بەپێی هەواڵی کوردپرێس، ماڵپەڕی میدڵ ئیست ئای بەریتانی نوێترین راپۆرتی شیکاری خۆی سەبارەت بە قەیرانە بەردەوامەکانی هەرێم و دۆخی عێراق بڵاو کردەوە بەشێکیشی تەرخان کردووە بۆ دۆخی هەرێم و شکستی حکومڕانی یەکێتی و پارتی.
لەو بارەیەوە ماڵپەڕەکە نووسیویەتی، سەرباری ئەنجامدانی شەڕی ناوخۆ و کوژرانی هەزاران کەس، بەڵام هێشتا ئەو هۆکارانەی بوونە هۆی هەڵگیرسانی شەڕی ناوخۆ بوونیان هەیە و یەكێتی و پارتی چەکداری تایبەت بەخۆیان هەیە و ئەو کەسانەی حوکمی هەرێمەکە دەکەن لۆژیک بەکار ناهێنن.
دۆخی ئاڵۆزی عێراق و بنبەستی سیاسیی یەکێکی دیکەیە لەو بابەتانەی میدیا بەریتانیەکە سەرنجی خستووەتەسەری و باسی لەوە کردووە، لەگەڵ دابەشبوونی لایەنە شیعەکان و کوڵانی دۆخی بەغدا، پارتی و یەکێتیش لە پێناو بەرژەوەندی خۆیان هەریەکەیان لایەنگری لایەنێکی شیعە دەکەن و لە هەرێمیش لەسەر پرسەکانی دابەش کردنی پۆست و داهات کۆکن. ئەوەش وایکردووە پێگەی هەرێم بەرامبەر سیاسییەکانی ناوخۆ و دەرەوەی عێراق لاواز دەربکەوێت.
Your Comment