به‌پێی هه‌واڵی کوردپرێس، ئێواره‌ی ڕۆژی چوارشه‌ممه 17ی ته‌مووزی 2019 نێچیرڤان بارزانی سه‌رۆکی هه‌رێمی کوردستان له هه‌ولێر پێشوازی له ماتیۆ تۆله‌ر باڵیۆزی ئه‌مریکا له عێراق و شاندی یاوه‌ری کرد.
له کۆبوونه‌وه‌که‌دا باڵیۆزی ئه‌مریكا له عێراق پیرۆزباییی دامه‌زراندنی كابینه‌ی نوێی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستانی له نێچیرڤان بارزانی سه‌رۆكی هه‌رێمی کوردستان كرد و هیوای سه‌ركه‌وتنی بۆ خواست، هه‌روه‌ها نیگه‌رانیی خۆی بۆ "ڕووداوه تاوانكارييهكهى ته‌قه‌كردن له ڕێستۆرانتێكی هه‌ولێر و کوژرانی دیبلۆماتکارێکی تورکیا" ده‌ربڕی و پشتگیریی خۆی بۆ ئارامی و سه‌قامگیریی هه‌رێمی كوردستان نیشان دا.
به‌پێی نووسینگه‌ی ڕاگه‌یاندنی سه‌رۆکی هه‌رێمی کوردستان، له کۆبوونه‌وه‌که‌دا "په‌یوه‌ندییه‌كانی هه‌ولێر- به‌غدا و چاره‌سه‌ركردنی ده‌ستووريى كێشه‌كان، په‌ره‌پێدانی زیاتری په‌یوه‌ندییه‌كانی هه‌رێمی كوردستان و ئه‌مریكا، به‌رده‌وامیی هاوكاریی نێوان هه‌رێمی كوردستان و عێراق و هاوپه‌یمانان بۆ به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ى تیرۆر له‌و ناوچانه‌ی مه‌ترسیی سه‌رهه‌ڵدانه‌وه‌یان هه‌یه و هاندانی كۆمپانیاكان بۆ به‌شداری كردن له ئاوه‌دانكردنه‌وه‌ی ناوچه زیانبه‌ركه‌وتووه‌كان خرایه به‌ر باس و گفتوگۆ".
لای خۆیه‌وه نێچيرڤان بارزانى سه‌رۆکی هه‌رێمی کوردستان سوپاسى پشتگيرى و هاوكارييه‌كانى ئه‌مريكاى بۆ هه‌رێمى كوردستان و عێراق كرد و ئاماده‌ييى هه‌رێمى كوردستانی بۆ چاره‌سه‌ركردنى كێشه‌كان له‌گه‌ڵ حكوومه‌تى فيدراڵى عێراق له‌سه‌ر بنه‌ماى ده‌ستوور ده‌ربڕی.
تاوتوێ كردنی دۆخی ناوچه‌كه به گشتی و پرۆگرامی داهاتووی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان له به‌رده‌وامیدان به چاكسازییه‌كان و ڕێكخستنه‌وه‌ی وه‌زاره‌تی پێشمه‌رگه لایه‌نێكی دیكه‌ی كۆبوونه‌وه‌كه بوو.
شایانی باسه؛ له ڕووداوی هێرشی ڕۆژی چوارشه‌ممه 17-7-2019ی هه‌ولێر که له ڕیستۆرانتێک ئه‌نجام درا کارمه‌ندێکی کۆنسووڵخانه‌ی تورکیا و هاونیشتمانییه‌ک به ناوی نه‌ریمان عوسمان کوژران و که‌سێکی دیکه‌ش به ناوی به‌شدار ڕه‌مه‌زان بریندار بوو که به‌هۆی سه‌ختی برینه‌که‌یه‌وه له نه‌خۆشخانه گیانی له‌ده‌ست دا.
کۆدی هه‌واڵنێر: 60103
Your Comment