کوردپرێس:
ئه‌مڕۆ دووشه‌ممه 22ی ته‌مووزی 2019 هه‌واڵده‌ریی ڕۆیتێرز له هه‌واڵێکی به‌په‌له‌دا بڵاوی کرده‌وه که یۆکیا ئامانۆ ئه‌مینداری گشتیی ئاژانسی نێوده‌وڵه‌تیی وزه‌ی ئه‌تۆمی کۆچی دوایی کردووه.
ساڵی 2009 یۆکیا ئامانۆ بۆ پۆستی به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تیی گشتیی ئاژانسی نێوده‌وڵه‌تیی وزه‌ی ئه‌تۆمی ده‌ستنیشان کرا و پێشتر ئه‌م پۆسته له‌لایه‌ن محه‌مه‌د بهرادعییهوه به‌ڕێوه ده‌برا.
یۆکیا ئامانۆ ساڵی 1947ی زایینی له‌دایک بوو و ده‌رچووی کۆلێژی یاسای زانکۆی تۆکیۆ بوو و ساڵی 1972ی زایینی کاره‌کانی له وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی ژاپۆن ده‌ست پێ‌کرد. مانگی ئه‌یپڕێڵی 2001 وه‌ک کارناسی حکومی له ده‌سته‌ی ڕێکخراوی نه‌ته‌وه یه‌کگرتووه‌کان له حه‌وزه‌ی کاروباری مووشه‌کی ده‌ستنیشان و سێ مانگی دواتری چووه ناو گرووپی پسپۆڕانی ڕێکخراوی نه‌ته‌وه یه‌کگرتووه‌کان بۆ توێژینه‌وه له‌سه‌ر ڕێگرتنی په‌ره‌پێدانی چه‌کی ناڤۆکی.
ناوبراو له باڵیۆزخانه‌کانی ژاپۆن له ڤیێتنام، واشنتۆن و برۆکسلدا کاری کردووه و ئه‌ندامێکی شاندی نێردراوی ژاپۆن بۆ کۆنفڕانسی چه‌کداماڵینی ناڤۆکی له ژێنێڤ بوو.
کۆدی هه‌واڵنێر: 60103
Your Comment