کوردپرێس:
زانیارییه‌کانی میدیای فه‌رمیی حکوومه‌تی تورکیا (ئاژانسی ئه‌نادۆڵو) باس له‌وه ده‌کات که شه‌وی ڕابردوو 17-7-2019 ته‌رمی کارمه‌نده دیپلۆماتکاره‌که‌ی كۆنسووڵخانهی تورکیا که له هێرشێکی چه‌کداری ڕێستۆرانتێکی هه‌ولێر کوژرا به فڕۆکه‌یێک ڕه‌وانه‌ی تورکیا کراوه‌ته‌وه.
ئاماژه به‌وه‌ش کراوه که توێکاره پزیشکییه‌کانی ته‌رمه‌که له نه‌خۆشخانه‌ی ڕزگاری له هه‌ولێر کۆتایی هاتووه.
شایانی باسه؛ پاشنیوه‌ڕۆی دوێنێ چوارشه‌ممه ڕووداوێکی ته‌قه‌کردن له ناو ڕێستۆرانتێکی شاری هه‌ولێر ڕووی دا و تیایدا جگه له‌و دیپلۆماتکاره‌ی تورکیا هاووڵاتییێکی هه‌رێمی کوردستان کوژرا و هاووڵاتییێکی دیکه‌ش بریندار بوو که به‌هۆی سه‌ختبوونی برینه‌کانی له نه‌خۆشخانه گیانی له‌ده‌ست دا.
دوای ڕووداوه‌که به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تیی ئاسایشی هه‌ولێر ڕاگه‌یه‌ندراوێکی بڵاو کرده‌وه و ڕایگه‌یاند که له ڕێستورانتێکی شاری هه‌ولێر ڕووداوێکی ته‌قه کردن ڕووی داوه و بووه‌هۆی گیان له‌ده‌ستدانی کارمه‌ندێکی کونسووڵخانه‌ی تورکیا و هاووڵاتییێک و برینداربوونی یه‌کێکی دیکه‌ش.
به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تییه‌که ئاماژه‌ی به‌وه‌ش کردووه: "له هه‌مان کاتدا هاووڵاتییانی هه‌ولێر و به تایبه‌تیش دیپلوماتکاران دڵنیا ده‌که‌ینه‌وه که ڕێگه ناده‌ین دۆخی ئارام و ئاسایشی هه‌رێمی کوردستان تێک بدرێت. لێکۆڵینه‌وه‌ش له ڕووداوه‌که ده‌ستی پێکردووه و تاوانبارانیش به سزای خۆیان ده‌گه‌ن."
هاوکات هه‌ریه‌که له سه‌رۆکایه‌تییه‌کانی هه‌رێمی کوردستان و حکوومه‌ت و په‌رله‌مانی کوردستان ئیدانه‌ی ڕووداوه‌که‌یان کرد و داوایان له هێزه ئه‌منییه‌کان کرد په‌له بکه‌ن له دۆزینه‌وه‌ی تاوانبارانی پشت ڕووداوه‌که.
تا ئێستاش هیچ لایه‌نێک به‌رپرسیارێتیی خۆی له ڕووداوه‌که ڕانه‌گه‌یاندووه.
کۆدی هه‌واڵنێر: 60103
Your Comment