بەپێی هەواڵی کوردپرێس ڕۆژی دووشەمە 31ی پووشپەڕ بەرانبەر بە 22ی تەمووزی 2019 عەلی ڕەبیعی وتەبێژی دەوڵەتی ئێران لە لێدوانێکدا ئاماژەی بە مەسەلەی دەستبەسەرداگیرانی کەشتییە ئێرانی و بەریتانییەکان کرد و ڕایگەیاند دەبێت ئەو مەسەلەیە بە دیالۆگ و گفتوگۆ چارەسەر بکرێن.
ڕەبیعی زیادی کرد کەشتییە بەریتانییەکە لە ئاوەکانی گەرووی هورموز جووڵەی نایاساییی بووە و بەو بۆنەیەوە دەستی بەسەردا گیراوە ئەگینا ئەمە وەڵامدانەوەی دەستبەسەرداگیرانی کەشتییە ئێرانییەکە لە گەرووی "جبل الطارق" نیە.
وتەبێژی دەوڵەتی ئێران گوتیشی چارەسەرکرانی کێشەی کەشتییەکان بە دیپڵۆماسییەت دەکرێت و ئێران لۆژیکی "کەشتی لە بەرانبەر کەشتی"ی بەکار نەهێناوە.
شایانی باسە پێش دوو هەفتە وڵاتی بەریتانیا لە گەرووی "جبل الطارق" دەستی بە سەر کەشتییێکی ئێرانیدا گرت و ئەوەش کاردانەوەی فراوانی بەرپرسانی حکوومیی ئێرانی لێکەوتەوە و هەفتەی ڕابردووش سوپای پاسدارانی ئێران دەستی لە گەرووی هورموز دەستی بەسەر کەشتییێکی بەریتانیدا گرت و تا ئەم کاتەش هیچ لەو کەشتییە نەوتییانە ئازاد نەکراون.
*لە ئیرنا وەرگیراوە
Your Comment