تورکیا سنووری برادۆست بۆردومان ده‌کات

به‌شی عێراق و هه‌رێمی کوردستان- جارێکی‌تر فڕۆکه‌کانی سوپای تورکیا ناوچه‌ سنوورییه‌کانی پارێزگای هه‌ولێر هه‌ڵکه‌وتوو له‌ ده‌ڤه‌ری برادۆستیان بۆردومان کرد.

به‌پێی هه‌واڵی کوردپرێس، ئه‌مڕۆ پێنجشه‌ممه‌ 18ی ته‌مووزی 2019 فڕۆکه‌ جه‌نگییه‌کانی سوپای تورکیا گوندی خه‌لیفانی هه‌ڵکه‌وتوو له‌ ده‌ڤه‌ری برادۆستی هه‌ولێریان به‌ توندی بۆردومان کرد و شوانکاره‌کانی سنووره‌که‌ی ناچار کرد ده‌ست له‌ له‌وه‌ڕاندنی ئاژه‌ڵه‌کانیان به‌ر بده‌ن و بڕۆنه‌وه‌ ماڵه‌کانیان.

بۆردومان‌کردنی ناوچه‌که‌ له‌لایه‌ن فڕۆکه‌کانی تورکیا سووتاندنی پۆش و پاوانی ناوچه‌که‌ی لێکه‌وته‌وه‌ به‌ڵام هێشتا هیچ زانیارییێکی له‌باره‌ی زیانه‌کانی هێرشه‌که‌وه‌ بڵاو نه‌کراوه‌ته‌وه‌.

تورکیا به‌ بیانووی بوونی گه‌ریلاکانی پارتی کرێکارانی کوردستان جگه‌ له‌ به‌زاندنی سنووری هه‌رێمی کوردستان و بوونی چه‌ندین پێگه‌ و مۆڵگه‌ی سه‌ربازی به‌ به‌رده‌وامی بۆردومان و تۆپبارانی گونده‌کانی هه‌رێم ده‌کات و تا ئێستاش ژماره‌یێک گوندنشین و هاووڵاتیی هه‌رێم به‌هۆی ئه‌و بۆردومانانه‌وه‌ بوونه‌ته‌ قوربانی و زیانی زۆریش به‌ ژینگه‌ی ئه‌و ناوچانه‌ گه‌یشتووه‌.

له‌لایێکی دیکه‌شه‌وه‌ ژماره‌یێک بنکه‌ی سه‌ربازی و هه‌واڵگریی تورکیا له‌ هه‌رێمی کوردستاندایه‌ و هێزه‌کانی ئه‌و وڵاته‌ چوونه‌ته‌ قووڵاییی 30 کیلۆمه‌تریی خاکی هه‌رێم و ئۆپه‌راسیۆنێکی گه‌وره‌ی سه‌ربازی له‌و ناوچانه‌ ئه‌نجام ده‌ده‌ن.

سه‌رچاوه‌: ماڵپه‌ڕی ڕۆژنیووز

کۆدی هه‌واڵنێر: 60103

News Code 65107

Your Comment

You are replying to: .
captcha