كه‌ناڵی K24 و كه‌ناڵه‌ هاوڕێبازه‌كانی له‌ دژی په‌كه‌كه‌ پڕوپاگه‌نده‌ ده‌كه‌ن

به‌شی تورکیا- کۆمیته‌ی ناوه‌ندیی په‌که‌که‌ له‌ به‌یاننامه‌یێکدا له‌سه‌ر هێرشی ئه‌مدواییه‌ی که‌ناڵی K24 بۆ سه‌ر کادێره‌ پێشه‌نگه‌کانی واتا هاوسه‌رۆکی کۆما جڤاکێن کوردستان (KCK) و ئه‌ندامی کۆنسه‌ی به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تیی په‌که‌که‌ هاته‌ده‌نگ و گوتی: كه‌ناڵی K24 و كه‌ناڵه‌ هاوڕێبازه‌كانی له‌ دژی په‌كه‌كه‌ پڕوپاگه‌نده‌ ده‌كه‌ن.

به‌پێی هه‌واڵی کوردپرێس، کۆمیته‌ی ناوه‌ندیی په‌که‌که‌ به‌یاننامه‌یێکی له‌باره‌ی هێرشی ئه‌مدواییه‌ی که‌ناڵی K24 بۆ سه‌ر کادێره‌ پێشه‌نگه‌کانی واتا به‌سێ هۆزات هاوسه‌رۆکی کۆما جڤاکێن کوردستان (KCK) و دۆران کاڵکان ئه‌ندامی کۆنسه‌ی به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تیی په‌که‌که‌ بڵاو کرده‌وه‌ و ڕای‌گه‌یاند: "ده‌وڵه‌تی تورکیا هێرشه‌كانی سه‌ركوتكردنی دژ به‌ کوردستانی سووریا، عێراق و تورکیا زیاد كردووه‌. له‌م ڕۆژانه‌دا كه‌سانی خائین و خیانه‌تكار به‌ كار دێنن و شه‌ڕی ده‌روونی ده‌كه‌ن. زۆر ئاشكرایه‌ كه‌ ده‌وڵه‌تی تورکیا ده‌یه‌وێت به‌م میتۆده‌ی شه‌ڕی چه‌په‌ڵ چی بكات. ده‌یه‌وێت وه‌ها پیشانی بدات كه‌ له ‌نێو كورداندا شه‌ڕێكی گه‌وره‌ هه‌یه به‌ڵام له‌ ڕاستیدا ده‌یه‌وێت له‌ ڕێی شه‌ڕی ده‌روونییه‌وه‌ ڕه‌وایه‌تی به‌ داگیركارییه‌كانی له‌ هه‌رێمی كوردستان بدات. دوای ڕیفراندۆمی 25ی ئه‌یلوولی 2017 ده‌وڵه‌تی توركیای داگیركه‌ر زیاتر بره‌وی به‌ شه‌ڕی ده‌روونی داوه‌. له‌ ڕۆژانی ڕابردووشدا كه‌ناڵی به‌ناو K24 و كه‌ناڵه‌ هاوڕێبازه‌كانی له‌ دژی په‌كه‌كه‌ پڕوپاگه‌نده‌ ده‌كه‌ن."

له‌ درێژه‌ی به‌یاننامه‌که‌دا هاتووه‌: "ده‌وڵه‌تی تورکیا دوای 23ی حوزه‌یرانی 2019 هێرشه‌كانی بۆ سه‌ر هه‌رێمی كوردستان زیاتر كردووه‌ و له‌م هێرشانه‌دا گه‌لی سڤیل ده‌بێته‌ قوربانی. له‌ به‌رانبه‌ر ئه‌م داگیركارییه‌دا گه‌ریلاكانی ئازادیی كوردستان به‌رخۆدان ده‌كه‌ن. ئه‌م ڕاستییه‌ له‌لایه‌ن هه‌موو گه‌لی كوردستان و ڕای گشتیی دیموكراتی ده‌بینرێت و ئه‌مه‌ بانگه‌وازی به‌رخۆدانه‌. هه‌رچه‌نده‌ ڕاستییێكی وه‌ها هه‌یه‌ به‌ڵام كه‌ناڵه‌كانی وه‌ک K24 و هاوڕێبازه‌كانی له‌ دژی كادره‌ پێشه‌نگه‌كانی په‌كه‌كه‌ دۆران كاڵكان و به‌سێ هۆزات پڕوپاگه‌نده‌یێكی دژبه‌رانه‌ ده‌كه‌ن که‌ ئه‌مه‌ش به‌ كه‌ڵكی ده‌وڵه‌تی تورکیا دێت. هه‌موو گه‌لی كوردستان به‌تایبه‌تی ئه‌وانه‌ی له‌ هه‌رێمی كوردستان ده‌ژین ئه‌م ڕاستییه‌ ده‌بینن. كه‌س و كادره‌كانی په‌ده‌كه‌ و یه‌نه‌كه‌ش له‌ به‌رانبه‌ر ئه‌م شه‌ڕه‌ ده‌روونییه‌ كاردانه‌وه‌یان هه‌یه‌ و ئه‌وانیش باس له‌وه‌ ده‌كه‌ن كه‌ ناهێڵن له ‌نێوان هێزه‌ كوردستانییه‌كان شه‌ڕ ڕوو بدات. له‌ شه‌ڕی ساڵانی ڕابردوودا زۆرترین زیان به‌ كوردان گه‌یشت. ئه‌م شه‌ڕه‌ له‌لایه‌ن داگیركه‌رانه‌وه‌ ده‌ستی پێكراوه‌ نه‌ک له‌لایه‌ن كوردان. له‌به‌ر ئه‌وه‌ش ئه‌م شه‌ڕه‌ زۆرترین سوودی بۆ ئه‌وان هه‌بووه‌ هه‌ر بۆیه‌ پێویسته‌ كۆنگره‌ی نه‌ته‌وه‌یی كورد ساز بكرێت. ئه‌گه‌ر ئه‌م كۆنگره‌یه‌ ساز نه‌كرێت، تراژیدیای وه‌ک ساڵانی پێشوو دووباره‌ ده‌بێته‌وه‌. که‌ناڵی K24 و كه‌ناڵه‌كانی هاوشێوه‌ی خزمه‌تی ئه‌و شته‌ ده‌كه‌ن."

سه‌رچاوه‌: هه‌واڵده‌ریی هاوارنیووز

کۆدی هه‌واڵنێر: 60103

News Code 65428

Your Comment

You are replying to: .
captcha