بەپێی هەواڵی کوردپرێس، کۆنسوڵخانەی بەریتانیا لە تویتێکدا وێڕای دەربڕینی نیگەرانی لە رووداوەکان، رایگەیاند، "ئازادیی رادەربڕین و میدیا كايەى گرنگن لە پرۆسەی ديموكراسى". کۆنسوڵخانەی ئەڵمانیاش رایگەیاند، "داوا لە هەموو لایەنەکان دەکەین بۆ دوورکەوتنەوە لە گرژیی زیاتر".
دوێنێ لە بەشێک لە شارەکانی هەرێمی کوردستان گردبوونەوەی ناڕەزایی کرا، هێزە ئەمنییەکانیش ژمارەیەک پەرلەمانتار و چالاکڤانیان دەستگیرکرد کە هەر دوێنێ لیژنەی ئەمنیی پارێزگای سلێمانی رایگەیاند، سەرجەمیان ئازادکراون.
جووڵانەوەی نەوەی نوێ کە خۆپێشاندانەکەی رێکخستبوو، لە فەیسبووکی خۆیان وێنەی حەوت پەرلەمانتار و 35 چالاکڤان و ئەندامی حیزبەکەی بڵاوکردەوە و رایگەیاند، بەهۆی خۆپێشاندانەوە لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستگیرکراون.
هەروەها ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، چەند کەسێکیان بە تۆمەتی هاندان بۆ خۆپێشاندان دەستگیرکردووە. گوتیشی: "هەندێکیان دوای بەڵێننامەیەک ئازاد دەکرێن و بەشێکیشیان بەگوێرەی یاسای خۆپێشاندان دادگایی دەکرێن."
هەر دوێنێ رەحمان غەریب، سەرۆکی سەنتەری میترۆ بۆ داکۆکیکردن لە مافی رۆژنامەنووسان بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، لە 24 کاژێردا لە پارێزگاکانی سلێمانی، هەولێر و دهۆک 11 رۆژنامەنووس لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستگیرکراون و "پێشێلکارییەکی زۆریش دژی مافەکانی رۆژنامەنووسان و مرۆڤیش کراون".
Your Comment