بەپێی هەواڵی کوردپرێس، 22ی 7ی 2019، ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق لە دانیشتنی ئاسایی خۆیدا، 20 ماددەی لە یاسای هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاكانی هەموار كردەوە و بەگوێرەی هەموارەكەش، لە هەڵبژاردنی داهاتووی ئەنجومەنی پارێزگاكاندا كە رۆژی 1ی نیسانی 2020 ئەنجام دەدرێت، كار بە رێژەی 1.9 لە سیستمی سانت لیگۆ دەكرێت.
بەگوێرەی زانیارییەكانیش، پەرلەمان هەمواری كۆی یاساكەی راگرتووە، تا ئەوكاتەی رێككەوتن لەسەر كەركووک دەكرێت.
لەوبارەیەوە، حەسەن ئاڵی، ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، ڕایگەیاند: جگە لە مادەكانی 15، 16، سەرجەم مادەكانی هەمواری یاسای هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاكان پەسەندكرا، لایەنەكانیش لە گفتوگۆدان بۆ گەیشتن بەڕێكەوتن لەسەر ئەو دوو خاڵە.
حەسەن ئاڵی وتیشی:" لەماددەی 15ی هەمواری یاساكەدا جەخت كراوەتەوە كە دەبێت لە 48 كاتژمێر هێزە ئەمنییەكان كە پێكدێت لە وەزارەتی ناوخۆ و بەرگری و هێزی پێشمەرگە بەشداری لەدەنگدان بكەن، ماددەی 16ش جەخت دەكاتەوە لەوەی، گۆڕانكاری لەشوێنی نیشتەجێببوون ڕەچاو نەكرێت بۆ دەنگدانی پارێزگاكان".
بەپێی خشتەی پەسەندكراوی هەمواری یاساكە، ژمارەی ئەندامانی ئەنجومەنی پارێزگاكان كەم دەكرێتەوە، بەجۆرێک ئەنجومەنی پارێزگای كەركووک لە 41 ئەندامەوە دەكرێتە 14 ئەندام، كە یەک ئەندامی بۆ مەسیحییەكان و 3 ئەندامیشی بۆ ژنان دەبێت.
کۆدی هەواڵنێر: 60113
Your Comment