45 هەزار زیارەتکاری ئێرانی بە دەروازەکانی هەرێمی کوردستاندا تێپەڕین

بەشی ئێران- کۆنسوڵی ئێران لە هەرێمی کوردستان رایگەیاند، تائێستا نزیکەی 45 هەزار زیارەتکاری ئێرانی بە دەروازەکانی حاجی ئۆمەران و باشماخدا بۆ رێوڕەسمی چلەی ئیمام حوسێن چوون.

بەپێی هەواڵی کوردپرێس، رۆژی دووشەممە 12-9-2022 نەسروڵڵا رەشنوودی، کۆنسوڵی ئێران لە هەولێر بە رووداوی راگەیاند: "تائێستا نزیکە 45 هەزار هاووڵاتی ئێران لە هەردوو دەروازەی حاجی ئۆمەران و باشماخەوە هاتوون، ئەوە یەکەمجار بوو دەروازەکانی هەرێمی کوردستان بەڕووی زیارەتکارانی ئێرانیدا بکرێنەوە."

ژمارەی ئەو زیارەتکارانەی بە دەروازە سنوورییەکانی هەرێمی کوردستاندا هاتوون، لەچاو دەروازەکانی عێراق کەمترە و بۆ ئەمەش نەسروڵڵا رەشنوودی دەڵێت: "ئێمە بانگەوازێکی ئەوتۆمان بۆ نەکردبوو، لەبەرئەوەی ئەوە یەکەم ئەزموون بوو، بۆیە زۆر خەڵکمان لێ ئاگادار نەکردەوە."

لەبارەی پێشوازیی هەرێمی کوردستان لە زیارەتکارانی وڵاتەکەی، کۆنسوڵی ئێران لە هەولێر گوتی، "پێشوازیی خەڵک یەکجار باش و بێوێنە بوو، جێی خۆیەتی سوپاسی میواندۆستیی هاووڵاتییانی هەرێمی کوردستان و عێراق بەگشتی بکەم، بەتایبەتی خەڵکی هەرێمی کوردستان و بەرپرسان و دەزگای خێرخوازیی بارزانی کە بەڕاستی ئەرکیان کێشا و خانەخوێییان کرد. خەڵکی هەرێمی کوردستان رەفتارێکی یەکجار خواپەسندانە و ئەخلاقی و ئایینی و فەرهەنگییان پێشانداین."

سەبارەت بە گەشتە ئاسمانییەکان کۆنسوڵی ئێران لە هەرێمی کوردستان گوتی، "سێ هەفتەیە گەشتی ئاسمانیی نێوان ورمێ و هەرێمی کوردستان بە شێوەی ئەزموونی دەستیپێکردووە، گەشتەکە رۆژانی دووشەممە بەڕێوەدەچێت، خەڵک دەتوانن سوودی لێ ببینن و ئەگەر پێشوازیی باشی لێ بکرێت، دەتوانین ژمارەی گەشتەکان زیاد بکەین."

News Code 6978

Your Comment

You are replying to: .
captcha