کوردپرێس:
باهۆز ئەرداڵ یەكێك لە فەرماندەكانی بڕیارگەی ناوەندیی پاراستنی گەل (نەپەگە) لە میانەی بەرنامەیێكی تایبەتی كەناڵی ئاسمانیی ستێرك تی ڤی، سەرنجی خستە سەر ئۆپەراسیۆنە سەربازییەكانی دەوڵەتی توركیا لە دژی هەرێمەكانی پاراستنی مەدیا، هەڵوێستی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، چالاكییەكەی ڕێستۆرانتی هۆقەباز كە لەم دواییانە لە هەولێر ئەنجام درا، هەوڵەكانی بەرفراوانكردنی كارە سیخووڕییەكان لە هەرێمی كوردستان و چەندین بابەتی دیكە.
دەربارەی ڕووداوەكەی هەولێر باهۆز ئەرداڵ گوتی: "ئەو كەسەی ناوی عوسمان كۆسە-یە و لە چالاكییەكەی ڕێستۆرانتی هۆقەباز-ی شاری هەولێر كوژراوە، دیپلۆماتكار نییە بەڵكوو بەرپرسی میتە لە هەرێمی كوردستان، ئەو كەسە بەرپرسە لە شەهیدبوونی هاوڕێ دیار غەریب (هەڵمەت) ڕاشیگەیاند، دەستخۆشی لەو گەنجانە دەكەین كە چالاكییەكەیان كردووە و پیرۆزباییان لێ دەكەین."
عوسمان كۆسە بەرپرسی میت بوو لە هەرێمی كوردستان
باهۆز ئەرداڵ دەربارەی ڕووداوەكەی هەولێر گوتی: "دەربارەی ئەم بابەتە ئێمە لێدوانمان نەدا ویستمان ڕاستییەكانی ڕووداوەكە ڕوون ببنەوە بۆ ئەو مەبەستە لێكۆڵینەوەمان كرد، گەیشتینە ئەم ئەنجامە، یەكەم، ئەو كەسەی كوژراوە و ناوی عوسمانە دیپلۆماتكار نییە بەڵكوو بەرپرسی میتە لە سەرانسەری هەرێمی كوردستان واتە بەرپرسی ڕێكخستنی هەموو ئەو كارانەیە كە میت لە دژی ئێمە دەیكات، لەژێر چەتری میت بەشێك هەیە كە ئامانج و ئەركیان ئەوەیە لە دژی بەڕێوەبەرایەتیی ئێمە كارەكان ڕێكخات و بەڕێوەبەرایەتیی ئێمە بكاتە ئامانج پیلان و ویستی ئەوەیان هەیە هێرش و كاری تێرۆریستی بكەن، ئەو كەسەی كوژراوە بەرپرسی یەكەمی میتە لە هەرێمی كوردستان كە دەیەوێت دژی بەڕێوەبەرایەتیی ئێمە جموجۆڵی تێرۆریستی بكات، ئەو كەسە ڕێبەرایەتیی ئەو كارانەی دەكرد."
باهۆز ئەرداڵ ڕاشیگەیاند، دوایین بەرپرسایەتیی عوسمان كۆسە ئەو هێرشە بوو كە بووە هۆی کوژرانی هاوڕێ دیار غەریب و هەردوو هاوڕێكەی دیكەی.
ناوبراو گوتیشی: "دوای ئەوەی پیلانی چالاكی دادەنێت و زانیارییەكان كۆدەكاتەوە، هێرش دەكرێتە سەر ئەو شوێنەی هەڤاڵ هەڵمەتی لێیە و لەگەڵ دوو هەڤاڵی دیكە شەهید دەكرێت هەروەها زۆر هێرشی دیكە لە هەرێمی كوردستان ئەو كەسە ڕێكی دەخست، یەكێك لەو ئەنجامانەی كە ئێمە پێی گەیشتین ئەوە بوو."
Your Comment