به‌هۆی هه‌ڵاتنی 15 زیندانی فه‌رمانده‌ی پۆلیسی به‌غدا له‌ کاره‌که‌ی دوور خرایه‌وه‌

به‌شی عێراق و هه‌رێمی کوردستان- ژماره‌یێک زیندانیی گرتووخانه‌یێکی ڕۆژهه‌ڵاتی به‌غدا هه‌ڵاتن و دوای ڕووداوه‌که‌ وه‌زیری ناوخۆی عێراق فه‌رمانده‌ی پۆلیسی ئه‌و شاره‌ی له‌ کاره‌که‌ی دوور خسته‌وه‌.

به‌پێی هه‌واڵی کوردپرێس، سه‌رچاوه‌یێکی پۆلیسی به‌غدا پێته‌ختی عێراق گوتی: له‌ زیندانێکی ناوچه‌ی ڕه‌سافه هه‌ڵکه‌وتوو له‌ شه‌قامی "القناه‌"ی ڕۆژهه‌ڵاتی ئه‌و شاره‌‌ 15 زیندانیی مادده‌ی هۆشبه‌ره‌کان ڕایان کرد.

سه‌رچاوه‌که‌ که‌ نه‌یویست ناوه‌که‌ی بدرکێندرێت باسی له‌وه‌ کرد هێزه‌ ئه‌منییه‌کان سه‌رجه‌م ڕێگاکانی ده‌وروبه‌ری بنکه‌ی پۆلیسی شه‌قامی "القناه‌"یان داخستووه‌ و ده‌ستیان به‌ گه‌ڕان و پشکنین بۆ دۆزینه‌وه‌ی تۆمه‌تباران کردووه‌‌.

سه‌رچاوه‌یێکی‌تر له‌ پۆلیسی به‌غدا ئاماژه‌ی به‌وه‌ کرد که‌ سه‌رجه‌م هێزه‌کانی سوپا و پۆلیس هه‌وڵه‌کانیان بۆ ده‌ستگیرکردنی هه‌ڵاتووانی زیندانی ڕه‌سافه‌ خستۆته‌ گه‌ڕ و ته‌ئکیدی کرده‌وه‌ که‌ لیوا ڕۆکن عه‌لی غه‌ریری به‌ڕێوه‌به‌ری پۆلیسی به‌غدا فه‌رمانێکی به‌په‌له‌ی ده‌رکردوه‌ بۆ لێکۆڵینه‌وه‌ی به‌په‌له‌ هاوپه‌یوه‌ند به‌ ڕووداوه‌که‌.

هاوپه‌یوه‌ند به‌ ورده‌کارییه‌کانی ڕووداوه‌که‌ سه‌رچاوه‌یێکی‌تر له‌ پۆلیسی به‌غدا زیادی کرد: گرتووخانه‌ی "القناه‌" نزیکه‌ی 70 زیندانی تێدایه‌ و له ‌كاتی پێشكه‌ش كردنی ژه‌مه‌خواردن، كه‌ پاسه‌وانی بنكه‌كه‌ نانی داونه‌تێ، پاسه‌وانه‌كه‌یان ڕاكێشاوه‌ته‌ لای خۆیان و له‌ پاسه‌وانه‌كه‌یان داوه‌ و 15 كه‌سیان زیندانه‌كانیان شكاندووه و له‌ بنكه‌كه‌ ڕایان كردووه‌ته‌ ده‌رێ و پاسه‌وانانی دیكه‌ی بنكه‌كه‌ ده‌ستیان به‌ ته‌قه‌كردن كردووه‌ و توانیویانه‌ ده‌رگای گرتووخانه‌كه‌ دابخه‌ن که‌ له‌ ئه‌نجامدا پۆلیس له‌ 15 زیندانییه‌ هه‌ڵاتووه‌که‌ سێ که‌سیانی ده‌ستگیر کردووه‌ و گه‌ڕان بۆ دۆزینه‌وه‌ی تۆمه‌تباره‌کانی دیکه‌ به‌رده‌وامه‌.

به‌ دوای ڕووداوه‌که سه‌رچاوه‌یێکی ئاگادار باسی له‌وه‌ کرد که‌‌ یاسین یاسری وه‌زیری ناوخۆی عێراق فه‌رمانی ڕاگرتنی هه‌ریه‌ک له‌ فه‌رمانده‌ی پۆلیسی به‌غدا و به‌ڕێوه‌به‌ری پۆلیسی به‌غدا- ره‌سافه‌ و به‌ڕێوه‌به‌ری به‌شی پۆلیسی بابلشه‌یخی ده‌رکردووه‌ و ھه‌رسێكیشیان له‌ باره‌گای وه‌زاره‌تی ناوخۆ ده‌ستبه‌سه‌ر کراون.

ھه‌روه‌ھا وه‌زاره‌تی ناوخۆ لێژنه‌یێكی لێكۆڵینه‌وه‌ی پێكھێناوه‌ بۆ ڕوونكردنه‌وه‌ی ئه‌وه‌ی ئایا ئه‌و تۆمه‌تبارانه‌ له‌ كاتی ھه‌ڵاتن چ جۆره‌ جلوبه‌رگێكیان پۆشیوه‌ و هه‌وڵه‌کان بۆ دۆزینه‌وه‌ی 12 زیندانییه‌ هه‌ڵاتووه‌که‌ به‌رده‌وامه‌.

کاتژمێرێک دوای ڕووداوه‌که‌ وه‌زاره‌تی ناوخۆی عێراق له‌ به‌یاننامه‌یێکدا باسی له‌وه‌ کرد که‌ هێزه‌ ئه‌منییه‌کان توانیویانه‌ دوو تۆمه‌تباری دیکه‌ ده‌ستگیر بکه‌ن.

دواتریش فه‌رمانگه‌ی کاروباری وێستگه‌کانی پشکنینی عێراق ته‌ئکیدی کرده‌وه‌ که‌ هێزه‌کانیان توانیویانه‌ زیندانییێکی هه‌ڵاتووی بنکه‌ی پۆلیسی "القناه‌" ده‌ستگیر بکه‌ن و له‌ ئێستادا 6 زیندانی هه‌ڵاتوو ده‌ستگیر کراون و گه‌ڕان و پشکنین بۆ ده‌ستگیرکردنی 9 زیندانی هه‌ڵاتووی‌تر درێژه‌ی هه‌یه‌.

سه‌رچاوه‌: ماڵپه‌ڕی سۆمه‌ریه‌ نیووز

کۆدی هه‌واڵنێر: 60103

News Code 65496

Your Comment

You are replying to: .
captcha