بەپێی هەواڵی کوردپرێس، شاخەوان عەبدوڵڵا جێگری سەرۆکی پەرلەمانی عێراق بە ماڵپەڕی فەرمی پارتی راگەیاندووە: نامانەوێ لەئێستادا هیچ کۆبوونەوەیەکی پەرلەمان بەڕێوەبچێت، لەبەرئەوەی هەر کۆبوونەوەیەک بکرێت گریمانەی پێکادان و ئاڵۆزی زیاتری رەوشەکە هەیە، بەڵام ئەگەر رەوشەکە هەر بەردەوامی هەبێت دواجار پەرلەمان بڕیاری خۆی دەدات.
جێگری سەرۆکی پەرلەمان وتووشیەتی: هیچ داوایەک بەشێوەیەکی فەرمی بۆ کۆبوونەوەی پەرلەمان لە هەولێرەوە نەگەیشتۆتە دەستەی سەرۆکایەتی پەرلەمان، لەئێستادا هەم پەرلەمان وەستاوە و هەمیش ئەنجومەنی پارێزگاکان نەماون، حکوومەتیش بەتەواوەتی دەستی کراوەیە لە بابەتی گەندەڵی، ئێمە چاوەڕێین لەڕووی سیاسیەوە رەوشەکە هێور بێتەوە.
شاخەوان عەبدوڵڵا ئاماژشی کردووە، ئەگەر رەوشەکە لە ڕووی سیاسیەوە چارەسەری بۆ نەکرێت هەر چارەسەرێک کاتی دەبێت و دواتر گرژییەکان بەردەوام دەبن، ئەگەر بێت و لەڕووی سیاسیەوە لایەنەکان بگەنە رێکەوتن ئەوە پەرلەمان هەر لە بەغدا کۆ دەبێتەوە.
پێچەوانی بۆچوونی شاخەوان عەبدوڵڵا هەر ئەمڕۆ غەیاس سوورچی لێپرسراوی راگەیاندنی مەڵبەندی مووسڵی یەکێتی لە گفتوگۆ لەگەڵ ئاژانسی "فرات نیوز" ڕایگەیاند: پێویستە بەپەلە چالاکییەکانی دەسەڵاتی یاسادانانی عێراق و بەڕێوەچوونی کۆبوونەوەکانی پەرلەمان و هەوڵەکان بۆ چارەسەر کردنی ناکۆکی و قەیرانەکانی وڵات دەست پێبکاتەوە.
Your Comment