7079

Your Comment

You are replying to: .
captcha