بەپێی هەواڵی کوردپرێس، مەلا بەختیار سەرکردەی باڵای یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە وتارێکدا کە سایتی چاودێر بڵاوی کردۆتەوە دەنووسێت: لەبارەی خۆپیشاندانی لایەنگرانی سەدرەوە دەبێت بڵێم: "سەدریەکان خۆپیشاندانی فراوانیان کرد. کاریگەریش بوون. هەڵەی دەستپێکی یەکەمیان ئەوە بوو، پەرلەمانیان داگیر کرد. بەمە، جۆرێک لە شەرعیەتیان دایە چوارچێوەی هەماهەنگی بۆ بەرگری کردن لە دامودەزگا و ئەنجومەنی یاساڕێژی!!
مەلا بەختیار زیاتر دەڵێت: هەڵەی دووەمیان پەلاماردانی دادگای باڵای عێراق بوو.. لەمیاندا، شەرمەزار بوون.
هەڵەی ستراتیژی سێهەمیشیان؛ تێکەڵاو کردنی هێزی چەکدار بوو بە خۆپیشاندان. ئەم هەڵەیە، جگە لە کوشتارەکەی.. خۆپیشاندانەکەشی لەبار برد و پاساوی سەدریەکانی لاواز لاواز کرد.
ناوبراو ڕاشیگەیاندووە: "سەرەنجام، بە شەو و رۆژێک سەماحەتی موقتەدا لە مەترسیەکان تێگەیشت و بە توندی هاتە سەر هێڵ و بڕیاری کشانەوەی هێزی سەرایا سەلامی دا و خۆپیشاندانەکەشی راپێچا".
مەلا بەختیار زیاتر دەنووسێت: ئێستا ئیتر عێراق، بۆ هەلومەرجێکی سیاسی نوێ وەردەچەرخێ تاڕادەیەک، کارتە تێکەڵاوەکانی لایەنەکانی یەکاڵا دەبنەوە. نە سەدریەکان چەشنی جاران دەتوانن بڕیار بدەن. نە چوارچێوەی هەماهەنگیش دەتوانێ بە رقی سیاسی و پەرچەکردار و خۆسەپاندن، بڕیار بدات.
ناوبراو لە کۆتایی وتارەکەیدا زیادی کرد: هێزە کوردستانیەکانیش ئیتر کاتێتی فریای کوردستان و دەستوور بکەون و هەلومەرجە نوێکە لەدەست مەدەن چوونکە ئۆباڵ لە ئەستۆتی ئەوانە.
Your Comment