کۆشکی سپی: فڕۆکەی F-35 بە تورکیا نادەین

بەشی تورکیا- دۆناڵد ترەمپی سەرۆکی ئەمریکا ڕایگەیاند ئەمریکا ناتوانێت فڕۆکەی ئێف 35 بە تورکیا بفرۆشێت کە هاوپەیمانی ناتۆیە لەبەر ئەوەی سیستەمی مووشەکیی ئێس 400ی لە تورکیا کڕیوە.

کوردپرێس:

ڕۆژی سێشەمە 16ی تەمووزی 2019 سەرۆکی ئەمریکا دۆناڵد ترەمپ لە کۆبوونەوەی کابینەکەی لە کۆشکی سپی لەسەر پرسی کرینی سیستەمی بەرگری ئاسمانی S-400 لەلایەن تورکیا لەبارەی F-35 هەڵسەنگاندنی خۆی کرد و ڕایگەیاند لە سەردەمی باراک ئۆبامادا سیستەمەکانی پاتریۆت بە تورکیا نەفرۆشراوە و بەوهۆیەوە رەخنەی لە ئیدارەی پێشوو گرت و رایگەیاند بەو هۆیەوە تورکیا سیستەمی S-400ی لە رووسیا کڕیوە.

ترەمپ ئاماژەی بەوە دا کە ئەوان لەو دۆخەی تورکیا تێدەگەن کە تێی کەوتووە و گوتی، "ئەو دۆخەی ئەوانی تێدان زۆر سەختە، ئێمەش وەک ئەمریکا کەوتووینەتە دۆخێکی سەختەوە؛ ئەمریکا، ناتوانێت فڕۆکەی جەنگیی F-35 بە تورکیا بفرۆشێت کە هاوپەیمانی ناتۆیە لەبەر ئەوەی سیستەمی مووشەکیی لە ڕووسیا کڕیوە. دۆخێکی زۆر سەختە بەڵام لەسەری کار دەکەین دەیبینین کە چی ڕوودەدات بەڵام ئەمە هیچ دادپەروەرانە نییە".

هاوکات گوته‌بێژی وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی ئه‌مریكا مۆرگان ئۆرتاگوس له‌باره‌ی دژكرده‌وه‌ی وڵاته‌كه‌ی دژ به‌ توركیا به‌ هۆی كڕینی سیسته‌می به‌رگریی مووشه‌كی S-400ه‌وه‌ رایگه‌یاند: "تا ئێستا له‌سه‌ر جۆری گه‌مارۆكان (بۆ سه‌ر توركیا) هه‌ڵسه‌نگاندنێك نییه‌ و پێشتریش رایناگه‌یه‌نین".

ئۆرتاگوس كه‌ له ‌باره‌گای وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی وڵاته‌كه‌ی له‌ كۆنگره‌یێكی رۆژانامه‌وانیدا قسه‌ی بۆ میدیاكاران ده‌كرد، له‌باره‌ی پرسی توركیا و كڕینی سیسته‌می به‌رگری مووشه‌كی ئاسمانی S-400ه‌وه‌ روونكردنه‌وه‌ی دا.

گوته‌بێژی وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی ئه‌مریكا رایگه‌یاند "وه‌زیر (مایك پۆمپیۆ) و سه‌رۆك (دۆناڵد تره‌مپ) به‌ پێی یاساكانی ئه‌مریكا دۆخه‌كه‌ هه‌ڵده‌سه‌نگێنن و هه‌موو بژارده‌كانی تاوتوێ ده‌كه‌ن. ده‌رئه‌نجام هه‌ر شتێك بێ ئێمه‌ به‌ ئاشكرا لێره‌ رایده‌گه‌یه‌نین. له‌باره‌ی كڕینی فڕۆكه‌ی F-35 ئه‌مڕۆ گوێتان له‌ قسه‌كانی سه‌رۆك تڕه‌مپ بوو. تا ئێستا له‌سه‌ر جۆری گه‌مارۆكان (بۆ سه‌ر توركیا) هه‌ڵسه‌نگاندنێك نییه‌ و پێشتریش رایناگه‌یه‌نین".

*لە ئاژانسی ئانادۆڵ وەرگیراوە

News Code 65055

Your Comment

You are replying to: .
captcha