لیژنەی باڵای هاوبەشی نێوان هه‌ولێر و به‌غدا راگه‌یه‌ندراوێک بڵاو ده‌که‌نه‌وه‌

بەشی عێراق و هەرێمی کوردستان- لیژنەی باڵای هاوبەشی حکوومه‌تی هه‌رێمی کوردستان و حکوومه‌تی ئیتیحادی راگه‌یه‌ندراوێکیان بڵاوکرده‌وه‌ و تێیدا باس له‌ ناوه‌ڕۆکی کۆبوونه‌وه‌ی ئه‌مڕۆی شاندی باڵای به‌غدا و حکوومه‌تی هه‌رێمی کوردستان ده‌کات.

کوردپرێس: به‌ گوێره‌ی راگه‌یه‌ندراوی لێژنه‌ی باڵا هاوبه‌ش، له‌ کۆبوونه‌وه‌ی ئه‌مڕۆدا، پرسی ناوچه‌ جێناکۆکه‌کان و کێشه‌ داراییه‌کان و بوودجه‌، پرسی نه‌وت و غاز باسيان لێوه‌کراوه‌.

وه‌ک له‌ ناوه‌ڕۆکی راگه‌یه‌ندراوه‌که‌دا ئاماژه‌ی بۆ کراوه‌، لێکۆڵینه‌وه‌ له‌ ورده‌کاریی پرسه‌ هه‌ڵپه‌سێردراوه‌کان له‌ رێگای پێکهێنانی چه‌ند لێژنه‌یێکی تایبه‌تمه‌ندی ته‌کنیکی له‌ وه‌زاره‌ته‌ په‌یوه‌ندیداره‌کان له‌ژێر چاودێری لێژنه‌ی باڵای هاوبه‌ش ده‌بێت.

بڕیاریشه‌ هه‌فته‌ی داهاتوو لێژنه‌ ته‌کنیکییه‌کانى وه‌زاره‌ته‌ په‌یوه‌ندیداره‌کان له‌ به‌غدا کۆ ببنه‌وه‌.

ده‌قی راگه‌یاندراوی لیژنەی باڵای هاوبەشی حکوومه‌تی هه‌رێمی کوردستان و حکوومه‌تی ئیتیحادی:

"ئه‌مڕۆ پێنجشه‌ممه‌ 25/7/2019، لێژنه‌ی باڵای هاوبه‌شی حکوومه‌تی ئیتیحادی و حکوومه‌تی هه‌رێمی کوردستان تایبه‌ت به‌ چاره‌سه‌ری کێشه‌ هه‌ڵپه‌سێردراوه‌کانی نێوانیان به‌سه‌رپه‌رشتی به‌ڕێز سه‌رۆکی حکوومه‌تی هه‌رێمی کوردستان و به‌ڕێز جێگری سه‌رۆکی حکوومه‌تی ئیتیحادی بۆ کاروباری وزه‌ کۆبوونه‌وه‌ به‌مه‌به‌ستی دۆزینه‌وه‌ی چاره‌سه‌رێکی دادپه‌روه‌رانه‌ بۆ کێشه‌ هه‌ڵپه‌سێردراوه‌کان به‌پێی ده‌ستوور.

له‌ که‌شێکی ئه‌رێنی و لێکتێگه‌یشتنی هاوبه‌ش و نیاز پاکی گفتوگۆ له‌باره‌ی دۆسیه‌‌ سه‌ره‌کییه‌کان کرا به‌تایبه‌تی پرسی ناوچه‌ جێناکۆکه‌کان و کێشه‌ داراییه‌کان و بوودجه‌، پرسی نه‌وت و غاز.

هه‌ردوولا رێککه‌وتن له‌سه‌ر دانانی میکانزمێکی کرده‌یی بۆ لێکۆڵینه‌وه‌ له‌ ورده‌کاری پرسه‌ هه‌ڵپه‌سێردراوه‌کان له‌رێگای پێکهێنانی چه‌ند لێژنه‌یێکی تایبه‌تمه‌ندی ته‌کنیکی له‌ وه‌زاره‌ته‌ په‌یوه‌ندیداره‌کان له‌ژێر چاودێری لێژنه‌ی باڵای هاوبه‌ش.

له‌ کۆبوونه‌وه‌که‌شدا بڕیار له‌سه‌ر‌ به‌رده‌وامی په‌یوه‌ندییه‌کان درا به‌ئامانجی دۆزینه‌وه‌ی چاره‌سه‌ری بنه‌ڕه‌تیی و ده‌ستووریانه‌ بۆ سه‌رجه‌م کێشه‌ هه‌ڵپه‌سێردراوه‌کان به‌شێوه‌یێک که‌ خزمه‌ت به‌ به‌رژه‌وه‌ندی هه‌ردوولا بکات و بڕیاریشه‌ هه‌فته‌ی داهاتوو لێژنه‌ ته‌کنیکییه‌کان له‌ به‌غدا کۆببنه‌وه‌.

کۆدی هەواڵنێر: 60113

News Code 65292

Your Comment

You are replying to: .
captcha