دوایین زانیاری لەبارەى هەڵوێستی پارتى و یەکێتى لەبارەى پۆستى سەرۆک کۆماری عێراقەوە

بەشی عێراق و هەرێمی کوردستان- پەرلەمانتارێکى یەکێتى لە پەرلەمانی عێراق رەتیدەکاتەوە پارتى و یەکێتى گەیشتبنە رێککەوتنی کۆتایی لەبارەى پۆستى سەرۆک کۆمارەوە.

بەپێی هەواڵی کوردپرێس، کەریم شکور ئەندامی پەرلەمانى عێراق لە فراکسیۆنى یەکێتی بە شارپرێسی راگەیاندووە: "بۆ ئێمەی کورد باشترە کە رێکبکەوین لەسەر یەک کاندیدی هاوبەش بۆ پۆستى سەرۆک کۆمار و بابەتەکانی دیکەش، چوونکە ئێمە ناکۆکیمان لەگەڵ پارتى لەسەر شتی تریش هەیە کە دەبێت لەسەر هەموو ئەمانە رێکبکەوین، بۆیە باشترە بۆ ئێمە و پارتیش کە بەیەک کاندید بڕۆینە پەرلەمانی عێراق نەک بە دوو کاندید کە رەنگە ئەنجلمێکى باشی نەبێت و کاریگەری لەسەر کۆی پەیوەندییەکانى پارتى و یەکێتى بکات".

ناوبراو ئاماژەى بەوەش کرد، لەئێستادا گفتوگۆ لەنێوان پارتی و یەکێتى هەیە بۆ ئەوەی بەیەک کاندید بچنە پەرلەمانى عێراقەوە، بەڵام تائێستانەگەیشتووەتە قۆناغی کۆتایی و یەکلایی نەکراوەتەوە.

پەرلەمانتارەکەى یەکێتى باس لەوە دەکات، پارتى و هاوپەیمانى سیادە ناچنە دەرەوەى حکوومەت، چوونکە بۆیان ئاسان نییە لەدەرەوەى حکومەت بن، بۆیە بەشداری دەیانەوێت بە جێبەجێکردنى مەرجەکانیان بەشداری حکومەت بکەن.

سەبارەت بە هەنگاوەکانى پێکهێنانى حکوومەتیش کەریم شکور دەڵێت: "لەدوای تەواو بوونى چلەى ئیمام حسێن کۆبوونەوە و گفتوگۆکان دەستپێدەکەنەوە کە هەمووی بە ئاڕاستەى پێکهێنانى حکوومەت دەبێت، بۆیە پێموایە ماوەیەکى دیاریکراودا پێکدەهێنرێت و پارتى و سیادەش تیایدا بەشدار دەبن".

لەبارەى فشارەکانى ئێران لەسەر پارتى و یەکێتى بۆ رێککەوتنیان لەسەر پۆستى سەرۆک کۆمارو لابردنى لەمپەڕەکانی بەردەم پێکهێنانى حکوومەت ئەو پەرلەمانتارەی یەکێتى باس لەوە دەکات، ئێرانییەکان و ئەمریکا و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتیش بەلایانەوە گرنگە حکومەتى عێراق زوو پێکبهێنرێت، چوونکە ژیان لە عێراق وەستاوە و بودجە نییە، دۆخی خەڵک خراپە.

لەچەند رۆژی رابردوودا ژمارەیەک لە بەرپرسانى پارتی باسیان لەوە کرد کە پارتى و یەکێتى لەسەر پۆستى سەرۆک کۆمار گەیشتوونەتە رێککەوتن و بەیەک کاندیدی هاوبەش دەچنە پەرلەمانی عێراق کە بەوتەى خۆیان رێککەوتنەکە بە جۆرێکە هەردوولا کاندیدەکانیان دەگۆڕن.

News Code 7031

Your Comment

You are replying to: .
captcha