هۆکارەکانی بێدەنگی ڕاگرتنی هەرێمی کوردستان لە بەرامبەر ئۆپەراسیۆنی تورکیا دژ پەکەکە چین؟

بەشی جیهان- دوکتۆر ژگار حەسەن بە ئاژانسی کوردپرێسی وت: هەرێمی کوردستان ناتوانێت نا بە بوونی تورکیا بڵێت و لە لایێکی تریشەوە بوونی تورکیا بۆ دروست کردنی هاوسەنگی لەبەرامبەر بوونی پەکەکە لە هەرێمی کوردستان، پێویستە. بۆیە هەرێمی کوردستان ڕازی بە ئۆپەراسیۆنی تورکیایە دژ بە پەکەکە.

کوردپرێس: لەم ڕۆژانەدا هەرێمی کوردستان پاش تێپەڕ کردنی پاشهاتەکانی ڕیفراندۆم گەیشتۆتە قۆناخێکی دیکە و گۆڕانکاریی ئیجابی و نێگەتیڤی بینیوە. لە گۆڕانکارییە ئیجابییەکان کە لە هەرێمی کوردستان ڕوویداوە پێکهێنانی حکوومەتی نوێی هەرێمی کوردستان و هەوڵدان بۆ باشتر بوونی پێوەندییەکانی نێوان هەولێر و بەغدایە. بەڵام هەندێک گۆڕانکاریی دیکەش هەن کە دژی سەقامگیریی هەرێمی کوردستان-ن لەوان چڕبوونەوەی هێرشەکانی تورکیان دژ بە پەکەکە و دەرکەوتنی ناکۆکیی لەنێوان باڵەکانی پارتی دیموکراتی کوردستان. ئاژانسی کوردپرێس بە مەبەستی تاوتوێ کردنی ئەم چەند بابەتە گفتوگۆیێکی لەگەڵ دوکتور ژگار حەسەن مامۆستای زانکۆی کینگ-ی کەنەدا و چاودێری بابەتی کورد ئەنجام داوە.

ژگار حەسەن دەڵێت پێچەوانەی ڕابردوو ناکۆکییەکان لەنێو پارتی زیاتر دەرکەوتوون و ئێستا سێ باڵی لێکەوتووەتەوە کە پێویستی بە چارەسەرکردنی خێرا هەیە، هەروەها ناوبراو لەبارەی بێدەنگی ڕاگرتنی هەرێمی کوردستان هەمبەر هێرشەکانی تورکیا بۆ سەر پەکەکە لە هەرێمی کوردستان بە ئاژانسی کوردپرێسی وت هەولێر توانای نا وتانی بە تورکیا نیە و لە لایێکی دیکەوە بوونی لایەنێکی سێهەم لە نێوان هەرێم و پەکەکە پێویستە بۆ دابەزاندنی نفووزی پەکەکە لەو ناوچەیە. بۆیە هەرێمی کوردستان ڕازیە بە ئۆپەراسیۆنی سەربازیی تورکیا لە ناوخاکی هەرێم و ناڕەزایی دەرنابڕێت.

دەقی دیمانەی دوکتۆر ژگار حەسەن مامۆستای زانکۆی کینگ لەگەڵ کوردپرێس:

کوردپرێس: چاوەڕوان دەکرا کە پاش ئەوەی مەسروور بازانی وەکوو سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستان و نێچیرڤان بارانی وەکوو سەرۆکی هەرێمی کوردستان هەڵبزێردران، ڕۆڵی مەسعوود بارزانی وەکوو سەرۆکی پێشووی هەرێم کز ببێتەوە بەڵام دەبینین قەرارگای بارزانی بووەتە کۆشکی سەرۆکایەتیی هەرێم و مەسعوود بارزانی لەوێیە. ئایا دەتوانین بڵێین ئەم مەسەلە زاڵ بوونی مەسعوود بارزانی بەسەر دەسەڵاتدارێتی مەسروور بارزانی و نێچیرڤان بارزانی-دا نیشان دەدات؟

دوکتۆر ژگار حەسەن: دەست لەکار کشانەوەی مەسعوود بارزانی خاڵی وەرچەرخانی ئاقاری سیاسی هەرێمی کوردستان بوو، ئۆپۆزیسیۆنی هەرێمی کوردستان بڕوایان وابوو کە مەسعوود بارزانی تا کۆتایی ژیانی واز لە دەسەڵات ناهێنێت. بۆیە ئەم پرسە کە مەسعوود بارزانی دەسەڵات بەجێ دێڵێت و برازاکەی دەسەڵات دەگرێتە دەستەوە پرسێکی گرینگە. ئێمە دەزانین کە دەسەڵاتی نێچیرڤان بارزانی بەهێز دەبێت و جیاوازە لەوەی مەسعوود بارزانی. نێچیرڤان بارزانی بۆ بەرەو پێش چوونی بەرنامەکانی هەوڵ ئەدات و ڕێگای جیاواز بۆ گەیشتن بە ئامانجەکانی دەگرێتە بەر.

هەروەها ئێمە نابێت زۆر لەسەر کشانەوەی مەسعوود بارزانی حسێب بکەین چوونکە ناوبراو سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستانە و نفووزی لەسەر حکوومەتی هەرێمی کوردستان هەر دەبێت. بۆ ساڵەها کاریگەریی مەسعوود بارزانی لەسەر دۆخی سیاسیی هەرێمی کوردستان بەردەوام دەبێت. پرسیار ئەمەیە کە نێچیرڤان بارزانی تا چ ڕادەیێک هەمبەر نفووز و دەسەڵاتی مەسعوود بارزانی دەوەستێت کە لە ئێستادا ناتوانین وەڵامی ئەم پرسیارە بدەینەوە.

کوردپرێس: ئێستا کە مەسروور بارزانی و نێچیرڤان بارزانی دەسەڵاتیان لە دەستە پێوەندییەکان لەنێوان هەرێمی کوردستان و حکوومەتی ناوەندیی عێراق چۆن دەبینن؟

دوکتۆر ژگار حەسەن: پاش لێکەوتەکانی ڕیفراندۆمەکەی هەرێمی کوردستان لە ساڵی 2017 پێوەندییەکانی نێوان هەولێر و بەغدا بەرەبەرە ڕووی لە باشتر بوونە چوونکە هەولێر بۆی دەرکەوت کە بەشێوەی تاکەلایەنە بۆی نییە هەنگاو هەڵبگرێت. بە دڵنیاییەوە لەسەردەمی دەسەڵاتدارێتیی نێچیرڤان بارزانیدا شێوازی مامەڵەکردنەکە جیاوازە بەڵام ئەوەی کە پێوەندییەکانی نێوان هەرێم و عێراق باشتر دەبێت یان نا ئەبێت چاوەڕوان بین.

کوردپرێس: هەندێک پرس وەکوو فرۆشتنی نەوت لە لایەن حکوومەتی هەرێم کوردستان و چارەنووسی ناوچە کێشەلەسەرەکان پرسە گرینگەکانی نێوان هەولێر و بەغدا دێتە ئەژمار. ئایا ئەم پرسانە لە حکوومەتی نوێدا چارەسەر دەکرێن؟

دوکتۆر ژگار حەسەن: من ناتوانم داهاتوو ئەم دوو بابەتە پێش بینی بکەم. ئەم بابەتە بابەتێکی کۆن و گرینگە کە پێوویستی بە سەرمایەی سیاسی هەیە و بەداخەوە نە هەولێر و نەبەغداش ئەو سەرمایەیان لەبەردەست نییە. لەلاێکی دیکەوە هەردوو لایەنەکە لە ترسی لەدەست دانی بەرژەوەندییێک ئامادە نین لەسەر بابەتەکە ڕێگای ئاشتەوایی بگرنە بەر.

کوردپرێس: لم دواییانەدا ناکۆکیی نێو ماڵی پارتی دیموکرات بە سەرکردایەتیی مەسعوود بارزانی خۆی نیشان داوە. دەوترێت تا ئێستا مەسعوود بارزانی ڕێگەی لە ئاشکرا بوونی ناکۆکییەکان گرتووە. ئێوە داهاتووی ناکۆکییە ناوخۆییەکانی پارتی بە ئاوڕ دانەوە لە دوو باڵی مەسروور بارزانی و نێچیرڤان بارزانی چۆن پێش بینی دەکەن؟

دوکتۆر ژگار حەسەن: ناکۆکیی لەنێو ماڵی پارتی دیموکراتی کوردستاندا بوونی هەیە و سەرەڕای ئەوەی کە مەسعوود بارزانی و کەسانی تر هەوڵی پەردەپۆش کردنی ناکۆکییەکانیان داوە بەڵام پارتی تووشی چەند دەستەیی بووەتەوە. لانیکەم دوو باڵ یان سێ باڵ لەناو پارتیدا بوونی هەیە: سەردکردەی یک لەو باڵانە مەسروور بارزانییە، باڵێکی تر لە دەستی نێچیرڤان بارزانییە و باڵی سێهەمیش لەلایەن فازڵ میرانییەوە بەڕێوەدەبرێت. تا ئەمڕۆ ناکۆکییەکان بە باشی کونترۆڵ کراون بەڵام دێر یان زوودەبێت پارتی کۆتایی بەم مشتومڕانە بێنێت.

کوردپرێس: موناقیشەی نێوان پارتی دیموکرات و یەکێتیی نیشتمانی بۆ چەند مانگ، پێکهێنانی حکوومەتی دواخست. ئایا ئەم دوو حزبە لە داهاتوودا دەتوانن چارەسەر کێشەکانیان بکەن؟

دوکتۆر ژگار حەسەن: ڕێککەوتنی پارتی و یەکێتی لەسەر پێکهێنانی حکوومەت چاوەڕوان کراو بوو. بە بۆنەی هەڵبژاردنی سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستانەوە، بۆ مەسروور بارزانی و نێچیرڤان بارزانی ئاسانتر بوو کە لەسەر پێکهێنانی حکوومەتی نوێ لەگەڵ یەکێتی ڕێکبکەون.

کوردپرێس: چەند حەفتەیە کە تورکیا هێرشەکانی بۆ سەر پەکەکە لە هەرێمی کوردستان چڕ کردۆتەوە بەڵام کاردانەوەیێکی ئەوتۆی لەلایەن حکوومەتی هەرێمەوە نەبووە، هۆکارەکەی بۆچی دەگەڕێتەوە؟

دوکتۆر ژگار حەسەن: بەو جۆرە کە ئێوەش ئاگاتان لێیە حکوومەتی هەرێمی کوردستان و پارتی دیموکراتی کوردستان پێوەندییێکی باشیان لەگەڵ تورکیا هەیە بۆیەش حکوومەتی هەرێم ڕازییە بە بوونی تورکیا لە هەرێمی کوردستان. لە لایێکی دیکەوە بوونی تورکیا لە هەرێمی کوردستان هاوسەنگیی هێز دروست دەکات لە بەرامبەر پەکەکە-دا. بەبێ بوونی ئۆپەراسیۆنەکانی تورکیا لە هەرێمی کوردستان، پەکەکە لە هەرێمی کوردستان دەسکراوەتر دەبێت. لە کۆتاییدا تەنانەت ئەگەر هەرێمی کوردستان بیەوێت تورکیا لە هەرێم دەربکات ناتوانێت ئەو کارە بکا. تورکیا لەباری سیاسی و سەربازییەوە بەهێزە و لە ئەنجامدا بەبێ ڕەزا یان بە ڕەزای هەرێمی کوردستان ئۆپەراسیۆنی سەربازی ئەنجام دەدات. بۆیەش بەڕای هەرێمی کوردستان هاوکاری کردن لەگەڵ تورکیا لۆژیکترە.

کوردپرێس: باس و خواست لەسەر یەکخستنی هێزی پێشمەرگە لەم ڕۆژانەدا زۆرن و حکوومەتی نوێی هەرێمی کوردستان بەڵێنی داوە هەنگاو بۆ ئەم کار هەڵبگرێت. هاوپەیمانە بیانییەکانی هەرێمی کوردستان لەوان ئەڵمانیا، فەڕەنسا، بەریتانیا و ئەمەریکا بەڵێنیان داوە یارمەتیی هەرێمی کوردستان بدەن بۆ دروست کردنی ئەرتەشێکی یەکدەست. ئایا ئەم هەوڵە بە ئاوڕدانەوە لە حزبی بوونی هێزی پێشمەرگە ئیمکانی هەیە؟

دوکتۆر ژگار حەسەن: بەڵێ ئیمکانی هەیە بەڵام من بڕوام وایە کە ئەم بابەتە ڕوونادات. بۆ پارتی و یەکێتی زۆر دژوار دەبێت واز لە هێزەکانی خۆیان بێنن بۆ پێکهێنانی هێزێکی نەتەوەیی. ئەم کارە خەساری سیاسی و ئابووریی زۆری بۆ هەردوو حزبەکە دەبێت.

کۆدی هەواڵنێر: 60113

News Code 65334

Your Comment

You are replying to: .
captcha