مه‌ولوود چاووشئۆغڵۆ: پێشنیازه‌ نوێكانی ئه‌مریكا له‌ سووریا جێی ڕه‌زامه‌ندیی ئه‌نقه‌ره‌ نیین

به‌شی تورکیا- وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی تورکیا له‌ لێدوانێکدا ئاماژه‌ی به‌ سه‌ردانه‌که‌ی ئه‌مدواییه‌ی جه‌یمز جێفری و ناکۆکییه‌کانی نێوان دوو وڵات له‌سه‌ر ناوچه‌ی پارێزراوی باکووری سووریا کرد و گوتی: پێشنیازه‌ نوێکانی ئه‌مریكا له‌ ئاستێكدا نین دڵنیاییمان پێ بده‌ن.

به‌پێی هه‌واڵی کوردپرێس، مه‌ولوود چاووشئۆغڵۆ وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی تورکیا باسی له‌ سه‌ردانی ئه‌مدواییه‌ی جه‌یمز جێفری نوێنه‌ری تایبه‌تی ئه‌مریکا بۆ کاروباری سووریا بۆ ئه‌و وڵاته و بابه‌ته‌کان له‌سه‌ر سووریا به‌تایبه‌ت دامه‌زراندنی ناوچه‌ی پارێزراو له‌ باکووری سووریا‌ کرد و ڕای‌گه‌یاند: هاوتا ئه‌مریكییه‌كه‌ی مایک پۆمپیۆ له‌ په‌یوه‌ندی ته‌له‌فۆنییدا پێی ڕاگه‌یاندووه‌ كه‌ جێفری پێشنیازی نوێ ده‌هێنێت به‌ڵام ئه‌و پێشنیازه‌ نوێیانه‌ی ئه‌مریكا هێناویه‌تی له‌ ئاستێكدا نین دڵنیاییمان پێ بده‌ن. پێویسته‌ به‌ ڕوونی ئه‌وه‌ بڵێین. له‌ پێشنیاره‌ نوێکه‌ی ئه‌مریکا له‌باره‌ی ناوچه‌ی پارێزراوی باکووری سووریا پێمان وایه‌ ئه‌و سیاسه‌ته‌ی که‌ له‌ مه‌نبه‌ج گرتبوویانه‌به‌ر جێبه‌جێ ده‌که‌ن.

ناوبراو له‌ درێژه‌ی لێدوانه‌کانیدا جه‌ختی کرده‌وه‌: پێویسته‌ خڵه‌فاندن و كات به‌سه‌ربردن له‌مه‌و‌دوا نه‌كرێت. پێویسته‌ هه‌رچی زووه‌ سه‌باره‌ت به‌ ناوچه‌ی ئارام (له‌گه‌ڵ ئه‌مریكادا) بگه‌ین به‌ ڕێككه‌وتن. ئیتر ئێمه‌ ئاراممان نه‌ماوه‌.

وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی تورکیا له‌باره‌ی دواپاشهاته‌کانی ئیدلب گوتی: له‌و په‌یوه‌ندییه‌ ته‌له‌فۆنییه‌ی له‌گه‌ڵ سێرگه‌ی لاڤرۆڤ وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی ڕووسیا ئه‌نجامم دا داوای ڕاگرتنی هێرشه‌كانی ئیدلبم له‌ هاوتا ڕووسییه‌كه‌م كرد و ڕامگه‌یاند که‌ پێویسته‌ تواناكان له‌سه‌ر چاره‌کردنی پرۆسه‌ی سیاسی له‌ سووریا چڕ بكرێنه‌وه‌.

سه‌رچاوه‌: ته‌له‌فزیۆنی NTV

کۆدی هه‌واڵنێر: 60103

News Code 65273

Your Comment

You are replying to: .
captcha