فراكسیۆنى پارتى: سووكایه‌تی كردن به ‌ئاڵاى كوردستان بارودۆخى سیاسى ئاڵۆزتر ده‌كات

به‌شی عێراق و هه‌رێمی کوردستان- فراكسیۆنى پارتى دیموكراتى كوردستان له‌ په‌رله‌مانى عێراق هه‌مبه‌ر سووکایه‌تی‌کردن به‌ ئاڵای کوردستان هاته‌ده‌نگ و ڕای‌گه‌یاند: "سووكایه‌تی كردن به ‌ئاڵاى كوردستان له‌لایه‌ن ئه‌ندامێكى هێزه‌ چه‌كداره‌كانى عێراقه‌وه‌ بارودۆخى سیاسى ئاڵۆزتر ده‌كات هه‌ر بۆیه‌ داواى لێكۆڵینه‌وه‌ ده‌كه‌ین."

کوردپرێس:

فراكسیۆنى پارتى له‌ په‌رله‌مانى عێراق هه‌مبه‌ر سووکایه‌تی‌کردن به‌ ئاڵای کوردستان هاته‌ده‌نگ و به‌یاننامه‌یێکی بڵاو کرده‌وه‌ که‌ تێیدا هاتووه‌: "سه‌ره‌ڕاى ئه‌وه‌ى هێشتا ئازاره‌كانى ئه‌نفال و تاوانه‌كانى ڕژێمى پێشوو دژى گه‌له‌كه‌مان به‌رده‌وامه‌ و ڕۆژبه‌ڕۆژ گۆڕى به‌كۆمه‌ڵى تازه‌ له ‌ناوچه‌كانى عێراقدا ده‌دۆزرێنه‌وه‌ كۆتا دانه‌شیان گۆڕه‌كه‌ی سه‌ماوه‌ بوو، به‌ڵام تا ئێستا هه‌ڵوێستى شۆڤێنیانه‌ و ڕه‌گه‌زپه‌رستى له‌لایه‌ن ئه‌و كه‌سانه‌وه‌ به‌رده‌وامه‌ كه‌ قوربانییه‌كانى گه‌لى كورد له‌پێناو ئازادیدا له‌به‌رچاو ناگرن.

له‌ به‌یاننامه‌كه‌دا هاتووه:‌ "ئه‌وه‌ى ئه‌ندامێكى هێزه‌ ئه‌منییه‌كان به‌رانبه‌ر ئاڵاى كوردستان كردى پێشهاتێكى مه‌ترسیداره‌ له‌سه‌ر ئاشتى پێكه‌وه‌ژیان و بڵاوكردنه‌وه‌ى ڕقه‌ و كینه‌یه‌ له ‌نێوان پێكهاته‌كانى عێراقدا، هه‌روه‌ک پێچه‌وانه‌ى ده‌ستووره‌ كه‌ هه‌موومان پێى ڕازى بووین حكوممان بكات، ئه‌و جۆره‌ هه‌ڵسوكه‌وته‌ بارودۆخى سیاسى و كۆمه‌ڵایه‌تى له ‌عێراقدا ئاڵۆزتر ده‌كات".

فراكسیۆنى پارتى ئاماژه‌ى به‌وه‌ش داوه: "ئاڵاى كوردستان لاى ئێمه‌ هێمایێكى تایبه‌ته‌ ناكرێت ده‌ستى بۆ ببردرێت و ناكرێت له‌و هه‌ڵوێسته‌ بێده‌نگ بین، ئه‌و سه‌رده‌مه‌ تاریكه‌مان به ‌بیر ده‌هێنێته‌وه‌ كه‌ تێپه‌ڕى و داواش له‌ فه‌رمانده‌ی هێزه‌ چه‌كداره‌كانى عێراق ده‌كه‌ن لێكۆڵینه‌وه‌ى به‌په‌له‌ له‌وباره‌یه‌وه‌ بكات."

شایان باسه‌؛ ڕۆژی سێشه‌ممه‌ 30-7-2019 له ‌كاتی سه‌ردانی كه‌سوكاری ئه‌نفالكراوان بۆ گۆڕێكی به‌كۆمه‌ڵ له‌ سه‌ماوه‌، ئه‌فسه‌رێک به‌ پله‌ی مولازم داوای كرد یه‌كێک له‌ كه‌سوكاری ئه‌نفالكراوان ملپێچه‌كه‌ی دابگرێت كه‌ به‌ ئاڵای كوردستان نه‌خشێنرابوو و ئه‌وه‌ش كاردانه‌وه‌ی زۆری به‌دوای خۆیدا هێنا.

هه‌روه‌ها دره‌نگانی شه‌وی ڕابردووش ئه‌حمه‌د مه‌نفی پارێزگاری موسه‌ننا (سه‌ماوه‌) داوای لێبوردنی له‌ گه‌لی كورد كرد و ڕای‌گه‌یاند که‌ ڕێوشوێنه‌كان به‌رانبه‌ر ئه‌و ئه‌فسه‌ره‌ گیراونه‌ته‌به‌ر.

سه‌رچاوه‌: سۆمه‌ریه‌ نیووز

کۆدی هه‌واڵنێر: 60103

News Code 65418

Your Comment

You are replying to: .
captcha