بەپێی هەواڵی کوردپرێس، هۆشیار سیوەیلی، بەرپرسی مەکتەبی پەیوەندییەکانی دەرەوەی پارتی دیموکراتی کوردستان، لە نووسینێکدا لەلاپەڕەی تایبەتی خۆی لە فەیسبووک، هاتنی جۆ بایدن، سەرۆکی هەڵبژێردراوی ئەمریکای بۆ کوشکی سپی وەک دەرفەتێکی تری هاوشێوەی دەرفەتی ساڵانی 1991 و 2003 بۆ کوردی هەرێمی کوردستان لێکداوەتەوە.
هۆشیار سیوەیلی وتوویەتی "هاتنی ئەو (بایدن) بۆ کۆشکی سپی دەرفەتێکی ترە بۆ گەلی کوردستان لەم پارچەیەدا لە ماوەی سی ساڵی ڕابردوودا. باسی دوو دەرفەتەکەی ترمان کرد کە لە ساڵانی ١٩٩١ و ٢٠٠٣ هاتنە ئاراوە و یەکێتی و تەبایی ڕیزەکانمان بوونەهۆی ئەوەی تا ئاست و ئەندازەیێکی باش سوودیان لێوەربگرین. گرنگی ئەم دەرفەتەش لەوانیتر کەمتر نییە".
سیوەیلی لەگەڵ ئەوەش وتوویەتی "سەرۆکی نوێی ئەمەریکا فریادڕەسی کورد نییە و ئەو بایدنە نییە کە ئەندامی ئەنجومەنی سەنات و سەرۆکی لیژنەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی ئەو ئەنجومەنە و جێگری سەرۆک بوو، ئەو چیتر ئەو کەسە نییە کە ٢٤ جار لەمەوبەر سروشتی کار و پێگە و بەرپرسیارێتییەکەی هێنابێتییە کوردستان، ئەو ئێستا سەرۆکی ئەمەریکایە و گەر لە دڵیشەوە حەز بکات هاوکاری کورد بکات، دەستکراوە نییە".
هەروەها هۆشیار سیوەیلی پێی وایە سەرەڕای ئەوانە، ئەوەی ئاست و هەڵوێستی سەرۆکی نوێ بەرامبەر کورد دیاری دەکات پەیوەندی یەکجار زۆری بە خۆمانەوە هەیە. پێویستە هۆکار و مۆتیڤی هاوکاری کردنمان لە لایەن ئیدارەی نوێوە بەهێزتر بکەین، نەک دۆخی نێوخۆمان بەشێوەیەک بێت دۆستەکانمان لە هاوکری کردنمان سارد بکەینەوە.
لەبەشێکی دیکەی نووسینەکەیدا سەبارەت بە برێت مەکگۆرک، نوێنەری تایبەتی پێشوی سەرۆکی ئەمریکا لە هاوپەیمانی نێودەوڵەتی، هۆشیار سیوەیلی وتوویەتی "گەڕانەوەی برێت مەکگۆرک وەک بەرپرسی بەشی ڕۆژهەڵاتی ناڤین لە وەزارەتی دەرەوە، پێشهاتێکی پۆزەتیڤە و ئەو شارەزاییێکی باشی دەربارەی هەرێمی کوردستان و ماف و داخوازییەکانی هەیە".
کۆدی هەواڵنێر: 60113
Your Comment