بەپێی هەواڵی کوردپرێس، مستەفا کازمی سەرۆک وەزیرانی عێراق لە پەیامێکدا ڕایگەیاند: سوپاسی هێزە ئەمنییەکان دەکات کە نەبوون بە بەشێک لە گرژییەکانی چەندین رۆژی رابردوو و جارێکی دیکە لایەنگریی خۆیان بۆ نیشتیمان دووپات کردەوە، ئەمەش دووپات کردنەوەی پێویستیی هێشتنەوەی چەک تەنها لە دەستی دەوڵەتی کردوەتە پێویستییەکی ئەم قۆناغە کە حکوومەت دوو ساڵ لەمەوبەر لە چوارچێوەی سیاسەتی خۆیدا کاری لەسەر کرد، بۆیە نابێت چیتر ئەو پرسە تەنها وەک دروشم و داوکاری بمێنێتەوە.
ناوبراو باسی لەوەش کرد، بۆ لێکۆڵینەوە لە رووداوەکانی چەند رۆژی رابردوو و روونکردنەوەی ئەوانەی تەقەیان لە خۆپیشاندەران کرد، لیژنەیەکی لێکۆڵینەوەیان پێکهێناوە، بۆیە جەخت دەکاتەوە کە نابێت چیتر چەک لەدەستی لایەنە نافەرمییەکاندا بێت و لە ململانێکاندا بەکاربهێنرێت.
پەیوەست بە دۆخی سیاسیش مستەفا کازمی وتی، ئەرکی سەرشانی لە ئەنجامدانی گفتوگۆی نیشتیمانی لەگەڵ لایەنەکان جێبەجێ کردووە، بەڵام ئەوەش پێویستی بە سازشی لایەنەکان هەیە بۆیەکتری نەک بەردەوامی گرژییەکان و پێکدادان، بۆیە جەخت دەکاتەوە کە عێراق لە هەمووان گەورەترە و ئەویش هیچ کاتێک نەبووە بە بەشێک لە کێشە و هەردەم لەگەڵ چارەسەریدا بووە، بۆ داهاتووش هەر هەنگاوێک خزمەت بە گەل بکات جێبەجێی دەکات.
سەرۆک وەزیرانی عێراق هۆشداری دا لە بەردەوامیی ئاڵۆزییەکان و ئاماژەی بەوەکرد، ئەگەر ئاڵۆزییەکان، گرژی، ململانێی و گوێنەگرتن لە عاقڵمەندان بەردەوامی هەبێت "منیش بە ئەرکی نیشتیمانی و ئەخلاقی خۆم هەڵدەستم و دەستبەرداربوونی خۆم لە پۆستی سەرۆک وەزیران بەگوێرەی ماددەی 81 ـی دەستور رادەگەیەنم".
Your Comment